سەردێر

دووکان… چاوگی کەیف و سروور

چەند بۆچونێک ھەیە لەسەر ناوی دووکان کە لە چییەوە هاتووە

خەڵک

قەزای دووکان، یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی و ناوندەکەی شاری دووکانە.

دووکان سەرەتا گوندێک بووە سەربە ناحیەی سورداش لەسەر زێی بچووک، گرنگی و ناوبانگی دوکان دەگەڕێتەوەی بۆ ساڵی ١٩٥٦ کاتێک بڕیار درا بە دروستکردنی بەنداوی دووکان.

  ئێستا شارۆچکەیەکی گەورەیەو ناوەندی قەزای دووکانەو گرنگی تایبەتی ھەیە لەڕوی گەشت و گوزارەوە بەھۆی دەریاچە یاخود بەنداوی دووکان و ھەڵکەوتە جوگرافییەکەی.

چەند بۆچونێک ھەیە لەسەر ناوی دووکان کە لە چییەوە هاتووە، لەوانە دەگوترێت ناوی دوکان لە (دوو+ کان)ەوە ھاتبێت کە مەبەست لێی کانی بەرد بووە، ڕایەکی دیکە ھەیە دەڵێن لە (دوو + کانی)ەوە ھاتبێت، کە مەبەست لێی کانی ئاوە.

قەزای دووکان دەکەوێتە بەشی باکوری پارێزگای سلێمانی، لە باشووری کوردستان. قەزای دوکان لە باکووری ڕۆژهەڵات  ھاوسنوورە لەگەڵ قەزای پشتدەر، لە باکووری ھاوسنوورە لەگەڵ قەزای ڕانییە، لە ڕۆژهەڵات ھاوسنوورە لەگەڵ قەزای ماوەت و قەزای شارباژێڕ، لە باشوور لەگەڵ سلێمانی و لە باشووری ڕۆژئاوا لەگەل چەمچەماڵ، لە ڕۆژئاوا لەگەڵ قەزای کۆیە.

ناوەندی قەزایە، لەم ناحیەیانە پێکھاتووە؛

  • ناحیەی سورداش
  • ناحیەی خدران
  • ناحیەی بنگرد
  • ناحیەی پیرەمەگرون
  • ناحیەی خەلەکان

کەش و ھەوای قەزای دووکان زستانی سارد و بەفراوییە، ھاوینی مامناوەندە.

ڕووبەرەکەی ١٠کم چوارگۆشەیە، بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریا زیاتر لە ٧٨٠ مەترە.

ژمارەی دانیشتوانی قەزای دووکان بەپێی نەخشەی ژمارەی دانیشتوانی پێشبینیکراوی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کودستان بۆ ساڵی ٢٠١٨ لە (٥٠,٧٠٥) کەس پێک دێت.

فۆتۆ؛ شۆڕش وەهبی