سەردێر

سەرکردەی بەکرێگیراوە سوورییەکان لە لیبیا، هەڕەشە لە ئەردۆغان دەکات

سەرەڕای قەیرانێکی ڕوخێنەری ئابوری و دابەزینی بەهای دراو و هەڵاوسانێکی زۆر، بەڵام ئەنقەرە دەستبەرداری دامەزراندنی بەکرێگیراوانی سووری نەبووە

خەڵک

سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە، سەرکردەی گروپە بەکرێگیراوە سوورییەکان لە لیبیا، یاخیبوونێکی گەورەیان لە هەگبەدایە دژی تورکیا و حکومەتی ئەلویفاقی لیبی، بەهۆیی جیاوازی و درەنگ کەوتنی مووچەکانیان هەڕەشەی کشانەوە لەو وڵاتە دەکەن و بەم کارەشیان پەیامی نیگەرانیی و هەڕەشەیان گەیاندووەتە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا.

 

سەرچاوەکانی نزیک لەسەرکردەی چەکدارانی بەکرێگیراوی سووری کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیان دەکرێت، بۆ (سکای نیوزی عەرەبی) ئاشکرایانکردووە، فەرماندەی لیواکانی هێزی قودسی سووریا کە بە أبو الغضب” ناسراوە، هەڕەشەی کشانەوەی میلیشیاکانی لەتەرابلوس بۆ دەرەوەی لیبیا کردووە، ئەگەر بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ تورکیا هەیانە بڕی 28 ملیۆن دۆلاریان بۆ خەرج نەکرێت.

 

چەکدارانی سوری لە لیبیا، دەڵێن؛ فریودراون، پاش ئەوەی ئەنقەرە بەڵێنی پێدان مووچەیان پێبگات و چاوی لەکەسووکاریان بێت لە سووریا، بەڵام ئێستا خۆیان بێ مووچەو خێزانەکانیشیان بێ خواردن بەجێهێڵراون.

 

 8 بەتالیۆنی یاخی

 

“أبو الغضب” ، سەرکردایەتی هەشت کەتیبەی چەکدارانی بەکرێگیراو دەکات کە هەموویان لە دەستی بە دەستی و بەکارهێنانیان لەلایەن تورکیا نیگەرانن، چیتر نایانەوێت لەو وڵاتە بمێننەوە، لەکاتێکدا لەگەڵ میلیشیا ناوخۆییەکانی لیبیادا لەجەنگدان .

 

أبو الغضب، پێشتر لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە ” تیک تۆک ” دا بڵاویکردبووەوە، هەڕەشەی لە خۆپیشاندەرانی لیبیا دەکرد، کە بە گوللە وەڵامیان دەداتەوە.

 

هاندانی بەکرێگیراوان بەردەوامە

 

بەپێی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەرەڕای قەیرانێکی ڕوخێنەری ئابوری و دابەزینی بەهای دراو و هەڵاوسانێکی زۆر، بەڵام ئەنقەرە دەستبەرداری دامەزراندنی بەکرێگیراوانی سووریا نەبووە و هێشتا ئەو کەسانە دەدۆزێتەوە کە دەتوانن باوەڕیان پێبهێنن بۆ گەشتکردن بۆ ئەو شوێنەی کە خۆیان دەیانەوێت.

 

بەپێی ڕوانگەکە،  بەکرێگیراوان کاتێک بەرچاوڕوونی و ڕاستیی بارودۆخەکەیان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە لەجەنگێکی بەکرێدان، زۆرێکیان تەنیا یەک بژاردە دەدۆزنەوە ئەویش ئەوەیە لە لیبیاوە بۆ ئەوروپا هەڵبێن، یان لەو وڵاتە بمێننەوە و کاری تاوانکاری ئەنجام بدەن.

 

7  هەزار بەکرێگیراوی سوری لە لیبیا

 

سەرەڕای داواکاریە نێودەوڵەتییەکان و کۆدەنگی ” لیبی ” بۆ ڕاگرتنی لێشاوی بەکرێگیراوانی سووریا بۆ ناو خاکی ئەو وڵاتە و سڕینەوەی کاری هەموو میلیشیاکان لە وڵات، بەڵام هێشتا ئەو وڵاتە پڕە لە هەزاران بەکرێگیراوی سووری کە لە ئێستادا بە 7000 بەکرێگیراو مەزەندە دەکرێن .

 

هەرچەندە وادەی دیاریکراو کە ماوەی سێ مانگ بوو بۆ کشانەوەی بەکرێگیراوەکان تەواو بووە، وەک لە رێککەوتنی ئاگربەستدا کە لە 23ی ئۆکتۆبەری رابردوو لە لیبیا واژۆکرا، بەڵام ئێستا پێچەوانەکەی پیادە دەکرێت.

 

لە لایەکی دیکە بەپێی هەندێک ئامار، لەلیبیادا 18 هەزار بەکرێگیراوی سووری لە لیبایادا هەبوون، لەوانە 350 منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵیان لەناودابووە لەو ژمارەیە 496 یان کوژراون و  10 هەزارو 750 شیان بۆ وڵاتەکیان گەڕاونەتەوە .