سەردێر

دوو شەپۆلی سەرما و بەفربارین هەرێمی كوردستان دەگرنەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
دوو شەپۆلی سەرما و بەفر بارین لە ناوەڕاستی مانگی داهاتووەوە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرنەوە و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: “ئەم ڕەشەبا و سەرمایە سبەینێ‌ كۆتایی دێت”.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، خێرایی با لە ئاڕاستەی باكور و باكوری خۆرھەڵاتەوە لە بەشێكی ناوچەكانی هەرێم چالاكە، بەڵام ئەم چالاكیە تا پێش نیوەڕۆی سبەینێ پێنج شەممە ٣١ ی ١٢ ی ٢٠٢٠ بەردەوامی ئەبێت و لە كاتەكانی دواتردا كاریگەری ھێز و توندی با كەمدەبێتەوە.

جەختیشی كردۆتەوە، پێش نیوەڕۆی سبەی كاریگەری ئەو با توندەی لەسەر ناوچەكانی ڕۆژھەڵاتی ھەرێمە كاریگەری كەم دەبێتەوە و ئاسمانی ھەرێم ساماڵ ئەبێت و پلەكانی گەرما بەبەرزی ئەمێننەوە.

پێشبینی ئەوەش دەكات، “لە نێوان ڕێكەوتی ١٧ی ١ی ٢٠٢١ بۆ كۆتایی مانگەكە پێشبینی ھاتنی دوو شەپۆلی سەرما و بەفر بارین ئەكرێت لەناوچەكانی عیراق و ھەرێمی كوردستان”.