ئایا مامۆستایان دەچنەوە هۆڵەكانی خوێندن؟
بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن سێ‌ بژاردە ئامادەكراوە

پڕۆسەی خوێندن سێ‌ بژاردە ئامادەكراوە

سەردێر

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردە و لیژنەی پەروەردەی پەڕلەمان چەند بژاردەیەكی بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە ساڵی نوێوە ئامادەكردووە و بڕیاریشیداوە بە كەمكردنەوەی پڕۆگرامی كیمیا بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی، بەڵام ئایا ئەگەر خوێندن دەستی پێكردەوە بەهۆی نەبوونی مووچەوە مامۆستایان پابەندی دەوام دەبن یان بایكۆت و خۆپیشاندان دەستپێدەكاتەوە؟

سێ‌ بژاردە بۆ پڕۆسەی خوێندن هەیە
لە سەرەتای ئەم مانگەدا لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەهۆی زۆربوونی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەكە لەناو مامۆستایان و خوێندكاران بڕیاریدا بە ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن تاوەكو 7-1-2021 و لەو كاتەدا كۆدەبنەوە بۆ دەركردنی بڕیاری نوێ‌ بەپێی دۆخی تەندروستی.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) لە ئێستادا بەهۆی دابەزینی ژمارەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا، كە ڕۆژانە وەزارەتی تەندروستی ئامارەكان بڵاودەكاتەوە، وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و لیژنەی پەروەردەی پەڕلەمان ڕەشنووسێكیان ئامادەكردووە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە 10-1-2021 و بۆ ئەوەش سێ‌ بژاردە بۆ شێوازی خوێندن ئامادەكراوە.

(خەڵك) زانیویەتی، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بابەتەکانی وەرزی یەکەم دەخوێندرێت و پۆلی 12ی ئامادەیی لە کوێ وەستاون لەو شوێنە دەست پێدەکەنەوە.

بۆ پۆلە ناکۆتاییەکان سێ بژاردە دیاری كراوە، كە بەپێی دۆخەکە یەک لەو بژاردانە پەیڕەو دەكرێت، كە بریتیە لە:
یەكەم: بەشێوەیەکی ئاسایی خوێندكاران وەک کاتی پێش کۆڕۆنا دەوام بکەن.
دووەم: هەر پۆلێک، کە ژمارەی خوێندكاری زۆرە بكرێتە دوو گروپ و هەر گروپێک هەفتەی سێ ڕۆژ دەوام بکات.
سێیەم: لەهەفتەیەک یەک ڕۆژ بۆ هەر پۆلێک دەوام بکرێت.

وەزیری پەروەردە: ڕەشنوسێكمان ئامادەكردووە
ئالان حەمە سەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بەیاوەری ڕاوێژكاران و بەڕێوبەرە گشتییەكان و بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا و پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی گەرمیان، لە هوتیل دیدەمانی شاری هەولێر كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتەكە، كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بە تاوتوێكردنی پلانی وەزارەت بۆ كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەروبوونەوەی كۆرۆنا و چۆنیەتی دەست پێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەكردووە، كە ڕەشنووسمان ئامادەكردووە بۆ دەستپێكردنەوەی ساڵی خوێندن.

بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی بەشێكی پڕۆگرامی وانەیەك لادەبرێت
بەپێی فەرمانێكی وزاری، كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دەرچووە، بڕیار دراوە بە هەڵپەساردنی هەردوو بەندی (9 و 12) لە پەرتووكی كیمیای پۆلی 12ی ئمادەیی زانستی.

هەر لە فەرمانە وزارییەكەدا هاتووە، “ئەم بڕیارە قوتابیانی دەرەكی و چاككردنی تێكڕایی نمرەش دەگرێتەوە و بڕیارەكەش تەنها بۆ ئەمساڵی خوێندنە”.

ئایا مامۆستایان بەبێ‌ مووچە دەوام دەكەن؟
هەرچەندە وەزارەتی پەروەردە بەنیازە دەست بە پڕۆسەی خوێندن بكاتەوە، بەڵام مامۆستایانی ناڕازی هەڕەشەی بایكۆت و خۆپیشاندان دەكەن و بەپێی ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، مامۆستایان دەڵێن: “بایكۆتی دەوام دەكەین و ناچینە هۆڵەكانی خوێندن بەبێ‌ مووچە”.

بەشێكی مامۆستایان ڕاشیانگەیاندووە، بە گیرفانی بەتاڵ ئامادەنین بچنە هۆڵەكانی خوێندنەوە لەكاتێكدا بەدرێژایی ئەمساڵ 5 مووچەیان پێ‌ دراوە، كە 4 مووچەیان بە لێبڕینەوە بووە و مووچەی 7 مانگی ئەمساڵ (4 و 5 و 6 و 7 و 8 و 11 و 12) دابەش نەكراوە.