سەردێر

سەید سادق .. زادگەی گەلە زاگرۆسییەکان

خەڵک

سەید سادق، بەناوی پیاوچاکێک بە ناوی «سەید محەممەد سادق کوڕی شێخ عیسای بەرزنجە کوڕی بابا عەلی ھەمەدانی» ناو نراوە کە گۆڕەکەی بە سەر شاخی سەید سادقەوەیە.

سەید سادق برای شێخ عەباس بووە کە گەڕەکی شێخ عەباسی شاری سلێمانی بەناوی ئەوەوە ناو نراوە ھەروەھا برای سوڵتان ئیسحاقە کە کاکەییەکانیش بە ڕێبەرێکی گەورەی خۆیانی دەزانن .

سیەدی سادق کە ناوەندی ناوچەی شاره‌زوورە له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی گه‌له‌ زاگرۆسییه‌كان بووه‌ وه‌ك،( گۆتی – لۆلۆ )، سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن (لۆلۆكان) له‌هه‌زاره‌ی چواره‌می پێش زایین له‌شاره‌زوور ژیاون و حوكمڕانیان كردووه‌.

له‌سه‌رده‌می ئاشوورییه‌كاندا شاره‌زوور مه‌ڵبه‌ندی وڵاتی (زاموا) بووه، ئه‌وه‌ی به‌شاره‌زووردا گوزه‌ر بكات ژماره‌یه‌كی زۆر ته‌پ و گردۆڵكه‌ی ده‌ستكرد سه‌رنجی ڕاده‌كێشن، گومانی تێدا نییه‌ ئه‌و گردانه‌ زۆربه‌یان قوله‌ و قه‌ڵا و شوێنی حوكمڕانی و دانیشتنی ده‌سه‌ڵاتداران بوون و بایه‌خی گه‌وره‌یان بووه‌.

ده‌رباره‌ی ناوی شاره‌زوور چه‌ند بۆچوونێك هه‌ن

-لەکتێبی شەرەفنامەدا بەناوی (شهرەزول) هاتووە کەبووە بە(شەهرەزور ) کە بەمانای شارێکی گەوورە دێت.

-هەروەها یاقووتی حەمەوی کەلەبوولدانی وەرگرتووە لەسەدەی چوارەمی کۆچیدا ژیاوە، دەڵێت؛ شارەزوور دەکەوێتە هەرێمی چوارەمەوە، شوێنێکی گەورەیە و پڕ لە خانووە بەگوند و شار دەورەدراوە، لەنێوان ئەربیل و هەمەداندایە، بۆچوونەکەشی لەسەر ناوی (زوری کوڕی زوحاک )بینادکردوە .

-موهەلهەل دەڵێت؛ شارەزوور شارێکی گەورە و پڕ دێهاتە و لەئێستادا پێی دەگوترێت (نیم ئەزرای ) واتە(نیوەی ڕێگا)، هەروەها دەڵێت: ئەم شارە ئەستووری شوراکەی هەشت باڵەو دووپشکی کوشندەی تێدایە، کە لەدووپشکی نسیبین خراپترە لێرەدا شاخێک هەیە بەناوی شەعران (هەورامان) شارەکەش لەنێوەڕاستی ڕێگاکەدا بووە، لەنێوان (مەدائینن) و پەرستگای ئاگری لە(شیز) لەئازەربایجان قوبادی کوڕی فەیرۆز درووستی کردوە، ئەم ڕایەش ڕەنگە لەسەر پاشماوەی قەڵای خورماڵ بنیاد نرابێ .

-ڕایەکی تر هەیە دەڵێت؛ ناوی شارەزوور لە(شهر) بەمانای شار دێ(زوور)یش بەمانای نزم دێت، واتە شاری نزم، ئەم ناولێنانەش لەگەڵ شێوەی نزمی دەشتی شارەزوور دەگونجێت .

-هەروها لەبەر ئەوەی سنووری شارەزوور فراوان بووە و چەندین شاروو گوندی ناوچەی گرتۆتەوە ئەم ڕایەش دەڵێت لە(شاری زۆرەوە) ناوەکەی هاتووە .

-ڕایەکی تریش دەڵێت؛ شارە زۆر، واتەشاری گران چونکە خەڵکەکەی یاخی بوون و مل نەدانیان پێخۆشبووە و بەئاسانی داگیر نەکراوە لەلایەن داگیر کەرانەوە بۆیە پێی گوتراوە شاری (زۆر)قورس یا گران.

-ئەدمۆز دەڵێت؛ شاری شارەزووری کۆن شوێنەکەی یان خورماڵی ئێستایە یان شوێنەواری یاسین تەپە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا بەتەواوەتی یەکلایی نەبۆتەوە کەئایا شارەکۆنەکەی شاری شارەزوور قەڵای خورماڵە یاخود گردی یاسین تەپە.

وەک زانراوە بەدرێژای مێژوو شارەزوور لانکەی شارستانیەت بووە و هەر لەم ناوچەیەدا مرۆڤ فێری کشتوکاڵ کردن بووە، یەکەمجار مرۆڤ لێرەوە کشتوکاڵی کرد، لە گردی بێستانسور کە شوێنەواری یەکەمین گوندی کشتوکاڵی لەلایەن تیمێکی زانکۆی ڕیدینگی بەریتانیەوە دۆزرایەوە کە مێژوەکەی بۆ ۹۰۰۰ ـ۱۰۰۰۰ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوەو بەو دۆزینەوەیەش بێستانسور بووە یەکەم گوند کە کشتوکاڵی لێکرابێت کە بە ۲۰۰۰ هەزار ساڵ پێش چەرمۆ کشتوکاڵی لێکراوە .

ئەوەی گرنگە باسبکرێت ئەوەیە ناوچە شوێنەوارییەکانی ئەم ناچەیە بەتەواوی پشتگوێ خراوەو تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئەو ناوچە شوێنەواریانە بپارێزرێن وەبەشێک لە مێژووی ناوچەکە و کورد لەناو شوێنەوارەکانی ئەم ناوچەیە پارێزراون، کە پێویستە لە مۆزەخانەیەکدا لە ناوچەکەدا نمایش بکرێت و مۆزەخانەیەک بۆ ناوچەکە دروستبکرێت کە تاوەکو ئێستا ئێمە لەم ناوچەیە خاوەنی مۆزەخانەیەکی حکومی نین .

 

سەرچاوەکان

1 – تالب دەرباز هەوارگەی شارەزوور چاپی یەکەم بەرگی دووەم

2_ جەمال شێخ نووری . شارەزوور لەمێژودا چاپی یەکەم

3_ سەروەر پێنجوێنی ، داگیرکردنی شارەزوور لەسێ هەڵمەتی فتوحاتی ئیسلامیدا ، گۆڤاری دابڕان . ژ ٤ ئەیلولی ۲۰۱٦

4_ کەمال نووری مەعروف ،بەڵگەهێنانەوە سەبارەت بە ڕەگوڕیشەی ناوی شارەزوور ، گۆڤاری کەلتور ، ژ ۷ ـ٨ ، ئەیلوولی ۲۰۱۲

فۆتۆ؛  شۆڕش وەهبی