سەردێر

ئیسرائیل هێرشەكەی دامەزراوە ناوەكیەكەی ئێرانی ئەنجام داوە

خەڵك-

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە زاری چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگرییەوە بڵاویكردەوە هێرشەكەی سەر دامەزراوەی نتنزی ناوەكی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە كە بووە بەهۆی وێرانكردنی سیستمی وزەی نێوخۆیی تایبەت بە دەزگای پیتاندنی یۆرانیۆم لە ژێر زەویدا لە دامەزراوە ناوەكییەكەدا.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامە ئەمریكاییەكە، ئێران 9 مانگی پێویست دەبێت بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی ناوەكی نتنز.

پێشتر دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەكانی ئیسرائیلەوە بڵاویكردەوە دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیلی هێرشەكەی لەسەر دامەزراوە ناوەكییەكەی ئێرانی ئەنجامداوە.

لای خۆیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دوو شەممە ئاشكرایكرد ئیسرائیل لە پشت هێرشەكەی سەر دامەزراوەی ناوەكی نتنزەوەیە و ئێران وەڵامی بۆ ئیسرائیل دەداتەوە.

دامەزراوەی ناوەكی نتنزی ئێرانی لە بیابانی پارێزگای ئەسفەهانە لەنێوەڕاستی ئێران، نێوەندی بەرنامەی ناوەكی ئێران و پیتاندنی یۆرانیۆمە و لە ژێر چاودێری رێكخراوی نێودەوڵەتی وزەی ناوەكی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكاندایە.