سەردێر

بەریتانیا لە ترسی سەدام ویستی پشت لە كورد بكات

خەڵك- ئامەد حەسەن

بەڵگەنامەیەكی نهێنی حكومەتی بەریتانیا ئەمڕۆ ئاشكرابوو كە بەریتانیا لە سەردەمی سەرۆك وەزیران جۆن مێجەردا گومانی لە دروستبوونی شەڕێكی دیكە هەبووە لە دژی عێراق بە سەركردایەتی ئەمریكا و بیری لە راگرتنی پشتیوانییەكانی كورد كردووەتەوە، بە ئامانجی خۆلادان لەو شەڕە گەورە كە گومانیان لە توانای خۆیان هەبووە لە راگرتنی سەدام لە هەرێمی كوردستان.

بڵاوكردنەوەی ئەم نامە نهێنییەی ئەرشیڤی نیشتمانی بەریتانی بۆ یەكەمجار بە یەكێك لە بەڵگەنامە گرنگەكان دادەنرێت لە ساڵانی دوایی ویلایەتی جۆن مێجەر لە 1995 تا 1997.

جۆن هۆڵمز سكرتێری تایبەتی مێجەر هۆشداری داوە كە ئەمریكییەكان هەوڵ دەدەن بۆ وەڵامدانەوەیەكی سەربازی فراوان لە حاڵی گرتنی هەرێمی كوردستان لەلایەن هێزەكانی سەرۆكی پێشووتری عێراق سەدام حوسێنەوە.

لە نۆڤەمبەری 1996 پێش كۆبونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ وارن كریستۆفەر وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە سەردەمی بیل كلینتن ناوبراو نوسی “كردەوەیەكی سەربازی لەم جۆرە بە ئاسانی پشتیوانی ناكرێت” بەپێی فرانس پرێس.

ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لەناویان بەریتانیا هەستان بە دروستكردنی ناوچەی ئارام و قەدەغەی فڕین لە هەرێمی كوردستان كە كوردەكان كۆنترۆڵیان كردبوو.

ناوچەكە لە ژێر هەڕەشەی هێزە عێراقییەكاندا بوو، پێش چەند مانگێك سوپای عێراق چووبووە ئۆپەراسیۆنێكی فراوانەوە لە هەرێمی كوردستان بەهۆی گورزی ئاسمانی ئەمریكی وەشێنران.

هۆڵمەز نوسیویەتی: بابەتێك بوو بۆ ئێمە و ئەمریكییەكان كە لەسەرمان بوو پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان رابگرین.

ئەم یاداشتە نەبوونی خواستی لەندەن لەو كاتەدا بۆ زیاتركردنی كردەی سەربازی فراوان ئاشكرا دەكات.

هۆڵمەز دەڵێت: ئەمریكا ناتوانێت ئەم شەڕە بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، بژاردەیەكی دیكەمان نەبوو، بۆ هیچ كاممان ئامادەیی نەبوو بۆ هەوڵی سەربازی راست یان دابینكردنی داهات بۆ راگرتنی سەدام لە هەرێم لە حاڵی هەوڵێكی لەوجۆرە هاوپەیمانییەكەمان وێران دەبوو.

لە هەمان كاتدا هۆڵمەز دەڵێت دان نان بە نەبوونی توانای ئەمریكا لە ئایندە لە ئێستادا گریمانەیەكی زۆر قورسە.

مارگریت تاچر پێش مێجەر سەرۆكوەزیران بووە لە كاتی دەستپێكردنی جەنگی یەكەمی كەنداو لە وەڵامی هەڵمەتی داگیركاری كوێت لە 1990.

مێجەر لە نۆڤەمبەری 1990 بووە بە سەرۆك وەزیران لەو كاتەی هێزەكانی بەریتانیا لە پاڵ ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی هاوپەیمان لە دژی عێراق بەشداربوون تا شوباتی 1991.

پارتی كرێكاران بە سەرۆكایەتی تۆنی بلێر لە 1997 توانی هەڵبژاردن بباتە لە دژی مێجەر.

بلێر پشتیوانی جۆرج بوش سەرۆكی ئەمریكای كرد لە جەنگی دژی عێراق لە 2003، كە جۆرج بۆشی باوك سەرۆكی ئەمریكا بوو لە جەنگی یەكەمی كەنداو هەر لە دژی عێراق لە 1990.

هەرێمی كوردستان لە 5ی ئاداری 1991 راپەڕینی دەستپێكرد و دواتر لە 19ی ئایاری 1992 یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرا و یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهات تا ئایاری 1994 كە شەڕی ناوخۆ دەستیپێكرد و دوو ئیدارەیی دروستبوو.

قەوارەی هەرێمی كوردستان لەلایەن هاوپەیمانانەوە دەپارێزرا كە بەپێی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناوچە دژەفڕین دیاریكرا.