سەردێر

بڕیارەكانی پەروەردە بۆ ساڵنامەی خوێندن كاردانەوەی مامۆستایانی لێكەوتەوە

خەڵك-

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵنامەی خوێندن و تاقیكردنەوەكانی پۆلەكانی بنەڕەتی و 9 و 12ی بڵاوكردەوە و بەپێی ساڵنامەكە، چەند ڕۆژێكی كەم پشوو بۆ خوێندكاران دیاری كراوە و ڕاستەوخۆ وەرزەكانی خوێندن بەدوای یەكدا دێن و ئەوەش كاردانەوە و ناڕەزایی مامۆستایانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێ‌ كەوتۆتەوە و بریكاری وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: “پێشتر مامۆستایان ڕازی نەبوون و لەبەر داخوازی ئەوان دیسان ساڵنامەكەمان گۆڕیوە”.

دوو وەرزی خوێندن بەدوای یەكدا
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەكانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە گشتاندنێكدا ساڵنامەی تاقیكردنەوەكانی ساڵی خوێندنی (2020 – 2021)ی تایبەت بە خوێندنگە حكومی و ناحكومییەكانی بڵاوكردۆتەوە بۆ پۆلەكانی (1 و 2)ی بنەڕەتی و (3 بۆ 11)ی بنەڕەتی و 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی.

وەك لە ساڵنامەكەدا دەردەكەوێت ڕاستەوخۆ دەوای پڕۆسەی خوێندنی وەرزی یەكەم تاقیكردنەوەكان دەستپێدەكەن و دواتر چەند ڕۆژێكی كەم پشوو دەبێت و ڕاستەوخۆ وەرزی دووەم دەستپێدەكات و دواتر تاقیكردنەوەكانی وەرزی دووەم و تاقیكردنەوە نیشتمانی و وزارییەكان.

مامۆستایان ناڕەزایی دەردەبڕن

مامۆستا تاڤگە لە نووسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك وەك ناڕەزاییەك دەربارەی ئەو بڕیارانە ئاماژەی بەوەكردووە، “فەردەیەک لۆکە تا بیشێلیت زیاتر دەگرێ وادەزانن مێشکی خویندکار فەردە لۆکەیە ھیچ پشوو تێدانەبێ بە تایبەتی خوێندکارانی پۆلی ١٢ تاقیکردنەوە و وانە بەدوای یەكدا”.

دەشڵێت: “تاقیکردنەوە بێ پشووی مێشک لەڕووی زانستیەوە بڕیارێکی نا تەندروستە و مەرج نیە مەنھەجی زۆر خوێندکاری باش ڵێ دەرچێ، ڕادەی وەرگرتنی مێشک مەحدودە بۆ ھەموو ئاستەکان”.

هەروەها، مامۆستا ڕاستگۆ لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “بەبۆچونی بەندە، ساڵێکی خوێندن بفەوتێ باشترە لە هەڵپڕوکاندن! خراپترین بڕیارە، بەمەش داهاتووی پەروەردە و زانستمان زیاتر دادەڕوخێت”.

هاوكات، مامۆستا شنۆ ئاماژەی بەوەكردووە، “وەڵا من تا ئێستا دوو بابەتم نەخوێندووە و هەر بەو شێوەیەش ئەڕۆم پەلە ناکەم”.

لای خۆشیەوە، مامۆستا سیروان نووسیویەتی: “وەڵاهی چۆن دەرسم خوێندووە هەربەو شێوازەی خۆم بەردەوامەبم و زۆربەلامەوە ئاساییە 10 پرسیار 60 دەرەجەی لەسەردانێم، من باش تێنەگەشتم ئێوە جوانترسەرنج بدەن بزانن مەبەسەتی وەزارەت چیە؟”.

وەزارەتی پەروەردە: لەسەر داوای مامۆستایان گۆڕانكاریمان كردووە
د. سەیوان عەلی، بریكاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەكان بە وەكالەت بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەو بڕیارانەی دراون دوای ئەوەبوو، كە لە ماوەی ڕابردوودا چەند بڕیارێك بڵاوكرانەوە و مامۆستایان گلەییان هەبوو لێی، بۆیە لەبەر خاتری ئەوان ئێمە گۆڕانكاریمان تێدا كرد و بڕیاری نوێمان دەركرد.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەرچەندە شێوازی ناڕەزاییەكان و داواكارییەكان تا ئێستا بە ئێمە نەگەیشتوون، كە مامۆستایان مافی خۆیانە داواكاری و گلەییان هەبێت، بەڵام بە هەر شێوازێك بڕیارەكان دەربكەین بەشێكی خەڵك هەیە ناڕازی بێت.

وتیشی، “ئەو كاتەی لەبەردەست ماوە تاوەكو مامۆستایان و خوێندكاران بێزار نەبن كردومانە بە یەك وەرز تاوەكو مانگی 6، كە ساڵانی ڕابردووش لەم كاتەدا هەر یەك وەرز بووە و پشووەكانیشمان لابردوو تاوەكو مامۆستایان و خوێندكاران لەسەرخۆ وانەكان بخوێنن و فریا بكەون”.

جەختیشی كردەوە، وەرزی دووەم لە مانگی 9 دەستپێدەكات و بەجۆرێك دانراوە تاوەكو (یونسكۆ) پێی ڕازی بێت تا وەرزی دووەم تەواو ببێت و پڕۆگرامەكان بخوێنرێن و هیچ دەرەچەیەكی تریش نییە، چونكە دۆخەكە نائاساییە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە.