سەردێر

داوادەكرێت حكومەتی عیراق ببێتە ئەندام لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی

سلێمانی – نزار جەزا

لە یادی 23 رۆژی دادپەروەری جیهانیدا لەشاری سلێمانی دیبەیتێك ئەنجامدرا و سەرۆكی ڕێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفالیش داواكارە، دەسەڵاتدارانی كورد گوشاربكەن، بۆئەوەی حكومەتی عیراق ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.


دیمەن بەرزنجی سەرۆكی ڕێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تائێستا عیراق نەبووە بە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، لەكاتێكدا ١٢٣ دەوڵەت لەجیهاندا ئەندامی دادگاكەیە و واژۆی پەیماننامەی ڕۆمایان كردووە و هەرێمی كوردستانیش زۆر پێویستی بەو دادگایە هەیە.

ئەوەشی باسكرد، پێویستە دەسەڵاتدارانی كورد گوشاربكەن، بۆئەوەی حكومەتی عیراق پەیماننامەی ڕۆما واژۆ بكات و ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بۆئەوەی حكومەتی عیراق نیازپاكی خۆی بەرامبەر هەرێم ڕابگەیەنێت و دەریبخات دژ بەدووبارەبوونەوەی تاوانەكانی ڕابردووە.
دیمەن بەرزنجی باسی لەوەشكرد، پێویستە دەسەڵاتداران ئەم خاڵە بكەنە خاڵێكی سەرەكی لەدانوستانەكانیاندا.

سەرۆكی ڕێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال ئەوەشی خستەڕوو، ٢٥٨ تۆمەتباری ئەنفال هەن، كە تائێستا دادگایی نەكراون، بۆیە داواكارن لە حكومەتی هەرێم ئەو تۆمەتبارە كوردانەی تاوانی گەورەی نێونەتەوەییان ئەنجامداوە یان بەشدارییان تێیداكردووە دادگایی بكات و ناویان بداتە پۆلیسی ئینتەرپۆل بۆ دەستگیركردنیان.

پەیماننامەی ڕۆما لە ڕێكەوتی 17-7-1998 بڕیاری لەسەر دراوە، لەساڵی 2002 ەوە دەستی بەكاركردووە و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دامەزراوە، بۆ ئەمەش 123 دەوڵەت پەسندی پەیماننامەكە و دادگاكەیان كردووە.