سەردێر

سەركردەیەكی پەیەدە: هێرشی توركیا بۆ سەر عەین عیسا بەڕەزامەندی روسیایە

خەڵك- بەشی هەواڵ

سەركردەیەكی پەیەدە ڕایگەیاند: توركیا بەنیازە عەین عیسا كە ناوەندی ستراتێژیكی رۆژئاوای كوردستانە رداگیر بكات.

بێریڤان حەسەن ئەندامی دەستەی سەركردایەتیی پارتی یەكێتیی دیموكرات (پەیەدە) و هاوكات هاوسەرۆكی ئەم حیزبە لە ناوچەی فورات بۆ ئاژانسی كوردپرێس وتی: هێرشەكانی توركیا و گرووپە چەكدارە سورییەكانی سەربەو وڵاتە دژ بە عەین عیسا درێژەی هەیە و هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەكرێت و ئەمەش لە كاتێكدایە كە جگە لە خەڵكی عەین عیسا ئاوارەكانی ناوچەی گرێ سپی و سەرێ كانیش لە عەین عیسادا دەژین.

ناوبراو وتیشی: توركیا پێبەندی ئاگربەستەكان نەبووە و پێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەكان هەنگاو هەڵدەگرێت و بە هێرش كردنە سەر عەین عیسا هەڕەشە لە گیانی خەڵكی مەدەنی دەكات.

ئەو سەركردەیەی پەیەدە وتی: ڕوسیا و حكومەتی سوریا بەرپرسیارێتیی خۆیان لەبارەی عەین عیسا جێبەجێ ناكەن و ئەمەش دەریدەخات هێرشەكانی توركیا بە ڕەزامەندیی ڕوسیا ئەنجام دەدرێت.