سەردێر

ساڵوەگەڕی بڕیاری 688ە

فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەمریكا ناوچەی دژەفڕینیان بۆ كورد دروستكرد

 

خەڵك-

ئەمڕۆ 5ی نیسانی 2021، 30 ساڵ تێپەڕ دەبێت دەركردنی بڕیاری 688 لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە كە بەهۆیەوە ناوچەی ئارام بۆ پارێزگاری كورد لە كوردستان لە هێرشەكانی رژێمی پێشووی عێراق پێكهات.

رۆژی 5ی نیسانی 1991 بەپێی بڕیاری ژمارە 688 دوای چوونی پەیامێكی نوێنەرانی فەڕەنسا و ئێران و توركیا كە تێیدا ئاماژەیان بۆ ئەوە كردبوو كە گەلی عێراق سەركوت دەكرێت بەتایبەت كوردان لە باشوری كوردستان، شەرمەزاری ئەم سەركوتكردنەی كرد و داواشیكرد سنوورێك بۆ ئەو كردەوانە و دابنرێت و پێشێلی مافەكانی مرۆڤ نەكرێت.

داواشیكرد عێراق رێگا بدات هاوكاری رێكخراوە مرۆییەكان بگەیەنرێـتە ناوچە زیانباربووەكان و ئەمینداری گشتی داوای راپۆرتی كرد لەسەر دانیشتوانی عێراق و كوردە زیانباربووەكان لەسەركوتی رژێمی عێراق.

بڕیارەكە 10 دەنگی پشتیوانی بە دەستهێنا، لەگەڵ دژایەتی یەمەن و زیمبابۆی و كوبا و دەنگنەدانی چین و هیندستان.

فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەمریكا بڕیاری 688یان بەكارهێنا بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام یان دژەفڕین لەپێناو پارێزگاری لە پرۆسە مرۆییەكان لە عێراق.

رژێمی عێراق لە ساڵی 1990دا كوێتی داگیركرد وەك پارێزگەی نۆزدەهەمینی عێراقی ناساندی، خواستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ كشانەوە رەتكردەوە.

هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بە رێبەرایەتی ئەمریكا لە ساڵی 1991 هێرشی گرتنەوەی كوێتیان ئەنجامدا، سوپای عێراقیان تێكشكاند.

لە باشوری عێراق شیعە مەزهەبەكان دژی رژێمی پێشووی عێراق راپەڕین.

گەلی كورد لە باشوری كوردستان لە 5ی ئاداری 1991 راپەڕینیان دەستپێكرد تا 20ی ئادار زۆرینەی خاكی باشوریان گرت.

دوای خۆگرتنەوەی سوپای عێراق، بەغدا هێرشی پێچەوانەی گرتنەوەی ناوچەكانی باشوری عێراق و هەرێمی كوردستان دەستپێكرد.

سوپای عێراق توانی لە ماوەی چەند رۆژێكدا تەواوی خاكی باشوری كوردستان بگرێتەوە.

لە 31ی ئادار و 1ی نیسانی 1991 بە ملیۆنان خەڵكی باشوری كوردستان روویان لە ئێران و توركیا كرد، ئەمە بە كۆڕەوی ملیۆنی ناسرا.

ئەم كۆڕەوە ملیۆنییە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێنایە سەر هێڵ لە 6ی نیسانی 1991 بە پێشەنگی فەڕەنسا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری 688ی بەسەر بەغدا دا سەپاند و بڕیاری ناوچەی دژەفڕین درا.