سەردێر

سەرۆكی هەرێم لەسەر پرسی سزادراوانی بادینان هاتە دەنگ

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كاردانەوەكان لەبارەی دادگایی كردنی پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان دەڵێت:” ڕۆژی‌ سێشەممە بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند ڕاگیراوێك نیگەرانی دروست كردووە، بەڵام ئەوە دوا بڕیار نییە. بەپێی یاسا، مافی سزادراوانە تانە لە بڕیارەكە بدەن”.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایدەگەیەنێت:”ڕۆژی‌ سێشەممە بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند ڕاگیراوێك نیگەرانی دروست كردووە، بەڵام ئەوە دوا بڕیار نییە. بەپێی یاسا، مافی سزادراوانە تانە لە بڕیارەكە بدەن، دادگای پێداچوونەوەش ئەركیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەكانی مرۆڤ و مافی یاساییی سكاڵالێكراو و سكاڵاكار، بە كەیسەكەدا بچێتەوە تا هەمووان هەست بكەن وەك یەك مافیان پارێزراوە”.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو:”لای خۆمانەوە چاودێریی ئەو پرسە دەكەین، جەخت لە سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە سەربەخۆییی بڕیاری دادگا و لە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ دەكەینەوە. دەبێت یاسا سەروەر بێت و هیچ لایەن و كەسێك مافی دەستوەردانیان لە كاروباری دادگادا نییە”.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

ڕۆژی‌ سێشەممە بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند ڕاگیراوێك نیگەرانی دروست كردووە، بەڵام ئەوە دوا بڕیار نییە. بەپێی یاسا، مافی سزادراوانە تانە لە بڕیارەكە بدەن، دادگای پێداچوونەوەش ئەركیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەكانی مرۆڤ و مافی یاساییی سكاڵالێكراو و سكاڵاكار، بە كەیسەكەدا بچێتەوە تا هەمووان هەست بكەن وەك یەك مافیان پارێزراوە.

لای خۆمانەوە چاودێریی ئەو پرسە دەكەین، جەخت لە سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە سەربەخۆییی بڕیاری دادگا و لە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ دەكەینەوە. دەبێت یاسا سەروەر بێت و هیچ لایەن و كەسێك مافی دەستوەردانیان لە كاروباری دادگادا نییە.

گەلی كوردستان هەرگیز پاشەكشە لە ئازادی ناكات، ڕێگەش نادرێت ئازادی بۆ لەباربردنی خودی ئازادی، خراپ بەكار بهێنرێت. پاراستن و چەسپاندن و پەرەپێدانی ئازادی و دیموكراسی، بریتییە لە سەروەریی یاسا و سەربەخۆییی دادگا، سەربەخۆییی دادگاش لە چۆنیەتیی كاری دادگا و دادوەرانەوە دەبینرێت. دادگا و دادوەرانی بەڕێز دەبێت شكۆی سەربەخۆییی خۆیان لەپێناو سەروەریی یاسادا بپارێزن، تا شكۆی مرۆڤ و شكۆی وڵات لە سایەی شكۆی یاسادا پارێزراو بێت.

داوا لە هەموو لایەك دەكەم لەگەڵ ماف و ئازادییان لە ڕەخنەگرتن و لە‌ دروستكردنی فشاری مەدەنیانە بەرانبەر هەر بڕیارێك، كارێكی وا نەكەن بێمتمانەیی بە دادگا و یاسا و هەرچی دامودەزگایە دروست بكرێت، چونكە بێمتمانەیی بە سەروەریی یاسا، وا دەكات ئیتر كەس لە سەر و ژیان و كەرامەت و ماڵ و سامان و داهاتووی خۆی، دڵنیا نەبێت. با ڕەخنە و كارەكانمان بۆ باشتركردن و سەروەركردنی یاسا بێت، بۆ ڕووخاندنی متمانەی خەڵك نەبێت بە یاسا و دادگا و دامەزراوە فەرمییەكان.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

2021/2/18



هەلبژاردە

گرنگترینەکان