سەردێر

گۆمی بێكۆدیان

خەڵك

گۆمی بێكۆدیان، ناوچەیەكی گەشتیاریی شاخاوی سەرنج ڕاكێشی هەرێمی كوردستانە، كـــە دەكەوێتە چیای حەسار لە دەڤەری باڵەكایەتی سەر بە پارێزگای هەولێر، ناوی بێكۆدیان لەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ساڵانە كۆچەرییەكانی ناوچەی بیتوێن دێنە سەر ئەو گۆمە ڕەشماڵەكانیان لەوێ هەڵدەدەن، كە پێیان دەڵێن بێ كۆدی تیرەن و لە عەشیرەتی ئاكۆن.

ئەو گـــۆمە دیمەنێكی هێندە جوان و دڵڕفێن و دڵڕاكێشەری هەیە، هەموو كەسێك حەزئەكات بۆ چەند خولەكێكیش بێ بیبینیێ.
ئــاوێكی سازگار و كەللەتەزێنی هەیە، هەڵكەوتەی گۆمەكە جوانییەكی تری بەخشیوە بە گۆمەكە، بەفرپۆشی چواردەوری گۆمەكە وەك بوكێكی دڵگیر گۆمەكەی نەخشاندووە.

گوڵ و سەوزایی ڕەنگین و پڕ بۆن و بەرامە، كە ناوچەیەكی كوێستانییە زیاتر گۆمەكەیان ڕازاندۆتەوە.

بەرزییە بەفرینەكان و لوتكە سەختەكانی دەوری گۆمەكەش، جوانییەكی ترن بۆ گۆمەكە، بۆیەش خەڵكێكی زۆر بۆ خۆشی، چێژوەرگرتن لە دیمەنەكانی ڕێگا، وێنەگرتن، مەلەكردن و وەرزشی جەستەیی و دەروونی و ڕووی تێدەكەن.

ئەو گۆمە دەكەوێتە خۆرهەڵاتی قەزای چۆمان بە بەزری 3198 مەتر لەیٔاستی ڕوی دەریاوە دەكەوێتە كۆتا سنوری عێراق-ئێران بەدوری 2 كیلۆمیتر.

قوڵیی گۆمەكە 13 مەترە ، درێژی گۆمەكە 200مەترە، پانیشی 150مەتر، رووبەرەكەی زیاتر لە 20000 مەتر دووجایە، چەندین ڕێگای هەڵگەڕان هەن. بۆ گەییشتن بەم سروشتە جوانە، كە هەرچوار وەرزی ساڵ، شاخەوانان گەشتیاران ڕوی تێ دەكەن، بەمەبەستی بەسەر بردنی كاتێكی خۆش و چێژوەرگرتن لە دیمەنە جوانەكانی (ئاوڕێژەكان و دۆڵ و نشێوە سەوزو گوڵە بۆندارەكان و لوتكە سەخت و بەرزەكان)

ڕێگاكانی سەركەوتن بۆ گۆمی بێكۆدیان: ڕێگای گوندی سەكران، ڕێگای وێزە ، ڕێگای دۆڵی باڵەیان سەرشێخان ، ڕێگای پڕژە ، ڕێگای ئاوڕێژی كانیە ڕەش.

زۆرترین ڕێبەری گەشتیاری یاخود گەشتیاران ڕێگای تاڤگەی”ساج”-كانیەڕەش هەڵدەبژێرن، چونكە ڕێگایەكی خۆشتر و سەلامەتترە سەرەڕای دووری ڕێگاكە، ڕێگاكە پڕیەتی لە سەڕچاوەی ئاوی سروشتی، بۆئەوەی شاخەوانان و گەشتیاران بتوانن ســودی لێ ببینن لەكاتی سەركەوتن لەهەر سێ وەرزی بەهار ، هاوین ، پایز .

بــۆ سەركەوتن سەرەتا بە ئۆتۆمبێل20كیلۆمتر لە چۆمان دەڕۆیت تا دەگەیتە ئاوی “پڕژە” لەوێوەش، لە حەوزی ئاوی چۆمان لەپڕژە بەپیادە دەڕۆیت كە ڕێگاكە12 كیلۆمترە بەماوەی 6-8 كاتژمێر دەگەیتە سەر گۆمی بێكۆدیان.

 

كەسانێكی بەئەزمون هەن لە ڕێبەری كردن، بەمەبەستی هاوكاری و ڕێنیشاندان و دەستنیشانكردنی باشترین كات و چۆنیەتی پێڕەو و شێوازی شاخەوانی بۆ سەركەوتن گەیاندنی هەر پێداویستییەكی شاخەوانی.
ئامادەكردن: كارۆخ عەلی، شاخەوان حەمەد