سەردێر

“نزیكەی 192 هەزار كارتی نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان دەركراوە”

خەڵك- بەشی هەواڵ
لە ماوەی ساڵی 2020دا نزیكەی 192 هەزار كارتی نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەركراوە و بەڕێوبەری كارتی نیشتیمانی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت: “سلێمانی یەكەمی پارێزگاكانی هەرێمە لە پێدانی كارتی نیشتمانی بە هاووڵاتیان”.

مقدم شێركۆ ئەحمەد، بەڕێوبەری كارتی نیشتیمانی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە بەرواری ٢٠٢٠/١/٢ تا بەرواری ٢٠٢٠/١٢/٢٥ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە هەموو قەزا و ناحییەكانییەوە ١٩١ هەزار و ٥٢٠ كارتی نیشتیمانی بۆ هاووڵاتیانی سنوری پاریزگاكە دەركراوە.

وتیشی، “جیگای دڵخۆشییە هاووڵاتیان بە ڕێژەیەكی زۆر باش بەرەو بە ئەلیكترۆنی كردنی بەڵگەنامەكانیانەوە ئەچن بۆ كارئاسانی و بەكارهێنانی”.

جەختیشی كردەوە، بەم ئامارەش پارێزگای سلێمانی یەكەمی پارێزگاكانی هەرێمە، كە زۆرترین كارتی نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان دەركردووە.

بەڕێوبەری كارتی نیشتیمانی پارێزگای سلێمانی ئاشكراشی كرد، 5 فەرمانگە نەكراونەوە پێش بەهاری ساڵی ٢٠٢١ ئەو فەرمانگانەش دەكرێن بە كارتی نیشتیمانی و هاووڵاتیان دەتوانن دەست بە دەركردنی كارتی نیشتمانی بكەن.