سەردێر

یاسین مەحمود: دابەزینی بەهای دینار زیان بە 70%ی بازرگان و وەبەرهێن و هاووڵاتیان دەدات

خەڵك- بەشی هەواڵ
دوابەدوای بڕیاری بانكی ناوەندی عیراق بۆ دابەزینی بەهای دیناری عیراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكایی، كە دۆلارێك بەرامبەری 1450 دینار كراوە، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە بۆ ماوەی سێ‌ مانگ جوڵەی بازاڕ پەكدەخات و زیان لە70%ی بازرگان و وەبەرهێن و هاووڵاتیان دەدات.

یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ڕایگەیاند، ئەوەی پێشبینیمان كردبوو بەو جۆرە دەرچوو، كە بازاڕ بەم حاڵەی ئێستایەوە تاوەكو 3 مانگ دەمێنێتەوە و ڕێژەی 30%ی بازرگان و وەبەرهێنەران سوود لە دابەزینی بەهای دینار دەبینن، بەڵام 70%ی بازرگان و وەبەرهێن و هاووڵاتیان زەرەرمەند دەبن.

ڕاشیگەیاند، سێكتەری وەبەرهێنان زیانێكی گەورەی بەردەكەوێت لە دابەزینی بەهای دینار و وەبەرهێنەرە گەورە و مامناوەندەكان، كە سەرمایەیان لە 5 ملیۆن دۆلار تاوەكو ملیارێك دۆلارە زیانی گەورە دەكەن و ناچار دەبن لەئێستادا بوەستن، چونكە هەموو ئەو مۆڵەتی پڕۆژانە بە بەهای دینار دراوە بە وەبەرهێنەرەكان و خەمڵێنراوە.

ئاشكراشی كرد، بەهۆی ئەو جیاوازییە لە نرخی دۆلار و دینار، بە ڕێژەی 17 بۆ 20% گۆرانكاری لە بەهاكەیان كراوە، چونكە هیچ پڕۆژەیەك حسابی ئەوەی بۆ نەكراوە لەناكاو بەو ڕێژەیە بەهاكەی دابەزێت.

وتیشی، “پێویستە ئەنجوومەنی بالای وەبەرهێنان بەپەلە كۆببێتەوە، چونكە گۆڕانكارییەكی گەورە ڕوویداوە بەو پێیەی ئێستا بازاڕی كوردستان یەك ملیار دۆلار لە زەرەردایە لەكاتێكدا بازاڕی هەرێم بایی 4 ملیار دۆلار شتومەكی تیایە بەو واتایەی سەرمایەی ئەم وڵاتە بەڕێژەی 20 بۆ 25% بەهاكەی لەدەستداوە”.

یاسین مەحمود هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان و دەڵێت: “پێویستە هاووڵاتیان وریابن و نەكەونە هەڵەوە، چونكە ئەمە شتی تری لەپشتەوەیە وەك دەبینین چەند ڕۆژێكە بانكی ناوەندی دۆلاری كەم دەخاتە بازارەوە، بەڵام تازە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بۆ 147 هەزار بۆتە بڕیاری كۆتایی و وڵاتانی جیهان و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پشتیوانی دەكات، بۆیە هاووڵاتیان ئاگاداری ئەو بەرزی و نزمیە بن، كە چەند ڕۆژێكە لە نرخی دۆلار و دینار هەیە”.

سەبارەت بە زیانەكانی شكانی بەهای دینار ڕوونی كردەوە، بۆ ماوەیەكی زۆر جوڵەی بازاڕ دەوەستێت و سەدان هەلی كار لەدەست دەدەین، چونكە بایی دوو بۆ سێ‌ ترلیۆن دینار لە كەرەستە و خۆراك و پۆشاك لەبازاڕدایە و بەدینار دەفرۆشرێت و لەولاوە بە دۆلار قەرزدارە و دەبێت بیداتەوە، بەوەش نزیكەی 20%ی زەرەر دەكەوێتە سەر هەموومان، هەروەها پڕۆژەكان دەوەستن یان خاودەبنەوە و لە بازاڕی خانووبەرەش زیان زۆر دەكرێت، چونكە خەڵك هەیە 50 ملیۆن دیناری داناوە بیدات بە خانوو یان شوققە، بەڵام ئێستا بەهای دۆلار گران بووە و بەوەش ڕێژەی 20%ی بەهای پارەكەی كەمبۆتەوە و ناتوانێت یەكەی نیشتەجێبووون بكڕێت.

سەبارەت بە ڕێگاچارەكان، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران ئاشكرای كرد، دوو ڕێگاچارە بۆ هاووڵاتیان هەیە، ئەویش ئەوەیە، كە با هاووڵاتیان لە مامەڵەی ڕۆژانە لەبری ئەوەی پشت بە دینار ببەستن با ڕووبكەنە دۆلار و یۆرۆ بۆ مامەڵە و هەروەها دەبێت حكومەت هەنگاو بنێت تاوەكو گومرگ و نرخی كاڵا و خستنەڕوو لە بازاڕ ڕێكبكرێتەوە تا زیانی زۆر بە هاووڵاتیان نەگات.