سبەی شەو ئیسڕا و میعراجە، شەوی فەرز بوونی نوێژ

بۆ یەكەمجار نوێژ لەسەر پێغەمبەر و موسڵمانان فەرزكرا

سەردێر

خەڵك-
ئیسڕا و میعراج دوو ڕووداوی گەورن و بە موعجیزەی گەورەی مرۆڤایەتی ناسراوە، كە لە یەك شەودا بە سەر محەمەد (د.خ) پێغەمبەری ئیسلامدا ھاتوون و تێیدا محەمەد لە مەككەوە ڕۆشتوە بۆ ئۆرشەلیم (قودس) و لەوێوە بۆ ئاسمانەكان و دواتر گفتوگۆی لەگەڵ خوای گەورە ئەنجامدا و نوێژ فەرز كرا.

بەپێی ڕۆژمێری (سعودیە)، سبەی شەو، شەوی 11 لەسەر 12ی ئازاری 2021 بەرامبەرە بە شەوی 27ی ڕەجەب-ی 1442ی كۆچی، كە لەو شەوەدا و بە ساڵێك پێش ڕووداوی گەورەی (كۆچی پێغەمبەر ﷺ بۆ مەدینە) موعجیزەی (ئیسڕا و میعراج) ڕوویدا.

ئیسڕا و میعراج چییە؟
ئیسرا:
ئیسرا بریتیە لە سەفەری شەوانەی پێغەمبەری ئیسلام ﷺ لە مەككەوە بۆ قودس. ئەم گوێزانەوەیە لە قورئاندا لە سورەتی (ئیسرا)دا باسی لێ كراوە.
بەشێك دەقی ئایەتەكە بە كوردی ئەمەیە. “پاك و بێسووچە ئەو كەسەی، كە بەندەكەی خۆی بە ئەسرا لە شەودا لە مزگەوتی حەرامەوە برد بۆ مزگەوتی ئەقسا، كە دەورەكەیمان پیرۆز كردوە، تا ھێندێك لە نیشانەكانی خۆمانی پێ پیشان بدەین”.

میعراج:
میعراج بریتییە لە بەرزبوونەوەی محەمەد ﷺ بەرەو ئاسمانەكان لەگەڵ جوبرەئیلدا، پێغەمبەر ﷺ لەم سەفەرەدا لەگەڵ خودادا گفتوگۆی كرد و چاوی بە كۆمەڵێك لە پێغەمبەران و فریشتەكان كەوت. باسی میعراج لە قورئاندا نەھاتووە و لە فەرموودەوە وەرگیراوە.

ئیسرا و میعراج لە وێژەی كوردیدا:
مەولەوی لە عەقیدەی مەرزییەدا بەم جۆرە باس لە میعراج دەكات:
ڕێی چەن هەزار ساڵ، تەی چەن حیجابات
زاتی حەق، كەلام، سوئال جەوابات
چوو، بوو، دی، بیستی، كریا، دریاوە
ھاتەوە حەڵقە ھەر دەلەریاوە

مەحوی دەڵێ:
شەو، شەوی میعراجی شاھی ئەنبیا بێ وا دەبێ
بیپەرستێ، بەڵكوو سوجدەی بۆ ببا ھەر ئانە ڕۆژ

چۆن نوێژ فەرزكرا؟
پێغەمبەری ئیسلام محەمەد ﷺ لە شەوی ئیسرا و میعراجدا بە یاوەری حەزرەتی (جوبڕەئیل) چۆتە خزمەتی خوای گەورە لە (سیدرە) كە جێگایەكە هیچ كەس نەچۆتە ئەو شوێنە تەنها پێغەمبەر ڕۆشتوە ﷺ، بەڵام پێغەمبەر- خوای نەبینیوە، بەڵكو تەشریفات و ئیمتیازێك بوو لەو جێگایەدا درایە پێغەمبەری خوا ﷺ لە گەڕانەوەیدا خوای گەورە نوێژی فەرزكرد لەسەر موسڵمانان.

ئەوەی لە فەرموودە باسكراوە سەبارەت بە گفتوگۆی خوای گەورە و پێغەمبەر ﷺ:
پێغەمبەر ﷺ لەو جێگایەدا، كە ناوی (سیدرەی كۆتاییە) یان ناسراوە بە (سدرە المنتهی) لە گفتوگۆیەك لەگەڵ خوای گەورە دەكات.. پێغەمبەری خوا ﷺ، فەرمووی لەو جێگایەدا نەمزانی چی بڵێم لە خزمەتی پەروەردگاردا.. خوای گەورە خستیە دڵم بڵێم: (التحیات المباركات الصلوات الطیبات لله) واتا” سڵاوێك پڕبێت لە پیت و بەرەكەت و باشە كەشیستەی خوای گەورە بێت”، خوای گەورە وەڵامی پێغەمبەری دایەوە ﷺ فەرمووی: (السلام علیك أیها النبی ورحمە الله وبركاته) واتا “سڵاو لە پێغەمبەر بێت و رەحمەت و بەركەتی خوا بەسەرتەوە بێت ئەی محمد”.. پاشان فریشتەكانی، كە گوێیان لەم گفتوگۆیەی خوای گەورە و پێغەمبەر ﷺ بوو ئەوانیش فەرموویان (السلام علینا، وعلی عباد الله الصالحین) واتا “ئەو سڵاوی پڕ پیت و بەركەتەش لە ئێمەی فریشتە و چاكەخوازن بێت لە چەكەخوازنی سەرزەوی بە پیاو و ژنەوە”.. ئیتر لەو كاتەوە سرودی نیشتیمانی و ئاینی و دینداری موسڵمانان بووبە بەم سرودە یەكتاپەرستیە بە یەك دەنگ لە ئاسمان و زەویدا ئەوەی موسڵمانە هاواریان كرد..( أشهد أن لا إله إلا الله، وأشهد أن محمداً ڕسول الله).

ئایا پێغەمبەر ﷺ وەك لایەنی مەعنەوی چۆتە خزمەت خوای گەورە یان بە جەستەش؟
ئەهلی (سوننەت و جەماعە) پێمان وایە، كە بە دڵنیایەوە بە لاشە و جستەی سەرتاپا تەشریفی بردوە بەروە ئاسمان و بۆ قودس-یش هەروەها، بەڵگەشیان بۆ ئەوە ئەوەیە، كە ئەگەر وانەبێت موعجیزەكە ئەوەندە گەورە نەدەبوو، چونكە، كە دەڵێن موعجیزەیە دەبێت هەموو مرۆڤ و تەنانەت بونەوەری خوای گەورە لەبەردەم ئەو معجیزەیەدا دەستەوستان بن.