خەڵك- بەشی هەواڵ
بەپێی پێشبینی شارەزایانی كەشناسی، سبەینێ لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان خێرایی با زیاد دەكات بەتایبەتی لە لەناوچەكانی ڕۆژھەڵات و باكوری ڕۆژھەڵات و پلەكانی گەرماش لە چەند ناوچەیەك دەچنە ژێر سفری سیلیزی.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، سبەینێ چوار شەممە ٣٠ی١٢ی٢٠٢٠ ئاسمانی ھەرێم ساماڵ و ڕوون ئەبێت، پلەكانی گەرما بە رێژەی ١ تا ٢ پلەی سیلیزی زیاتر ڕوو لەبەرزبوونەوە دەكات و خێرایی با ئاسایی ئەبێت لەناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور و باكووری ھەرێم ٥ -١٢ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا بە ئاڕاستەی جیاجیا.
ڕاشیگەیاند، لەكاتەكانی ئێوارە و شەوی چوار شەممە لەناوچەكانی ڕۆژھەڵات و باكووری ڕۆژھەڵاتی ھەرێم واتا ناوچەكانی سنوری (پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین و ناوچە سنورییەكانی ڕۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر) لەكاتەكانی بەرەبەیانی سبەینێ خێرایی با لە ئاڕاستەی باكوور و باكووری ڕۆژھەڵاتەوە ڕوو لە چالاكبوون ئەكاتەوە و چالاكیەكە زیاتر ئەبێت بەخێرایی ١٥ تا ٢٥ كیلۆمەتر زیاتر لە كاتژمێرێكدا.
جەختیشی كردۆتەوە، لەناوچە شاخاوییەكانی ناوچەكە بەتایبەت ناوچە سنوورییەكان خێرایی با توندتر ئەبێت و ئەبێتە ھۆی نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما لەكاتی شەو و بەرەبەیاندا .
دەشڵێت: “سبەینێ نزمترین پلەی گەرما لە ناوچە شاخاوییەكان تۆمار دەكرێت بەجۆرێك لە حاجی ئۆمەران ١ / ٦- پلەی سیلیزی و پیرەمەگروون ١ / ١٠- پلە و قەندیل ٠ / ٧- پلەی سیلیزی دەبێت”.