سەردێر

عێراق، وڵاتی هەڵبژاردنە پێشوەختەکان

خەڵک

عێراق، هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، بەهۆی ناجێگیری دۆخی سیاسی  تیایدا، وابەستەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بووە بەجۆرێک، لە ماوەی ساڵانی 1924 تا 1939، 10 جار هەڵبژاردن بەڕێوەچووە، کە دەبوو تەنیا 3 هەڵبژاردن بکرایە.

ساڵی 1937دا، لە مێژووی عێراقدا لەو ساڵانەیە کە دوو هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدراوە(شوبات و کانونی یەکەم).

ساڵانی 1943 تا 1958، حەوت جاری دیکە هەڵبژاردن بەڕێوەچووە.

ساڵی 1954 دوو جار هەڵبژاردن بەڕێوەچووە(کانونی دووەم و ئەیلول)

لە ساڵی 1958تا ساڵی 1980، هیچ هەڵبژاردنێک لەعێراق بەڕێوەنەچووە.

لە ساڵی 1980 بۆ ساڵی 1989 سێ هەڵبژاردن بەڕێوەچووە.

لە ساڵی 1989 تا 1996 هیچ جۆرە هەڵبژاردنێک لە عێراق بەڕێوە نەچووە. لە ساڵی 1996جگە لە هەرێمی کوردستان، لە سەرتاسەری عێراق 689 پاڵێوراو پێشبڕکێیان کردووە بۆ وەدەستهێنانی 250 کورسی، لەم هەڵبژاردنەدا ڕژێمی پێشووی عێراق خۆی 30 کورسیی دیارییکرد بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم.

ساڵی 2000 هەڵبژاردنێکی دیکە لە عێراق بەڕێوە چووە.

دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003 کاتێک ڕژێمی بەعس ڕووخا، لە ساڵی 2005 یەکەمین هەڵبژاردنی ئینتیقالی لە 30 کانونی دووەم بەڕێوەچوو.

لە یەکەم هەڵبژاردنی دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە 2005 ، کە شیوازی هەڵبژاردنی گواستراوە بوو، ژمارەی دانیشتوانی عێراق بە 27 ملیۆن کەس مەزەندە کرا، کە 14 ملیۆن و 200 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، ڕێژەی بەشداریکردن تێیدا 59% بووە، ئەم هەڵبژاردنە بووە بەرەنجامی نووسینەوەی دەستور و پێکهێنانی ئەنجوومەنی حکوم.

دواتر لە کۆتایی هەمان ساڵدا و لە 15 کانونی یەکەمی 2005، هەڵبژاردنێکی دیکە بەڕێوەچوو بۆ پەرلەمانی عێراق و ڕاپرسی لەسەر دەستووری عێراق کە ئاستی بەشداربووان لە 63% بوو.

لە ساڵی 2010 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، کە وادەکەی 7ی ئازاری 2010 بوو، لەم هەڵبژاردنەدا6281  پاڵێوراو کە 1813ژن بوون، بۆ 325 کورسی کێبرکێیان بوو، ڕێژەی بەشدارییکردن 62.4% بوو.

هەڵبژاردنی دواتر لە 30 نیسانی ساڵی 2014 بەڕێوەچوو، 9039 پاڵێوراو کە سەر بە 277 قەوارەو پارتی سیاسی بوون، پێشبڕکێیان بوو بۆ بەدەستهێنانی 328 کورسی پەرلەمان، کە 22 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام نزیکەی 12 ملیۆن کەس دەنگیان داو ڕێژەی بەشداریکردن تێیدا 60% بوو.

هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018، تێیدا 24 ملیۆن و 349 هەزار و 357 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو لە سەرتاسەری عێراق، ژمارەی پاڵێوراوانیش شەش هەزار و 904 کەس بوون، کە کێبڕکێیان بۆ 329 کورسی پەرلەمانی بوو.

هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەر وێستگەیەکی تری هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی عێراقە کە هەمووان چاوەرێی دەرەنجامەکانی دەکەین.

بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لەم هەڵبژاردنەدا، بۆ329 کورسی، 3243 کاندید بوونیان هەیە کە 951 یان ژنن.

هاوکات،25 ملیۆن و 182 هەزار و 594 عێراقی مافی دەنگدانیان هەیە.