سەردێر

نرخی غاز لەهەرێمی کوردستان بەرزبۆوە

هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری لەنرخی دۆلار و دینار

خەڵک-ئارام سەردار

لەگەڵ دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار، ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستان نرخی غاز بۆ هەر بوتڵێک هەزار دیناری چووەتەسەر، بریکارانی دابەشکردنی غازیش ڕایدەگەیەنن بە هەشت هەزار و ٥٠٠ دینار غاز دەگەیەنن بەماڵان.

بێستون سلێمان یەکێک لە بریکارانی فرۆشتنی غازی ماڵان بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی چوونیان بۆ پڕکردنەوەی غاز لەلایەن کۆمپانیاوە پێیان ڕاگەیەنراوە دەتوانن هەر بوتڵێک غاز بە ٧ هەزار و ٥٠٠ دینار باربکەن، لەکاتێکدا پێشتر بەم نرخە ئێمە بەهاوڵاتیانمان دەفرۆشت و بە ٦ هەزار و  ٥٠٠ دینار بارمان دەکرد.

 

دەشڵێت، ئێستا ئێمە دەتوانین غاز بۆ ماڵان بە ٨ هەزار و ٥٠٠ دینار بفرۆشین، چونکە لەسەر ئێمە هەزار دینار گران بووە.

بۆزانیاری زیاتر پەیوەندیمان کرد بە ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنی لەهەولێر، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکەی نەدایەوە.

 

هۆکاری گرانبوونی غاز دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری لەنرخی دۆلار و دینار، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی تایبەت بە غاز، بە دۆلار غاز لە کۆمپانیای داناگاز دەکڕن و بە دینار دەیفرۆشنەوە، ئەوانیش ناچارن بە گرانتر بیفرۆشنەوە و وایکردوە بۆ هەر بوتڵێک هەزار دینار گرانتر بێت، بۆیە ئێستا نرخی غاز بۆ 8 هەزار و 500 دینار بەرزبۆتەوە.