سەردێر

ئەحمەد كایا و شەڕی كورد بوون

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی ئەحمەد كایایە

خەڵك
ئەحمەد كایا (٢٨ی تشرینی یەكەمی ١٩٥٧ لە مەلەتی باكوورى كوردستان لە دایكبووە و لە ١٦ی تشرینی دوەمی ٢٠٠٠ لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا كۆچی دواییكردووە.

گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و مۆسیقاژەنێكی كورد بوو كە لە شاری مەلەتیی باكووری كوردستان لەدایكبووە. لە دوای ئەوەی باوكی سازێكی بۆ كڕی، ئەحمەد لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خەریكی مۆسیقا بووە.

پێش ئەوەی وەك گۆرانیبێژ دەركەوێت، ماوەیەك لە ئەستەنبوڵ شۆفێری تەكسی بووە‌و هەروەها لەگەڵ دۆستێكی خۆشەویستی بەناوی بەشار ئابی كاری شۆفێری پاسیشی كردووە.

بلاغة الروح | inthenorth

كایا لە ساڵی ١٩٨٥ یەكەمین ئەلبومی خۆی بە ناوی «مەگری كۆرپەكەم» بڵاو كردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی شێوازەكەی شێوازێكی نوێ بوو و ناوەڕۆكی شیعرەكانی شۆڕشگێڕانە بوون، ھیچ دەزگایەكی ھونەری ئامادە نەبوو ھاوكاری بكات.

ھەرچەندە ئەمە نەبووە ھۆكاری ساردبوونەوەی و بەھاوكاری دۆستەكانی یەكەمین ئەلبومی خۆی بڵاوكردەوە، بەڵام حكوومەت ئەلبومەكەی قەدەغە كرد.

كایا لە منداڵییەوە ڕۆحێكی یاخی ھەبووە و ھەندێك جاران لەگەڵ یاسا تووشی كێشە بووە، ھەر لەو كاتەوەی لە ١٦ ساڵیدا لەسەر چاپكردنی لافیتەی نایاسایی گیرا، لەگەڵ ھاوڕێكانیدا بەردەوام بوو لە مۆسیقا و گۆرانی لە «یانەی زانستەكانی خەڵك» كە وای كرد كایا زیاتر برەو بدا بە گیانە یاخییەكەی.

ئەمەش دواتر لە زۆربەی ئەلبوم و گۆرانییەكانی كایادا ڕەنگ دەداتەوە و ڕووداوەكانی تری ژیانی كایاش بەدوای خۆیدا دەھێنێت.

لەیەكەم ھەوڵیشیدا بۆ دەركەوتن، دوای كۆنسێرتێكی سازژەنی بەناوبانگ بە ناوی «ڕووحی سو»، چووە زانكۆی «بۆغاز ئیچی» و داوای لە ڕووحی كرد كە گوێ لە سازژەنینەكەی بگرێ.

ئەحمەد کایا رۆحێکی یاخی

دوای ئەوەی داواكارییەكەی قبووڵ كرد، ڕووحی لە نیوەی ژەنینەكەی كایادا سازەكەی لەدەست وەرگرت و پێی گوت «ساز نابێ بە شێوەیەك بژەنرێ وەك ئەوەی سواری ئەسپ بی، بەڵكو دەبێت بە نەرمی بیژەنی.» كایا لەسەر شێوازی ژەنینەكەی خۆی سوور بوو.

كایا پێنجەم و دوا منداڵی خێزانەكەی بووە، باوكی كورد و دایكی تورك بوو. باوكی بە ئەسڵ خەڵكی سەمسوور بووە و ڕۆیشتووەتە مەلەتی بۆ دۆزینەوەی كار.

كاتێك كایا لەدایك بوو، باوكی لە كارگەیەكی دەوڵەتدا كاری دەكرد. دایك و باوكی و ھەر پێنج منداڵەكە لە خانوویەكی بچووكی كارگەكەدا دەژیان.

لە نۆ ساڵیدا لە كارگەكەی باوكی دەستی بە گۆرانیبێژی كرد بۆ كرێكارەكانی تر لە شەوی جەژنی كرێكاراندا.

دوای ئەوەی گەورەتر بوو، كایا دەچوو بۆ خوێندنگە و كاتەكانی تریش لە فرۆشگەیەكی فرۆشتنی قەوان و كاسێتدا كاری دەكرد و ئیشكردن لەو فرۆشگایەدا وای لە كایا كرد كە بە شێوەیەكی باشتر شارەزای مۆسیقا و ئاوازدانان بێت.

ئەحمەد كایا كە بە گۆرانییە كۆمەلایەتییەكانی لایەنگری خەڵكی ھەژار و كوردی توركیا دەكات، ئەم شێوازەی گۆرانیگوتن و لایەنگری كەمینەكان دەبێتە ھۆی لە بەندیخانە كران و قەدەغە بوونی گۆرانییەكانی كایا و ھەروەھا ڕێگای گۆرانی گوتنیشی لێ تەنگ دەكرێتەوە.

لە ١٠ی شوباتی ١٩٩٩ كایا براوەی خەڵاتێكی ڕێكخراوی ڕۆژنامەنووسانی چاپی تابلۆید دەبێت و براوەی خەڵاتەكە دەر دەچێت.

كاتێك خەلاتی باشترین گۆرانیبێژی ساڵ كە لە بەرنامەیەكی تەلەڤیزیۆنیدا پەخش دەكرێ وەردەگرێ، ڕای دەگەیەنێت: «من گۆرانییەكی كوردیم لە ناو ئەلبۆمە تازەكەم داناوە، چونكە من بە ڕەسەن كوردم. گومانم نییە گەلێ كۆمپانیای مۆسیقا حەز دەكەن ئەلبۆمە تازەكەم بڵاوبكەنەوە.» دوای تەواوبوونی ئەم قسانە، چەند ھونەرمەندێكی تورك ھێرشیان كردە سەری و ھاواریان كرد: خاین!

دادگای ئاسایشی نیشتمانی توركیا لە ٣٠ ی نیسان تۆمەتی خەیانەت بە نیشتمانی، دایە پاڵی و لە ھەموو لایەكی توركیاوە توركە تووندڕەوەكان ھێرشیان كردە سەری و ھەندێ ڕۆژنامە و دەزگای ڕاگەیاندن داوای حوكمی ئیعدامیشیان بۆ كرد. لەوانە ڕۆژنامەی حوڕییەت بوو كە یەكەم بابەتی دوو ڕۆژ دوای پەلامارەكەی كاتی وەرگرتنی خەڵاتەكە یەكەم بابەتی دژی كایا بڵاوكردەوە بە وێنەیەكی دروستكراو گوایە كایا لە بەرلین كۆنسێرتی كردوە و پارەی بۆ پەكەكە كۆكردووەتەوە كە ھەڵبەستراو بوو

دواتریش چەن بابەتی دیكەی بە دواتا ھات. بەڵام ئەحمەد كایا، لە بەردەم یەكەمین دانیشتنی دادگا ئامادەبوو، ھەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت كردەوە كە درابوونە پاڵی. لەو ماوەیەدا، ئەحمەد كایا چووە ئەورووپا. دادگای ئاسایشی نیشتمانی توركیا لە دوا دانیشتنیدا، بەبێ ئامادەبوونی كایا، سزای ١٠ دە ساڵ زیندانی بۆ ئەو دا.

لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠، كاتێ بۆ سازكردنی كونسێرت لە پاریس بوو، لەشوێنی حەوانەوەی خۆی، كۆچی دوایی كردو لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس «پیرلاشیز» بەخاك سپێردرا.

دوای خۆی، «گوڵتەن»ی ھاوسەری ئەلبوومە تەواو نەكراوەكەی بەناوی «گوێ بگرە وڵاتە خۆشەویستەكەم» بڵاوكردەوە. چەن ئەلبومێكی تریش دوای خۆی بڵاوكرانەوە و بەھاتنە سەر حوكمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش ناوبانگی كایا زیاتر گەشەی سەند. ھەر لە ماوەی ئەوەی بە «كرانەوەی دیموكراسی» ناوزەندكرا، بۆ یەكەمجار دەزگای پەخشی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی توركیا TRT قەدەغەی ھەڵگرت لەسەر بەرھەمەكانی ئەحمەد كایا.

 





هەلبژاردە

گرنگترینەکان