سەردێر

(خەڵك) وردەكاری یەكگرتنەوەی هەردوو حزبی دیموكرات لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرا دەكات

خەڵك-

حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دوای پازدە ساڵ لەدابەشبوونی بۆ دوو حیزب هەنگاوەكانی یەكگرتنەوەیان كۆتایی پێهێنا و چاوەڕێدەكرێت بەمنزیكانە لە رێوڕەسمێكدا رابگەیەندرێت.

حەسەن كاكلی، جێگری بەرپرسی پێوەندییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، یەكگرتنەوەی هەردوو حیزبی دیموكرات ڕاستەو تەنها ڕاگەیاندنی ماوە، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنەكەش لە ئەوروپا و باشووری كوردستان بەڕێوەدەچێت، چوونكە رێكخستنی گەورەمان لە ئەوروپاش هەیە، بەڵام هێندێك ووردەكاری بواریی ئاسایشی ماوە و كۆبوونەوەكان لای ئێمە كراون.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، یەكگرتنی هەردوو حیزب بە ناوی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەبێت و هەتاكو ئەنجامدانی كۆنگرەی هاوبەش كە پێدەچێت ماوەی ساڵێك بخایەنێت، دەستەیەكی رێبەری بەپێی ڕێككەوتن هەڵدەبژێردرێن.

لەبارەی مێدیای حیزبەكەوە كە ئێستا خاوەنی دوو كەناڵە كوردكاناڵ لەنێوخۆی باشووری كوردستان و تیشك تێڤی لە سوێد، كاكلی روونیكردەوە، كەناڵەكانی هەردوو حیزب دەكرێن بە یەك كەناڵ ‌و (كورد كەناڵ) دەبێتە كەناڵی فەڕمی.

حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە 16ی ئابی 1945 بە رێبەرایەتی پێشەوا قازی محەمەد لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان دامەزرێندراوە و یەكەمین كۆنگرەی لە مەهاباد بەستراوە.

حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە دوای كۆماری مەهاباد لە ساڵی 1946 بە چەندین قۆناغی مێژووییدا گوزەریكردووە.

حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەگەڵ حیزبە كوردییەكانی دیكە لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979 پانتایی تێكۆشانیان لەنێوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان كۆتایی پێهات و روویان كردە باشووری كوردستان و ئەوروپا.

لە دوای ساڵی 1991 و راپەڕینی ئاداری ئەو ساڵەی باشووری كوردستان و پێكهاتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەپێی رێككەوتنێكی نهێنی هەرێمی كوردستان و ئێران حیزبەكانی رۆژهەڵات لە زڕگوێز و كۆیە جێگیركران بە مەرجی كۆتایهێنان بە شەڕی چەكداری دژی كۆماری ئیسلامی.

لە ماوەی 31 ساڵی رابردوودا حیزبی دیموكراتی كوردستان بە تەواوی سست بووە لەتەواوی بوارەكانەوە، جگە لە قۆناغی راسان كە چەند ساڵی رابردوو جۆرێك لە هەڵسانەوەی چەكداری بوو دژی ئێران، بەڵام لە ژێر گووشاری هەرێمی كوردستان و تاران و بەغدادا پووكێندرایەوە.

حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ساڵی 2007 بۆ دوو حیزب دابەشبوون، بەڵام دوای پازدە ساڵ و لە ژێر گووشاری زۆردا و دوای چەند ساڵێك لە گفتووگۆ توانیان هەنگاوەكانی یەكگرتنەوە تەواو بكەن.

حیزبی دیموكراتی كوردستان لە دوای قازی محەمەد، هەریەكە لە عەبدولڕەحمان قاسملوو، سادق شەرەفكەندی، مستەفا هیجری بوون.

باڵەكەی دیكەی حیزبی دیموكراتیش لە ماوەی پازدە ساڵی رابردوودا مستەفا مەولوودی و خالیدی عەزیزی رێبەرایەتیان كردووە.

بەڕای كارناسانی سیاسی لەم رەوشەی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و ناوچەكەدا بە دوور دەزاندرێت ئەم یەكگرتنەوەی دیموكرات رۆڵێكی كاریگەری لەسەر گۆڕەپانی رۆژهەڵات هەبێت، بەڵام بە هەنگاوێكی ئەرێنی دادەنرێت.

No description available.