خەڵك-
لە مۆزەمبیق بەرەنگاربوونەوەی توند لەنێوان سوپای ئەم وڵاتە و چەكدارە توندڕۆ ئیسلامییەكانی بزووتنەوەی شەبابی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لە ناوچەی باكوری مۆزەمبیق و تانزانیا ڕووی دا.
هەفتەی رابردوو ئەم چەكدارە توندڕۆیانەی بزووتنەوەی شەباب كە سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی داعشن شارۆچكەی پالمای ستراتیژیی هەرێمی كابۆ دیلجادووی دەوڵەمەند بە نەوتیان دەست بەسەرداگرت، ئەم چەكدارە توندڕۆیانە چۆن گەیشتن بە ئەم ناوچەیە بە ئاسانی، ئاڕاستەی ئایندەیان چییە؟
سەرۆكی مۆزەمیبیق فیلیپ نیوسی رایگەیاند شاری پالمایان گرتووەتەوە و چەكدارە تیرۆرستە ئیسلامییەكان دوورخستووەتەوە، بەڵام جارێ سەركەوتن راناگەیەنن، بەڵكو تەنها دەڵێن بەرەنگاری تیرۆر دەبنەوە.
شارەزا لە كاروباری ئەفریقایی هوبە بشبیشی:
گەیشتنی داعش بە مۆزەمیبیق كتوپڕ و چاوەڕوان نەكراو بوو
شارەزا لە كاروباری ئەفریقایی هوبە بشبیشی دەڵێت: گەیشتنی داعش بە مۆزەمیبیق كتوپڕ و چاوەڕوان نەكراو بوو، بەڵام قورس نەبوو.
بشبیشی كە مامۆستای توێژینەوە ئەفریقاییەكانە لە زانكۆی قاهیرە بۆ كەناڵی سكاینیوز دەڵێت: پەلهاوێشتنی داعش بۆ ناوچەكانی خۆرهەڵات بەتایبەت مۆزەمبیق ئاماژەی توانای رێكخراوەكەیە بۆ گەیشتن بە ناوچەكانی جێنفوزی فەڕەنسا لە خۆرهەڵاتی ئەفریقا.
بوونی فەڕەنسا تەنها لە ناوچەكانی خۆرئاوای كیشوەرە رەشەكەدا كورت نابێتەوە، بەڵكو كۆمپانیای تۆتاڵ لە خۆرهەڵاتی ئەفریقاش هەیە بۆ دەرهێنانی غاز، بەتایبەت لە مۆزەمبیق، ئاماژەیەكی دیكەش بوونی ململانێیە لەنێوان فەڕەنسا و دەوڵەتانی دیكەی پشتیوانی رێكخراوە تیرۆرستییەكان.
بەپێی راپۆرتی دەزگای سی ئای ئەی، دەزگای هەواڵگری ئەمریكایی رێبەری داعش لە مۆزەمبیق ناوی ئەبوو یاسر حەسەنە، بەڵام ئەو كەسێتییەكی شاراوەیە زانیاری لەسەر نییە، ئەو چووەتە نێو بزووتنەوەی شەباب كە دواتر چوونە پاڵ دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا “داعش” لە ساڵی 2019.
رێكخراوە تیرۆرستییەكان توانیویانە لە ئەفریقا نزیكەی 800 تیرۆرست لە ریزەكانیان رێكبخەن كە چالاكی دەكەن لە چوارچێوەی شانە و گرووپی بچووكدا و توانای خۆكۆكردنەوەیان هەیە بۆ هێرشی گەورە، ئەمەش دەركەوت لە دوای گرتنی شاری پالما .
بەپێی سەرچاوە ئەمریكاییەكان داعش لە مۆزەمبیق 1300 كەسی كوشتووە لە 2017وە تا ئێستا.
هاوكات توندوتیژییەكانی ئەم رێكخراوە تیرۆرستییە بووە بە هۆی كوژرانی نزیكەی 2500 كەس لە هاووڵاتیان و هێزە ئاسایشییەكان و چەكدارە تیرۆرستەكان خۆیان، سەرباری ئاوارەبوونی هەزاران كەس لە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
داعش كەڵك وەردەگرێت لە لاوازی سوپای مۆزەمبیق كە خۆی دەبینێتەوە لە 11200 سەرباز، كە 10 هەزاریان لە سوپا و 1200یش لە هێزی دەریایی و ئاسمانیدان.
لاوازییەكانی سوپا بووە بەهۆی سەركەوتنی تیرۆرستەكان لە هێرشی فراوان، بەهۆیەوە بۆ ماوەی 90 رۆژ دەستیان بە سەر بەندەری موكیمباوادا گرت لە هەرێمی كابۆ دیلجادو لە ئابی 2020، لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا شاری پالمایان گرت كە هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر دامەزراوە گەورەكانی غاز لە باكوری وڵات.
ماڵپەڕی دێفێنس وەنی ئەمریكایی:
لە مانگەكانی ئایندەدا داعش هێرشەكانی چڕ دەكاتەوە بۆ سەر ئەو وڵاتانەی ئەفریقا كە لاوازن و ململانێی نێوخۆییان تێدایە
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی دێفێنس وەنی ئەمریكایی لە مانگەكانی ئایندەدا داعش هێرشەكانی چڕ دەكاتەوە بۆ سەر ئەو وڵاتانەی ئەفریقا كە لاوازن و ململانێی نێوخۆییان تێدایە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕە ئەمریكاییەكە، بزووتنەوەی شەباب فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكاردەهێنێت لە هێرشەكانی ئایندەیدا.
ئەو وڵاتانەشی پێشبینی دەكرێت كە شەباب هێرشیان بكاتە سەر بریتین لە مالی، كوت دیڤوار، بوركینا فاسو، گانا، سەنیگال.