سەردێر

ملیۆنان كەس برسییانە

رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هۆشداری توند لە زیادبوونی برسێتی دەدەن

خەڵك-

بەپێی راپۆرتێك بەهۆی كاردانەوەكانی قەیرانی كۆرۆنا و ململانێكان و گۆڕانكاری كەشوهەوا لەسەر ئاسایشی خۆراكی جیهانی، ئاسایشی خۆراك لە 2020 بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی 5 ساڵدا پاشەكشەی كردووە.

بەپێی راپۆرتی یەكێتی ئەوروپا و رێكخراوی خۆراك و چاندنی جیهانی “فاو” و بەرنامەی خۆراكی جیهانی، 155 ملیۆن كەس لە 55 دەوڵەت رووبەڕووی كەمی خۆراك بوونەوە لە 2020، 20 ملیۆن كەس زیادیكردووە بەراورد بە 2019.

بەپێی ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێس شو دونیۆ بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی فاو رایگەیاندووە پێویستە كار بكەن بۆ رێگرتن لە خراپبوونی زیاتری رەوشەكە، ئەم راپۆرتەش بانگەوازێكی بەپەلەی مرۆییە.

راشیگەیاند، پێویستە چارەسەری بنەڕەتی كێشەكان بكرێت، سیستمی خۆراك و چاندن بگونجێندرێت بە باشترین شێوە.

تۆڕی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكانی خۆراك كە 3 رێكخراوی نێودەوڵەتی تێیدا بەشدارن، لە ساڵی رابردوو رایگەیاند 29 ملیۆن كەس لە 28 دەوڵەت بەهۆی برسێتییەوە دەناڵێنن، لەوانە كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی، یەمەن، ئەفغانستان زیاترین زیانمەندن.

بەپێی ئەم راپۆرتە 33 ملیۆن كەس ئاسایشی خۆراكیان لە مەترسیدایە لەوانە بۆركینا فاسۆ، باشووری سوودان و یەمەن، ئەوان پێویستیان بە فریاگوزاری خێرای یارمەتی خۆراكی بەپەلە هەیە.

لە ئەفریقیا زۆرترین برسێتی هەیە، 98 ملیۆن كەس یان 63%ی برسێتی جیهان لە ئەم كیشوەرە رەشەیە، رێژەی برسێتی لەوێ 54% بەرزبووەتەوە بەراورد بە 2019.