سەردێر

خاوەن پێویستییە تایبەتەكان پێویستیان بە هاوكاری هەیە

خەڵك-ئارام سەردار

ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئێستا دۆخی دارایی هەرێم باشە و داهاتی مانگانە یەك تڕلیۆن دینارە، كێشەكانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش پارەی زۆریان پێویست نییە حكومەت نەتوانێ چارەسەری بكات.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەهەرێمی كوردستان ١٢٠ هەزار هاوڵاتی و منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت هەن، لەماوەی ڕابردوو یاداشتێكمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان كرد و داوای ڕاپۆرتیان كرد لێمان، كە پەیوەندی هەیە بەژیان و گوزەران و هەلی كار و پێویستیەكانی خاوەن پێداویستی تایبەت كەوا كێشە و هۆكار و چارەسەرییەكانمان باسكردووە.

دەشڵێت، ئێستا دۆخی دارایی هەرێم باشە و داهاتی مانگانە یەك تڕلیۆن دینارە، كێشەكانیش پارەی زۆریان پێویست نییە حكومەت نەتوانێ چارەسەری بكات، یەكێك لەداواكارییەكانمان ئەوەیە هاوكاری مانگانەی خاوەن پێداویستی تایبەت بەلیستی مووچە نەبەسترێتەوە و مانگانە لەڕۆژێكی دیاری كراو پێیان بدرێت، ٣٠ هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت ماوەی ٨ ساڵە چاوەڕێن هاوكاری مانگانەی ١٥٠ هەزار دیناریان بۆ دابین بكرێت تائێستا نەكراوە هیوادارین بۆیان دابین بكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، داوامان كردووە خاوەن پێداویستی تایبەت یەكەی نیشتەجێبوون یان زەویان بۆ دابین بكرێت لەگەڵ خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردە، بەتایبەتە سەنتەری تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم و ئیفلیجی مێشك كە تەنها لەشارە گەورەكان سەنتەری گەورە هەیە، ئەوانەی تر كە هەن پێویستە حكومەت ئەو ئەركانەی خۆی جێبەجێ بكات لەگەڵ دابینكردنی هەلی كار