سەردێر

“پیلان لە دژی هەرێم هەیە”

خەڵك-

لە هەرێمی كوردستان ماوەیەكە بەرگەرمی باس لە مامەڵەی راستەوخۆی پارێزگای سلێمانی دەكرێت لەگەڵ بەغدا، ئەمەش بە پاساوی چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی.

بابەتی مامەڵەكردنی سەربەخۆی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بەغدا لە ژێر پەردەدا نەماوەتەوە، هەندێك لایەن و ئەندام پەرلەمان و بەرپرسی حكومی و حزبی باسی دەكەن و دەستەی بە هەرێمكردنی پارێزگای سلێمانیش پێكهێنراوە.

هەفتەی رابردوو رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەڕمی عێراقیش لە هەوڵی مامەڵەی راستەوخۆی پارێزگای سلێمانی بڵاوكردەوە.

هەندێك لایەن و رۆشنبیری و سیاسەتمەداریش بە گومانەوە لە ئەو هەنگاوە و ئایندەكەی دەڕوانن، كە ئایا لە حاڵی سەرگرتنیدا ئایندەی پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمی كوردستان بە گشتی چی لێدێت.

سیاسەتمەدارێكی كورد هۆشداری لەنێوبردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان لەلایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە دەدات.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی سیاسەتمەداری كورد بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دەوڵەتانی هەرێمی لەسەر پڕۆسەی سیاسی و قەوارەی هەرێمی كوردستان پیلانیان هەیە و هەوڵی لەناوبردن و بچوككردنەوە و بێنرخكردنی هەرێم دەدەن و ئەوەش شتێكی ئاشكرا و دیارە.

وتیشی”لەسەر كورد پێویستە خۆی نەبێتە هۆكاری بنەڕەتی بۆ جێبەجێكردنی ئەو پیلانە و پێویستە خۆی لێ بەدوور بگرێت”.

ئاشكراشیكرد، تاكە ڕِێگا بۆ ئەوەی لەو پیلانە ڕزگارمان بێت لەم قۆناغە هەستیارەدا ئەوەیە كە هێز و عەقڵی سیاسی كورد لەسەر بەرنامەیەكی نیشتمانی و یەكگرتوو ڕێكبكەون بۆ ئەوەی ئەم دەستكەوتە مێژووییەی كورد لەناونەچێت.

ڕوونیشیكردەوە، دەوڵەتانی ئیقلیمی پیلانداڕێژەری پیلانەكەن بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە تێكبچێت، هەربۆیە دەبێت كورد بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پیلانەدا بكات.