سەردێر

هێرشی فڕۆكە خۆكوژەكانی ئەڵمانیا و ژاپۆن

خەڵك- بەشی هەواڵ

لە كۆتاییەكانی جەنگی دووەمی جیهاندا هێرشی فڕۆكە خۆكوژەكانی ژاپۆن ترسی لە دڵی ئەمریكییەكان دروستكرد لە زەریای ئارام، چونكە خۆكوژە ژاپۆنییەكان دوودڵ نەبوون لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە خۆكۆژییەكان لە رێگای بەكارهێنانی فرۆكەكانیانەوە بۆ سەر تاوەر و فڕۆكە هەڵگرەكانی ئەمریكا.

مێژوو ژمارەیەك هێرشی سەركەوتووی تۆماركردووە كە فڕۆكەوانە خۆكوژە ژاپۆنییەكان بە فڕۆكەكانیان كردوویانە، لە دیارترینیان هێرش بۆ سەر فڕۆكەهەڵگری ئەمریكی یو ئێس ئێس بوكنر هێڵ لە ئایاری 1945 و بووەهۆی كوژرانی سەدان كەس.

لەگەڵ پشت بەستنی ژاپۆنییەكان بە گەیاندنی زیانی گەورەی ماڵی و گیانی بە ئەمریكییەكان لە زەریای ئارام لە رێگەی هێرشی خۆكوژی فڕۆكەوە، ئەڵمانیا لە شوباتی 1944 چوو بۆ تاوتوێكردنی توانای بەكارهێنانی فڕۆكەوانی خۆكوژ لە ئەوروپا بۆ ئاستەنگكردنی پێشڕەوی نەیارەكانی بەتایبەت لە بەری خۆرهەڵات كە چەند گۆڕانكارییەك لە شەڕەكان لەو ناوچانە روویان دابوو.

ئەڵمانیا بیرۆكەی دروستكردنی یەكەی فڕۆكەوانە خوكوژە ئەڵمانیەكانی داهێنا لە ژمارەیەك سەربازی ئەڵمانی و ئەفسەری هەواڵگری و ئۆپەراسیۆن لەوانە هانس خواكیم بەرپرسی هێزی ئاسمانی و فڕۆكەوانی ناسراو هانا رایتچ.

ئەڵمانیا لەسەرەتای پێكهێنانی یەكە خۆكوژییەكەدا هەمووان بڕیاریاندا بە بەكارهێنانی فڕۆكەی ماسرشمیت می 328، بەڵام دواتر شكستی هێنا بەهۆی خێراییەكەی و نەبوونی توانای گواستنەوەی گەورەی تەقەمەنی.

دواتر ئەڵمانیا چوو بۆ فڕۆكەی موشەك 103 ئار كە جۆرێكی پێشكەوتووە لە ڤی 1 كە یەك كورسی فڕۆكەوانی هەیە، بەڵام ئەویش كێشەی هەبوو بەهۆی نەبوونی توانای فڕۆكەوان لە كۆنترۆڵكردنی بەشێوەیەكی باش.

لەلایەكی دیكەوە بەشێكی زۆر لە فەرماندەكانی هێزی ئاسمانی ناڕازی بوون لە دروستكردنی یەكەی خۆكوژی، دەیانگوت ئەم بیرۆكەیە، بە هەدەردانی فڕۆكەوانەكانی ئەڵمانیایە كە ماونەتەوە.

بەهۆی ئەم دوودڵییەوە ئەڵمانیا لە كۆتایی جەنگی دووهەمی جیهاندا لەگەڵ نزیكبوونەوەی سوپای سوری سۆڤێت لە بەرلین پشتی بەست بە فڕۆكەی ماسرشمیت بی ئێف 109.

بەپێی سەرچاوەكان، 35 فڕۆكەی ئەڵمانی بەشداری ئەم ئۆپەراسیۆنی خۆكوژییەیان كردووە، توانیویانە دەیان پرد و رێگا بۆ دواخستنی پێشڕەوی سۆڤێت بۆ بەرلین وێران بكەن.