سەردێر

پەڕلەمانی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

پەڕلەمانی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، شاندی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ بەغدا دواین ئەنجامی گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا بۆ پەرلەمان ڕوونكردەوە، دەشڵێت ،”حكومە‌تی هە‌رێم مەبەستی سەرەكی دانوستانەكانی رێككە‌وتنە‌ لە‌گە‌ڵ عێراق و جێبە‌جێكردنی پڕۆژە‌یاسای بودجە‌ی (٢٠٢١)ە، ئە‌وە‌ بژاردە‌ی سە‌ركیمانە”.

پەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لە سەردانەكەی ئەمڕۆی شاندی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ بەغدا بۆ پەڕلەمانی كوردستان دواین ئەنجامی گفتوگۆكانیان لە گەڵ بەغدا ڕوونكردووە، پەڕلەمان پاڵپشت و پشتیوانیی شاندەكە دەكات بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم و چارەسەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولادا.

شاندی دانوستانكار دواین ئەنجامی گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا بۆ پەرلەمان ڕوونكردەوە:

سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمه 2020/12/28، د.هێمن هەورامی جیگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەئامادەبوونی منی نبی قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان، پێشوازیی لەشاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، بەسەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران كرد.
لەكۆبوونەوەكەدا كەسەرۆكی فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمان و سەرۆكی لیژنەكانی (كاروباری یاسایی، دارایی و كاروباری ئابووری، وزەو سامانە سروشتییەكان)و ئەندامانی شاندی دانوستانكار ئامادەی بوون، د.هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێـم، سوپاس و ستایشی پەرلەمانی كوردستانی بەسەرۆك و ئەندامانی شاندەكە گەیاندو هەوڵەكانی شاندەكەی بەرزنرخاند بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەچوارچێوەی دەستووری عێراق و راشیگەیاند: “پەرلەمانی كوردستان پاڵپشت و پشتیوانیی شاندەكە دەكات بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم و چارەسەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولادا”.
پاشان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ بەغدا، بەوردی و بەڕوونی تەواوی وردەكاریی گفتوگۆكانی شاندەكەی لەگەڵ حكومەتی بەغدا خستەڕوو و ڕاشیگەیاند: “لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی 9ی حكومەتی هەرێم تائێستا ‌چەندینجار سەردانی بەغدامان كردووە بەمەبەستی گفتوگۆكردن و رێككەوتن لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوولادا”.
گووتیشی: “لەسەر بودجەی گشتیی 2021ی عێراق، لەگەڵ حكومەتی عێراق رێككەوتووین و 12.67% وەك بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان جێگیر كراوەتەوە، ئێستا چاوەڕێین رێككەوتنەكە لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێنرێ و جێبەجێ بكرێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەگفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا باسیان لە‌پابە‌ندبوون بە‌‌یاسای كورتهێنانی دارایی كردە‌ووە، سە‌بارە‌ت بە‌پڕۆژە‌یاسای بودجە‌ش هەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە مانگانە ۲٥۰ هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوه ھە‌نارد بكرێت ‌”.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆكی حكومەت رایگەیاند: “حكومە‌تی ھە‌رێم مەبەستی سەرەكیی دانوستانەكانی رێككە‌وتنە‌ لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق و جێبە‌جێكردنی پڕۆژە‌یاسای بودجە‌ی (٢٠٢١)ه، ئە‌وە‌ بژاردە‌ی سە‌ركیمانە و دەخوازین سەرجەم كێشەكان لەچوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكرێن”.
ئەوەشی ئاشكراكرد كه ‌ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم لەقۆناغی كۆتاییدایەو لەداهاتوویەكی نزیكدا دوای تەوابوونی رێكارەیاساییەكانی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت بەمەبەستی ‌گفتوگۆكردن و پەسندكردنی، گووتیشی: “حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر رشدە لەسەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی”.
دواتر لەلایەن سەرۆك فراكسیۆنەكان و سەرۆكی لیژنە تایبەتمەندەكان و ئەندامانی پەرلەمانی ئامادەبوو، دوای خستنەڕووی سەرنج و تێبینییەكانیان لەسەر روونكردنەوەكانی سەرۆكی شاندی دانوستانكارو ئەندامانی، چەندین پرسیار ئاراستەی جێگری سەرۆكی حكومەت و شاندی یاوەری كران و ئەوانیش وەڵامی پێویستی سەرجەم پرسیارەكانیان دایەوە.
لەكۆتاییدا د.هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، وێڕای دەستخۆشیكردن لەسەرۆك و شاندی دانوستانكار بۆ ڕوونكردنەوەكانیان و وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی پەرلەمانتاران، هیوای خواست پەلە بكرێت لەناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم بۆ پەرلەمان و هەروەها له ‌ناردنی راپۆرتەكانی تایبەت بەجێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، گووتیشی: “ئێمە وەكو سەرۆكایەتیی پەرلەمان بە بەیانێك كۆتایی وەرزی پایزەی ساڵی دووەمی خولی پێنجەم لەچەند رۆِژی ئایندە ڕادەگەیەنین، وەكو دەستەی سەرۆكایەتی بڕیارمان ئەوەیە لەدوای 2020/1/3 و بەپێی مادەی (8) لەپەیڕەوی ناوخۆ چەند دانیشتنێكی نائاسایی بكەین لەسەر بەشێك لەو ئەركانەی كە لەم وەرزەدا مابوونەوە”.