سەردێر

ئەو ڤێلایەی زەواهیری تێدا كوژرا خاوەنەكەی كێ بوو؟

خەڵك-
ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەڵێت، ئەو ڤیێلایەی سەركردەی ڕێكخراوی قاعیدەی تێدا كوژرا بە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لە ئەفغانستان، ڤێلای ئاژانسی ئەمریكایی بووە بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و بە دۆلار بەكرێی گرتبوو بۆ ماوەی دە ساڵ.

بەپێی ڕاپۆرتەكە”بابەتی ڤێلاكە لەلایەن بەڵێندەرێكی ئەمریكایی مەدەنی كە لە ئەفغانستان كاری دەكرد و ناوی دان سمۆكە ئاشكراكراوە و لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، بەلەكۆنەی ڤێلاكە لە كابوڵ كە سەركردەكەی قاعیدەی تێدا كوژرا، شوێنێكە باش دەیزانێ‌ و بەردەوام لەوێ‌ وەستاوە كاتێك لە ئەفغانستان كاری كردووە لە پرۆژەی یارمەتییە حكومییەكانی ئەمریكا”.

بە وتەی سمۆك”ڕاپۆرتەكانی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكایی ئاماژەیان بە زانیارییە دزەپێكراوەكان كردووە كە گوایە ئەیمەن زەواهیری حەزی لێبووە لەو بەلەكۆنەیە بوەستێت كە بەسەر كابوڵی پایتەختدا دەڕوانێت و دیمەنێكی جوانی هەیە، ئۆپەراسیۆنەكەش لەكاتێكدا جێبەجێكراوە كە زەواهیری لەو شوێنەدا وەستابوو”.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە”خانووە كرێمییەكە كە وردەكارییەكانی خۆڵەمێشی و پرتەقاڵی و دیواری بەلەكۆنەكەی وەك ئاوێنە سەز بوو، لە گەڕەكێكدایە كە بەوەناسراوە میرەكانی جەنگ و دەستەبژێری تەكنۆكرات لە كۆماری ئەفغانی بەر لە داڕوخانی لە هاوینی ڕابردوو، دەستییان بەسەر زەوییەكانیدا گرتووە”.

گاردیان نوسیویەتی”لەگەڵ توندبوونی شەڕەكان، زۆرێك لە ڤێلاكان كە لە چەند پارچە زەوییەكی بچوكدا كۆكرابوونەوە، لەلایەن ڕێكخراوە ناحكومییەكان و بەڵێندەرانەوە درابوون بە كرێ‌، لەنێوانیاندا ئەو ڤێلایەی كە سەر بە ئاژانسی ئەمریكایی بۆ گەشەپێدان بوو”.

سمۆك كە لە جەنگاوەرە سەرباربازییە دێرینەكانی ئەمریكا بووە لە عیراق، وەك مەدەنی چەند ساڵێك لە ئەفغانستان كاری كردووە دەڵێت”لەو شوێنەدا ژیانەوە كە یەكێك لەو پیاوانەی نەخشەیان بۆ پەلامارەكانی 11ی سێپتەمبەر داڕشتبوو تێیدا ژیا”.

بە بۆچوونی سمۆك”شتێكی سریاڵی زۆر سەیرە. شتەكان بەخێرایی دەگۆڕێن، كێ‌ دەیزانی ئەوە دووژمنی گشتی ژمارە یەكە، لەگەڵ خەڵاتێك كە بە بڕی 25 ملیۆن دۆلار بۆ كوشتنی دانراوە، ئەو كەسە لە هەمان ئەو شوێنەدا دەژی كە ئەو پێشتر تێیدا ژیاوە، زۆر سەیرە”.

لەلایەكی ترەوە، بزوتنەوەی تاڵیبان كە لەئێستادا حوكمی ئەفغانستان دەكات، ڕەتیكردەوە زانیاریی لەبارەی بوونی ئەیمەن زەواهیری سەركردەی ڕێكخراوی قاعیدەوە هەبووبێت لە وڵاتەكەدا كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بە مووشەكێكی ئەمریكایی كوژرا كە ماڵێكی لە كابوڵ كردبووە ئامانج.

وەك ئاژانسی (ڕۆیتەرز) باسی دەكات، بزوتنەوەكە لەیەكەم هەڵوێستیدا لە پاش كوژرانی زەواهیری، لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی قوڵ كرد سەبارەت بە ڕووداوەكە.