سەردێر

هەڵەكانی گۆڕان لە هاوپەیمانێتی كردن لەگەڵ یەكێتی و پارتیدا

گۆڕان نەیتوانی یارییەكی باش لەنێوان پارتی و یەكێتیدا بكات

خەڵك-

بزووتنەوەی گۆڕان كاتێك سەریهەڵدا و بووە دووهەم هێزی كاریگەری سەر گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان، زۆرێكی تووشی شۆك كرد، كاتێك گۆڕان درووشمی گۆڕینی دەسەڵاتی بەرزكردەوە و دواتر پاشەكشەی كرد بەرەو دەسەڵات و هاوپەیمانیكردن، دەیتوانی هەنگاوی گەورە بنێت و یارییەكی بەهێز لەنێوان یەكێتی و پارتیدا بكات، كاتێك هەردوولا تامەزرۆی هاوپەیمانی كردن بوون لەگەڵیدا، بەڵام هەڵەكانی و ستراتیژی نەبوونی كاركردنی بووەهۆی لەنێوچوونی ئەو كاریگەرییەی جەماوەری تووڕەی كوردستان بە ژمارەی نیو ملیۆن كەس بۆیان دروستكرد.

لە دوای ساڵانی نەوەدەكانی رابردووەوە باشووری كوردستان بە دەست دوو ئیدارەیی یەكێتی و پارتییەوە دەناڵێنێت كە تا ئێستاش بەردەوامە، بزووتنەوەی گۆڕان باشترین چانس بوو بۆ كۆتاییهێنان بە ئەم دوو ئیدارەییە و زاڵكردنی لایەك بەسەر لایەكەیدا دیكە، هەرچەندە ئەمە بەلای هێندێكەوە قوورسە و رەنگە شەڕی بەدوداهاتبا، بەڵام دواجار هیچ دەستكەوتێك بەبێ قووربانیش نابێت، بەڵام گۆڕان ئەم هەلەشی لەدەستدا.

گۆڕان نەیتوانی بیگۆڕێت وەك درووشمەكەی خۆی كە دەیانگوت “دەیگۆڕین” بەڵام دواجار خۆیان گۆڕان لەنێو یەكێتی و پارتیدا وونبوون، بەشێكیان لە پەرلەمان و حكومەت بوونە خاوەن پۆست و بەرژەوەندی، بەشێكیشیان راستەوخۆ چوونە نێو پارتی و یەكێتییەوە، جەماوەرەكەشیان بێ هیوا بوو.

هاوكات چانسی كۆتاییهێنانی بە سیستمی دووئیدارەییشی لە دەستدا بەهۆی نەشارەزایی و پەلە پەل لە بڕیاردان و سیاسەتەكانیدا، چونكە سەرەتا یەكێتی و پارتی هەردوولایان خواستی نزیكبوونەوەیان لەگۆڕان هەبوو، هەركاتێكیش گۆڕان لەیەكێكیانەوە نزیكبایەتەوە، لایەكەی دیكە نیگەران و تووڕە دەبوو.

هەڵەكانی گۆڕان لە هاوپەیمانیكردن لەگەڵ یەكێـتی و پارتیدا:

یەكهەم: لە 2013 كاتێك گۆڕان رێككەوتنی لەگەڵ پارتی كرد بەشداری حكومەتی كرد یەكێتی زۆر نیگەران بوو، گۆڕان دەیتوانی لە رێگای ئەم رێككەوتنەوە هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەی سەوزدا بسەپێنێت و فراوانخوازییەكانی یەكێتی و زۆنگی سەوز كۆتایی پێ بهێنێت، بەهۆی ئەوەی جەماوەری ناوچەكەی لەگەڵ بوو، حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی بەهەموو هێز و تواناوە لەگەڵ بوو، بەڵام یەكێتی ووردە ووردە كاری كرد بۆ تێكدانی ئەم رێككەوتنە بەناوی گۆڕینی سیستمی سیاسی و سەرۆكایەتی هەرێمەوە یەكێتی گۆڕانی خەڵەتاند لە 2015 دا هانی گۆڕانی دا بەناوی بەرەی یەكێتی و گۆڕان و ئیسلامییەكانەوە بۆ هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی و لابردنی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێم، ئەمەش بە كارەسات بۆ گۆڕان شكایەوە بە دورخستنەوەی لە حكومەت و پەرلەمان كۆتایی هات، یەكێتی و ئیسلامییەكانیش تا سەر لەگەڵ گۆڕان نەڕۆیشتن، دواتر چوونەوە لای پارتی لە بابەتی ریفراندۆمدا و پەرلەمانیان بۆ پارتی كاراكردەوە بە بێ گۆڕان، گۆڕان بە شكستێكی گەورەوە لە ئەم قۆناغە دەرچوو، هەلێكی زێڕینی لەدەستدا.

دووهەم: رێككەوتنی 2017ی یەكێتی و گۆڕان ئەم رێككەوتنە پارتی زۆر نیگەران كرد بۆیە ددانی پێدا نەنا، لە ئەم رێككەوتنەشدا گۆڕان بە شكستەوە هاتەدەرێ، بەڵام لە ئەمەیاندا گۆڕان كەمتر هۆكار بووە هێندەی تووندی و دژایەتی پارتی لەگەڵ رێككەوتنەكە و دژایەتی باڵێكی دەستڕۆیشتووی ئەو كاتی یەكێتی هۆكار بوو بۆ شكستی رێككەوتنەكە، بەڵام لایەنی كەم گۆڕان دەیتوانی بە ئاسانی خۆی بە دەستەوە نەدا، ئەم رێككەوتنە هەلێك بوو بۆ كۆتایهێنان بە هەژموونی پارتی بەسەر حكومەت و گۆڕانەوەی هاوسەنگی هێز و لاوازكردنی زۆنگی زەرد.

سێهەم: گۆڕان لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێبەرەكەی و شكستی لە ئەم دوو رێككەوتنەدا لە هەڵبژاردنەكانی 2018 نیوەی كورسییەكانی لەدەستدا جەماوەر متمانەی پێی نەما، بەناچاری چووەوە بۆ رێككەوتن لەگەڵ پارتی، رێككەوتنێك كە نەیتوانی قەرەبووی هەڵەكەی رابردووی بكاتەوە كە لە رێككەوتنەكەی رابردوودا كردبووی، بۆیە نە رێككەوتنەكە جێبەجێكرا، نە كاریگەرییەكەی جارانی ما، خراپتریش پێنج ئەمدام پەرلەمانی بەغدا و 6 ئەندام پەرلەمانی كوردستانی و ژمارەیەكی زۆر لە هەڵسوڕاو و سەركردەی لە دژی وەستانەوە و لە شەقامیش زیاتر كەم بایەخ بوو.

چوارهەم: گۆڕان چەند رێككەوتنێكی دیكەی كردووە بۆ دابەشكردنی پۆست لەسەر پارێزگاكانی هەڵەبجە و سلێمانی، بە گوتەی خۆیان ئەم رێككەوتنانەش وەك پێویست جێبەجێنەكراون.

پێنجهەم: دواین رێككەوتن هاوپەیمانی یەكێتی و گۆڕانە بۆ هەڵبژاردنەكانی پایزی ئەمساڵ، ئەم بڕگەیە لە رێككەوتنەكەی 2017دا هەبوو، بەڵام ئەو كات نەكرا، ئێستا قەرەبووی ئەو كاتە ناكاتەوە، لە ئێستاوە شكستی هاوپەیمانێتییەكە لە سەركەوتنی نزیكترە، بەهۆی ئەوەی گۆڕان لە رەوشێكدا نییە یەكێتی وەك جاران تامەزرۆی هاوپەیمانی بێت لەگەڵیدا، پارتیش پێی نیگەران نییە چونكە دەزانێت پێگەی گۆڕان پێگەیەك نییە لەگەڵ یەكێتی بتوانێت مەترسی بۆ پارتی دروست بكات، جەماوەری گۆڕانیش جەماوەرەكەی پێشتر نییە، لەنێو یەكێتیشدا لە ئێستاوە ناڕەزایەتی سەری هەڵداوە.