سەردێر

بەلگەکانی پاندۆرا ئابڕووچونێكی گەورەی سەرۆک و کەسایەتییەکانی جیهان ئاشکرادەکات

سامانی نهێنی سەرۆک و کەسایەتییەکانی جیهان

خەڵک

سەرچاوە: بی بی سی

وەرگێڕان: لەنیا نامیق

لە یەكێك لە گەورەترین بەدواداچوونەكانی داراییدا، سامان و مامەڵەیەكی ئێجگار گەورەی شاراوەی سەركردەكانی وڵاتان و بەشێک لە کەسایەتییە دیارەکان لە سەرانسەری جیھاندا ئاشكرابوو.

لەو بەدواداچوونەدا سامانی (٣٥) سەركردەی ئێستا و (٣٠٠) كەسایەتی سیاسی ناسراوی پێشووی وڵاتان ئاشكرابووە، ئەو ئاشكراكردنە لەسەر بنەمای دزەپێكردنی بەڵگەنامەكان لە چەند كۆمپانیایەكی دارایی بووەو ناوی لێنراوە “بەڵگەكانی پاندۆرا”.

 

ئەندازەی ئەو بەڵگەنامە داراییانەی دزەیان پێكراوە بێوێنەیە، كە نزیكەی (١٢) ملیۆن فایلە، کە یەكسانە بە (سێ ترابایت) داتا لە چواردە سەرچاوەی جیاواز.

 

بەدواداچوونەكە لە ژێر چاودێری لێكۆڵینەوەی كۆنسراسیۆمی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەوانی  (ICIJ) بەڕێوەچووە و (٦٥٠) پەیامنێر لە (١١٧) وڵات بەشدارییان لەو لێكۆڵینەوە و پێداچوونەوەیەدا كردووە.

 

ئەم بەدواداچوونە یەكێكە لەگەورەترین پڕۆژەكانی كۆنسراسیۆمی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەوانی و دواین كاریان دەگەڕێتەوە بۆ (٧) ساڵ پێش ئێستا بەشێوەی ھاوبەش لەگەڵ بڵاوكراوەكانی بەڵگەنامەكانی (پاناما)، بەڵگەنامەی (پارادایم)، بەڵگەنامەی (سویسری) و بەڵگەنامەكانی (لوكسەمبۆرگ) بەردەوام بووە.

 

بەڵگەنامەكانی (پاندۆرا) چی دەڵێن؟

سەرچاوەی بەڵگەنامە دزەكراوەكان (١٤) كۆمپانیای دارایی و یاسایین لەپەناگەكانی باج، لەوانە(دوورگەكانی ڤێرجینی بەڕیتانی و پاناما، بێڵیز، قوبرس، سەنگافورەو سویسرا).

 

بەپێی بەڵگەنامەكان پادشای (ئوردن) بەنھێنی خاوەنی (٧٠,٠٠٠) ملیۆن پاوەند خانووبەرەیە لە ئەمریكا و بەڕیتانیا.

 

هەروەها (تۆنی بلێر) سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەڕیتانیا و ھاوسەرەكەی بۆ كڕینی نووسینگەیەك لە “لەندەن” دا، نزیكەی (٣١٢) ھەزار پاوەندیان خەرجكردووە، ئەم کڕینەش لە فەرمانگەكانی باجدا بە نھێنی تۆماركراوە، هاوكات خاوەنی یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیاكانی “لەندەن”یشن.

 

بەڵگەنامەكان ئەوەش نیشان دەدەن (ڤلادیمیر پۆتین) سەرۆكی ڕوسیا لە (مۆناكۆ) بەنھێنی خاوەنی زۆرترین سەرمایەیە.

 

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی (پاندۆرا)، سەرۆك وەزیرانی چیك (ئەندەر بابیش)، كە كاندیدە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵاتەكەی، كۆمپانیایەكی وەبەرھێنانی لە پەناگەیەكی باجدا تۆماركردووە، بەڵام لە لیستی سەرمایەكەیدا تۆمار نەكراوە، ئەم كۆمپانیایە (٢) ڤێلای بە نرخی (١٢) ملیۆن پاوەند لە باشووری “فەڕەنسا” بۆ (بابیش) كڕیوە.

 

یەكێك لەدۆزینەوە گرنگەكان لەپێداچوونەوەی بەڵگەنامە دزەكراوەكان ئەوەیە، ئاسانە بۆ دەوڵەمەندان و سەرۆكەكان بۆ دامەزراندنی كۆمپانیایەك بە تەواوی و یاسایی و كڕینی موڵك بەنھێنی لە بەڕیتانیا.

 

لەگەڵ ئەوەش (پاندۆرا) بەڵگەنامەی (٩٥) ھەزار كۆمپانیای ئاشكراكردووە، كە موڵكیان كڕیوە، ھەروەھا ئەوەشی ئاشكراكردووە حكومەتی بەڕیتانیا شكستی ھێناوە لە تۆماركردنی بەڵگەنامەكانی موڵكی، كە خاوەن كۆمپانیاكان لە پەناگەی باج بەنھێنی تۆماری كردوون.

 

ھەرچەندە چەندین جار بەڵێنی داوە ئەو كارە بكات، بەڵام نیگەرانی ئەوە ھەیە كڕیارەكان بتوانن لەم ڕێگەیەوە كاری (پارەسپیکردنەوە)ەوە بكەن.

 

یەكێك لەنموونە دیارەكان (ئیلھام عەلیێڤ) سەرۆكی “ئازەرباینجان” و خێزانەكەیەتی، كە بە (تاڵانكردن)ی سامانی نەتەوەیی تۆمەتباركراون.

 

بەڵگەنامەكانی (پاندۆرا) ئەوە نیشان دەدەن، (ئیلھام عەلیێڤ) ‌و نزیكەكانی بە نھێنی بازرگانیان كردووە، زیاتر لە (٤٠٠) ملیۆن پاوەندیان لەخانووبەرەی بەڕیتانیا خەرجكردووە.

 

بەپێی بەڵگەنامەكانی (پاندۆرا) ئەو ئاشكراكردنە دەبێتە ھۆی شەرمەزارییەكی گەورە بۆ حكومەتی بەڕیتانیا، چونكە(٣) ملیۆن پاوەند قازانجی كردووە لە فڕۆشتنی یەكێك لە موڵكەكانی لە “لەندەن” بۆ (خانووبەرەی شاھانە) بە (ئیلھام عەلیێڤ).

 

خانووە شاھانەكە كۆكراوەی موڵكەكانی شاژنی بەڕیتانیایە، لە لایەن وەزارەتی دارایی بەڕیتانیاوە بەڕێوەدەبرێت و داھاتەكەی بۆ ڕای گشتی ئاشكرانییە.

 

زۆرێك لەو مامەڵانەی بەڵگەنامەكانی (پاندۆرا) ئاشكرایان كردووە ئەوە نیشان دەدەن تەواو یاسایین، بەڵام (فێرگۆس شیل) لە لێكۆڵینەوەی كۆنسراسیۆمی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەوانی دەڵێت: ھیچ كاتێك بابەتەكان كێشەیەكی ھێندە فراوان نەبووە ئەوە نیشان بدات كۆمپانیا تۆماركراوەكان لەپەناگەی باجدان دەتوانێت پارەی كێشەدار بشارێتەوە، یان خۆی بە دوور بگرێت لە پێدانی باج.

 

ھەروەھا ئەوەش دەڵێت: دەوڵەمەندەكان و سەرۆكەكان بە كردنەوەی حسابێك یان چەسپاندنی متمانە لە پەناگەی باج، بە سەدان ملیۆن دۆلار خانووبەرە لە وڵاتانی دیكە دەكڕن و گیرفانی خێزانەكانیان لەسەر حیسابی خەڵكی پڕ دەكەن.

 

لێكۆڵینەوەی كۆنسراسیۆمی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەوانی باس لەوەش دەكات، ئاشكراكردنەكە سندوقی زۆر شت دەكاتەوە، بۆیە بە ناوی ئەفسانەی بەناوبانگی یۆنانی بەڵگەنامەكانی (پاندۆرا) ناونراوە.

 

شا (عەبدوڵڵا) و كۆشكی “مالیبۆ”

بەڵگەنامە دزەكراوەكان دەریدەخەن، پادشای ئوردن شا عەبدوڵڵای دووەم، لە ساڵی (١٩٩٩)ەوە، بە بەكارھێنانی تۆڕێك لە كۆمپانیا تۆماركراوەكان لە دورگەكانی ڤێرجینی بەڕیتانی و پەناگەكانی باج لە دەسەڵاتدا، بە نھێنی (٧٠) ملیۆن پاوەند و زیاتر لە (١٠٠) ملیۆن دۆلار موڵكی بە ناوی خۆی كردووە، لەگەڵ كڕینی (١٥) كۆشك لە ئەمریكا و بەڕیتانیا، لەوانە(٣) كۆشكی دەڕوانن بەسەر زەریادا لە (مالیبۆ)ی كالیفۆرنیا بە بەھای (٥٠) ملیۆن پاوەند، لەگەڵ كڕینی كۆشك لە لەندەن و ئەسكۆت لە بەریتانیا.

 

ھاوكات لەگەڵ زیادكردنی لیستی موڵكە تایبەتەكان، باس لەوەكراوە، پاشای ئوردن حكومەتێكی دەسەڵاتخواز بەڕێوەدەبات، لەم ساڵانەی دواییدا ڕووبەڕووی ناڕەزایی جەماوەری بووەتەوە لەسەر سەركردەكان و زیادبوونی باج.

 

لەبەرانبەردا پارێزەرانی شا(عەبدوڵڵا) دەڵێن: ھەموو خانووبەرەكان بە سەرمایەی تایبەتی كڕاوە، ھەروەھا سامانی كەسی بۆ خەڵكی ئوردن خەرج دەكرێت.

 

پارێزەرەكان باس لەوەش دەكەن، كە ئەوە زۆر باوە بۆ ناوداران بۆ كڕینی موڵك لە ڕێگەی ئەو كۆمپانیایانەی لە پەناگەی باج تۆماركراون.

 

چ كەسانێكی دیكە ناویان لەبەڵگەنامەكانی (پانۆرا) دا ھاتووە..؟

 

ئەو كەسانەی سەرمایەكانیان لەبەڵگەنامەكانی (پاندۆرا) دا ئاشكراكراوە، چەند كەسایەتییەكی تری سیاسین.

 

بازنەی كەسە نزیكەكانی (عیمران خان)ی سەرۆك وەزیرانی “پاكستان” و وەزیرەكانی حكومەت و خێزانەكانیان، بە نھێنی خاوەنی كۆمپانیا و ملیۆنەھا دۆلارن.

 

سەرۆكی كینیا (ئۆھورو كینیاتا) و (٦) ئەندامی خێزانەكەی خاوەنی تۆڕێكی كۆمپانیان لە پەناگەی باجدا تۆماركراون، پەیوەندیان بە(١١) كۆمپانیاوە ھەیە، ھەر یەكێك لەو كۆمپانیایانە(٣٠) ملیۆن دۆلاری ھەیە.

 

سەرۆكی ئۆكراین (ڤۆڵدیمیر زیلینسكی) پشكی خۆی گواستەوە لەكۆمپانیایەكی تۆماركراوی باج بۆ كۆمپانیایەكی تر، پێش ھەڵبژاردنەكانی ساڵی (٢٠١٩) كە تێیدا براوە بوو.

 

بەڵگەكانی (پاندۆرا) ئەوە نیشان دەدەن (تۆنی بلێر) و ھاوسەرەكەی چڕیی سامانی خۆیان شاردووەتەوە، ھەروەھا بەڵگەكان ئاشكراشیان كردووە پێویست ناكات (مۆری باج) ھەڵوەشێتەوە بۆ كڕینی ئۆفیسێك بە بەھای (٦.٤٥) ملیۆن پاوەند.

 

(تۆنی بلێر) و ھاوسەرەكەی لە ساڵی (٢٠١٧) خاوەنی ئەم نووسینگەیە بوون لە ناوەندی “لەندەن” بە كڕینی كۆمپانیایەك لە پەناگەی باجدا تۆماركراوە.

 

كڕینێكی لەو جۆرە لە بەڕیتانیا تەواو یاساییە و تێچووی ھەڵوەشاندنەوەی لە (مۆری باج) ناگرێتەوە، بەڵام سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا ڕەخنەگری (دەرچەی باج) بووە.

 

لەو بارەوە هاوسەری تۆنی بلێر دەڵێت: فڕۆشیارەكە سوور بووە لەسەر فڕۆشتنی ئۆفیسەكە بە كۆمپانیایەك، لە پەناگەی باج تۆماركراوە، ئەم مامەڵەیە بەپێی یاسای بەریتانیا ئەنجامدەدرێت و لە حاڵەتی فرۆشتنی فەرمانگەكەدا، باجی دەستكەوتی سەرمایە دەبێت بدرێت.

 

كوڕێكی تەمەن (١١) ساڵ و بینایەكی (٣٣) ملیۆن پاوەندی

 

بەڵگەكانی (پاندۆرا) دەریدەخەن، خێزانی (عەلیێڤ) خانووبەرەیان لە بەریتانیا كڕیوە لەو كۆمپانیایانەی لە شوێنی باج تۆمار كراون.

 

ھەروەھا بەڵگەنامەكان ئەوە نیشان دەدەن خێزانی (عەلیێڤ) (١٧) موڵكیان كڕیوە، لەوانە ئۆفیسێك بە (٣٣) ملیۆن پاوەند لە ناوەڕاستی “لەندەن”، بە ناوی (حەیدەری كوڕی عەلیێڤ)ە، كە تەمەنی (١١) ساڵە.

 

ئۆفیسەكە لە گەڕەكی (مەی فەری) لەندەنە، یەكەم جار كۆمپانیایەكی گرانبەھای كڕی لە ساڵی (٢٠٠٩)، خاوەنەكەی ھاوڕێیەكی خێزانی (عەلیێڤ)ە، مانگێك دواتر خاوەنداریەتییەكەی گواسترایەوە بۆ (حەیدەر).

 

خێزانی ناوبراو لە ساڵی (٢٠١٨) بە (٦٦) ملیۆن پاوەند ئۆفیسەكەیان فڕۆشت بە (خانووبەرەی شاھانە).

 

موڵكی شاھانە لەو بارەوە رایگەیاندووە، ھەموو پێداچوونەوە یاساییە پێویستییەكانی ئەنجام داوە پێش كڕین، بەڵام ئێستا پێداچوونەوەی مامەڵە دەكات.

 

حكومەتی بەڕیتانیاش رایگەیاندووە، بە تووندكردنی یاساكان و چاودێری زیاتر لە ڕووی خولی پەرلەمانییەوە شەڕی پارە سپیکردنەوە دەكات.

 

ھەروەھا رایگەیاندووە، كار دەكات بۆ پەسەندكردنی تۆماری گشتی خاوەندارێتی كۆمپانیا تۆماركراوەكان لە پەناگەكانی باج کە خاوەنی موڵكن لە بەڕیتانیا.