سەردێر

پیرە قەڵا، باڵای نیشتمان

خەڵک

قەڵای ھەولێر، قەڵایەکی بازنەیی ڕووتەختە بە ڕووبەری ١٠٢٫١٩٠ مەتری چوارگۆشە لە ناوەڕاستی شاری ھەولێر، کە لە کۆنەوە ناوەندی شاری ھەولێر بووە.

مێژووی قەڵای ھەولێر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان و ھەزاران ساڵ پێش زایین، ئەم قەڵایە لەلایەن جوولەکەکان و ئاشووریکان بنیاتنراوە تەپۆلکەیەکی بازنەیی رووتەختە، ڕووبەرەکەی (١٠٢ ھەزارو ١٩٠) م٢ ـە و لە ناوەڕاستی شاری ھەولێر ھەوڵکەوتووە، ٤١٥م لە ئاستی ڕووی دەریا بەرزترە و بە بەرەنجامی ٢٦م و ٢٥سم لە ئاستی ڕووی شاری ھەولێر بەرزترە کە لە بەرزترین شوێن دەگاتە نزیکەی ٣٠م.

ھەندێک بیروڕا ھەیە دەڵێت قەڵای ھەولێر لەوەی ئێستا بەرزتر بووە، بەڵام لەساڵی (٢١٦ز) ئیمپراتۆڕی ڕۆمانی(کراکلا) سەروەختی ھێرشی بۆ سەر تیفسون بەھەولێردا ڕۆیشتووە و تەپۆلکەکەی قەڵا کە گۆڕستانی پاشا فۆرسییەکان بووە ڕووخاندوویەتی و ئێسکوپروسکی مردووەکانی دەرھێناوە.

ئەم قەڵا دێرینە لە ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆوە بە یەکێک لە گرنگترین ١٠٠ شوێنەواری جیھان دەستنیشانکراوە کە پێویستە وەک کەلتوورێکی مرۆڤایەتی پارێزگاری لێبکرێت.

زۆر بیر و بۆچوون سەبارەت بەم قەڵایە ھەیە کە ناوەڕاستی دەشتایەکی پانوبەرین دەگرێت، ھەندێک ئەم جێیە بە دەستکرد و تورەگە ڕێژ دەزانن کە لەلایەن ئاشورییەکانەوە بە زۆرەملێ بە دیلەکانی جەنگ دروستکراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھێرشی دووژمنەکان.

کە چی زانای ئەمریکی (ئەداورد کە بیرا) مامۆستای زانستی ئاشوورییەکان لە زانکۆی شیکاگۆ دەڵێت: لە عێراقی ئێستادا ھەندێک شار ھەن کە تا ئێستا خەڵکیان تێدا دەژی کەچی خۆی لەسەر گوندو شاری کۆن درو ستکراوە، لەوانەش شاری ھەولێر و شاری کەرکووک، ئەوەی لەسەر تەپۆلکەی ئەم گردە دێرینە بڕوات شوێنەواری چەندین شارستانی کۆن دەبینێت کە بریتیە لە گردێک کە حەفت شارستانی لە خۆوە دەگرێت، سەرەتای دروستبوونی سۆمەری بووە و دواتر چاخەکانی (بابلی، فارسی، یۆنانی، پارسی، ساسانی، ئیسلامی) بینوە، واتا شارەکە ماوە، بەڵام خەڵکەکەی و دانیشتوی گۆڕاون واتا ئەمشوێنە لە ئاکامی چەندین شارستانیەتی پێش خۆیەتی و ھەر جارێک بەھۆی ھەر کارەساتێک تێکچووە، دواتر خەڵکەکەی لەسەر شارستانیەتە کۆنەکەی یەکێکی نوێیان دروستکردووە.

بەڵام قەڵای ھەولێر تەنیا گردۆلکە نییە لە دەشتی ھەولێر و بەدەیەھا ھاوشێووە لەم دەشتە پان و بەرینە سەر دەردەخەن و باشترین بەڵگەش گردی (قالینج ئاغا) یە کە چەند کیلۆمەترێک لە قەڵا دوورەو نزیکەی ٧ مەتر لە شەقامی بەردەمی بەرزترە و بەپێی ئەو پشکنینەی لە ساڵی ١٩٦٥ بۆی ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەم گردۆلکەیە لە ھەزارەکانی(٥٠٠٠–٤٠٠٠)پ. ز، ئاوەدان بووە (لە چاخی حەلەف عوبید و وەرکا) و لە ھەزارەی سێیەم ژیانی لەسەر بڕاوتەوە.

ھەروەھا لەکاتی پشکنین بینرا لە ٧ چین پێک دێت (ھەر چینێک گوزارشت لە شارستانیەتیێک دەکات و بەدەیەھا کەلوپەل و پارچەی گڵێنەو پەیکەری گیانلەبەر و سەرکەتەشی گڵێنە و جل و بەرگی جۆراو تێدا دۆزراوەتەوە کە ھەمووی گەواھی ئەوەیە ئەم گردۆلکانە ھەبوون، بەڵام مرۆڤ زۆر ژیرانە بەکاری ھێناون و توانیوویەتی سوودیان لێ وەرگرێت.

تەمەنی قەڵای ھەولێر بە تەواوی دیار نییە، بەڵام لەسەروبەندی ساڵی ٢٠٠٠ پ. ز لە نووسراوەکانی پادشای سۆمەری (شۆلکی) بە ناوی (ئوربیلیم- urbilum) ھاتووە.

بەڵام بەر لەوە و چاخی ئەکەدی(٣٣٥٠–٢١٥٠) پ. ز و لەسەردەمی یەکەم پاشایان(سەرجۆنی ئەکەدی) و لە ھەڵمەتەکەی بەرەو باکوور بۆ هێرشکردنە سەر گوتییەکان و فراوانکردنی ئیپمراتۆریەتەکەی بە ھەولێردا رۆیشتووەو باس لە ھەولێر کراوە.

ئیتر لەم مێژوەوە بە دواوەو لەسەرجەم چاخەکان باس لە ھەولێر کراوە کە دەڵێین ھەولێر واتا (قەڵا) چونکە تا ساڵی ١١٩٠ ز کاتێ سوڵتان موزەفەرەدین دەبێتە فەرمانڕەوایی ھەولێر و لەماوەی ٤٢ ساڵی فەرمانڕەوایەتی ھەولێر زۆر دەگەشێتەوەو لەم ماوەیەدا بەشی خوارووی ھەولێر (دەرەوەی قەڵا) دروست دەبێت (بەپێی نەخشەیەکی ساڵی ١٢٣٣ز ) واتا دوایی ساڵێک لە کۆچی دوایی سوڵتان لە خوارووی قەڵا دوو قوتابخانە و دوو مزگەوت و بازاڕی قەیسەری و بەشێکی گەڕەکی خانەقا ھەبوو و ئەم ھەمووەش بە شوورەیەکی درێژ دەورە دراوە کە سێ دەرگای ھەبووە، ئەوکات رووبەری ٣ کیلۆمەتر دووجا بووە و زۆربەی گەشەسەندنەکەی بەرەو باشوور و باشووری ڕۆژاوا بووە و ئەم سێ دەرگایەش بەو ئاراستەیە بوون.