سەردێر

گوندی دەشتێ‌ لە شارباژێڕی سەخت

خەڵك-

گوندی دەشتێ دەكەوێتە ناوچەی شارباژێڕی سەخت سەر بەقەزای ماوەت و پارێزگای سلێمانی و 75كیلۆمەتر لە شاری سلێمانی و 30 كیلۆمەتر لە قەزای ماوەتەوە دوورە، بە كاتژمێرو نیوێك لەسلێمانی و سیو پێنج خولەك لە قەزای ماوەتەوە دوورە.

گوندی دەشتێ یەكێكە لە نۆ گوندەكانی نۆدێی ئالان كە ئەم گوندانەن “گوێزڵێ ـ كانی خێڵ ـ دەشتێ ـ كوڕەڵەو بناوـ گرگاشێ ـ ماشان ـ شاناخسێ ـ دێرێی خواروو سەرووـ سورەبان”. واتە پێكهاتووە لەپێنج گوندەكەی گرگاشێ و چوار گوندی تر، خەڵكی ئەم ناوچەیە بە گرگاشێی ناسراون، ئەوەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە بنچینەی گوندی دەشتێ ـ كانی خێڵ ـ گوێزڵێ ـ ماشان، لە
گوندی گرگاشێ بووە و پایتەختەكەیان گرگاشێ بووە لەڕابردوودا وەكو هەوار گەرمیان و كوێستانیان كردووە.

جوگرافیای دەشتـــێ

گوندی دەشتێ لە باكورەوە هاوسنورە لەگەڵ گوندی كانی خێڵ و گوێزڵێ.
لەباشورەوە هاوسنورە لەگەڵ چەمی كەڵوێ ناسراو بە زێی بچوك بەرامبەر گوندەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەناوی گوێزڵێ ـ ڕەشەكان ـ سنجوێ ـ بێژوێ ـ دۆڵێ ـ گركی ـ كاكۆسان ـ كاوژان،
ئەم گوندانە سەر بەشاری سەردەشتن و چل خولەك دوورن لەو شارەوە، ئەم گوندانەش بەهەمان شێوه بە ئالانی سەردەشت ناسراون.

لەڕۆژهەڵاتەوە هاوسنورە لە گەڵ گوندی گرگاشێ و كوڕەلە و بناو
و لە ڕۆژئاواشەوە هاوسنورە لە گەڵ گوندی ئەزمەك و ئاوەكورتێ.

بژێووی دانیشتوانەكەی بەشێوەیەكی گشتی پێشتر لەسەر كاری سەرمەرز و ئاڵوگۆڕی شمەك و كەلوپەل بوە لەمبەروئەوبەری باشورو ڕۆژهەڵات وەكوئاڵوگۆڕی چا ـشەكر ـ ئارد ـ تایەی ئۆتۆمبێل ـ سوتەمەنی ـ ئاژەڵ لە چەند مەرزێك و دواتركاری ئاژەڵ داری و چاندنە.

خزمەتگوزاییە سەرەتاییەكان

لە ساڵی 1995وە دەست كراوە بەخوێندن لەم گوندە.
لە ساڵی 1994وە بنكەی تەندرووستی بۆكراوەتەوە.
ڕێگەوبانی قیرتاوی هەیە.

ژمارەی ماڵەكانی پێش ساڵی 2000نزیكەی 50ماڵ بوە
بەڵام دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق كەمبوەتەوە لە ئێستادا
25 ماڵ تێیدا دەژی.

ئامادەكردن: هاوژین عەلی