خەڵک-
وەزیری پێشمەرگە و راوێژکاری سەنتەری هەمەئاهەنگی هاوپەیمانان کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، کە وێنەی دراوە بە (خەڵک) لە کۆبوونەوەی وەزیری پێشمەرگە و راوێژکاری سەنتەری هەمەئاهەنگی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن تیمی هاوپەیمانانەوە، وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیاکرایەوە کە کێشە و لەمپەرەکانی بەردەم پێویستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە چارەسەرکراوە و پێویستیە دارایی و لۆجیستیەکانی ئەو هێزەش لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەردەوام دەبێت.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆڵۆنێل دەیڤد ولیام، راوێژکاری سەنتەری هەماهەنگی هاوپەیمانان لە هەرێم و تیمی یاوەری کۆبووەوە.
ڕاویژکاری سەنتەری هەمەئاهەنگی هاوپەیمانان لە هەرێم، وەزارەتی پێشمەرگەی دڵنیا کردەوە، کە هاوکاری و یارمەتیەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامی دەبێت و کێشە و لەمپەرەکانی بەردەم ئەو پرسە چارەسەرکراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵی بێوچانی هاوپەیمانان و ئەمریکای کرد لە پاڵپشتی و هاوکاریەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە.
وتیشی، “بەردەوامی پاڵپشتیە سەربازییەکانی هاوپەیمانان هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات بە هێزێکی پێشکەوتووی ئەکادیمی و سەربازی سەردەمیانە” .