سەردێر

پاپا فرانسیس، لە ئەمریکای لاتینەوە بۆ ڤاتیکان

خەڵک

خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆ، ناوی تەواوی (پاپا فرانسیس)ە، لەدایکبووی 17-12-1963شاری بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرژەنتینە .

یەکەم کەسی بە ڕەگەز ئەمەریکای لاتینیە کە نازناوی (پاپ) وەردەگرێت، دووەم کەسایەتی کاسۆلیکی دەرەوەی کیشوەری ئەوروپاشە لە دوای گریگۆری سێیەم کە هەمان نازناوی وەرگرتووە.

لە رێککەوتی 13ی ئاداری 2013ـ، وەک 226ـەمین پاپای فاتیکان دیاریکراوە.

جێنشینی پاپی پێشوو بوتڕس و ئەسقەفی رۆمایە.

پێشتر بەرپرسیارییەتی سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکانی پێ سپێردراوە.

دوای پاپا گریگۆری شەشەم، دووەم کریستیانی ڕەبەنە کە وەک پاپ دەستنیشانکراوە و تا ئێستا ھاوسەرگیری نەکردووە.

پێشتر سەرۆکی ئەسقەفەکانی بۆینس ئایرس بووە، لە ساڵی ٢٠٠١ پاپا یۆحەنا پۆڵسی دووەم نازناوی (کاردیناڵ)ی پێبەخشیوە.

پاپا فرانسیس زمانەکانی ئیسپانی، لاتینی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، فەڕەنسی، ئۆکڕانی و ھەروەھا ئینگلیزی دەزانێت.

بە داکۆکیکاری ھەموو بزووتنەوەیەکی مرۆڤ دۆستانە و ھێنانەدی دادگەری کۆمەڵایەتی و رێگەخۆشکردن بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی نێوان نەتەوە و ئایین و بۆچوونە جیاوازەکان دەناسرێت.

دوای ھەڵبژاردنی وەک پاپای نوێی ڤاتیکان چەندین رێوشوێن و مەڕاسیمی ئایینی پێشووتری ھەڵوەشاندەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئایینی ڤاتیکانیش توانای گۆڕانکاری لە ڕێسا و یاسا چەقبووەستەکان ھەیە.

 

خانەوادەی پاپا فرانسیس بە رەگەز ئیتاڵین بەڵام لە سەردەمی حکومڕانی فاشیستی ئیتاڵی، خانەوادەکەی بە ناچاری ئیتاڵیا بەجێدەھێڵن و بەرەو ئەرجەنتین کۆچ دەکەن.

 

لە منداڵییەوە پاپا، حەزی بە موزیک و فیلم و کەلتوری وڵاتانی ئەرجەنتین و ئۆرۆگوای کردووە.

 

لە کاتی لاویشدا حەزی بە وەرزش و یاری تۆپی پێ بووە و ھاندەرێکی سەرسەختی ماڕادۆنا و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بووە.

 

لە ڕووی ئەزموونی خوێندنەوە پاپا فڕانسیس قۆناغی بنەڕەتی لە دەوروبەری شاری بۆینس ئایرس تەواوکردووە، دواتر لە قۆناغی ئامادەیی گرنگی بە زانستی کیمیا داوە و تەنانەت لە زانکۆش قۆناغەکانی بەکالۆریۆس و ماستەری لەبواری کیمیا تەواوکردووە و دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندنیش بە سەرکەوتوویی لە یەکێک لە تاقیگەکانی بواری کیمیاگەری لە شاری بۆینس ئایرسی ئەرجەنتینی بۆ ماوەی 3 ساڵ کاریکردووە.

 

لە تەمەنی لاویەوە لە ڕێگەی کاھینێکی پەرستگای بێزەنتی تێکەڵ بە ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی وڵاتانی رۆژھەڵاتی بووە.

 

لە تەمەنی 21 ساڵییەوە چۆتە نێو ئەزموونی کەنیسە لە 11ـی ئاداری 1958ـەوە وەک ڕەبەنێکی کریستیانی دەستی بەکارکردووە زانستەکانی مرۆیی و لاھوتی لە شاری سانتیاگۆی پایتەختی وڵاتی شیللی خوێندووە.

پاشان لە ئەرجەنتین درێژەی بە خوێندنی پسپۆڕی فەلسەفی و ئایینی داوە لە پەیمانگەی ئیکلیرکی.

 

لە ساڵی 1967 خوێندنی ئایینی و لاھوتی تەواوکردووە و لە 13-12-1969 بۆ یەکەمجار و بە فەرمی وەک کاھینی کڵێسا دەستبەکاربووە.

 

پاشان دووچاری نەخۆشییەکی کوشندە بۆتەوە و بەھۆیەوە یەکێک لە گورچیلەکانی لەدەستداوە.

 

پاشان وەک ڕاگری پەیمانگەی لاھوتی لە سان مییگل کاریکردووە و تا ساڵی 1986 لەو پۆستەدا ماوەتەوە.

 

ساڵێک دواتر ھاتۆتە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بە مەبەستی خوێندنی قۆناغی دکتۆرا لە بواری ڕەبەنی کریستیانی ئەمەش دەبێتە وێستگەیەکی گرنگی ژیانی پاپا فڕانسیس.

 

دوای مردنی سەرۆکی ئەسقەفەکانی بۆینس ئایرس کاردینال ئەنتۆنیۆ کاراکینۆ لە 28ی شوباتی 1998 دەرفەتی لە بار بۆ ھاتنە پێشەوەی پاپا فرانسیس دەڕەخسێت و لە شوێنی ناوبراو دەکرێتە سەرۆکی ئەسقەفەکانی شاری بۆینس ئایرس بە دیاریکراوی لە 6-11-1998 ھاوکات ئەرکی سەرپەرشتیکردنی کڵێساکانی کاسۆلیکی رۆژھەڵاتیشی پێ سپێردرا.

 

لە ساڵانی بوون بە کاردیناڵ چەندین ھەڵسوکەوت و تقوسی ئایینی ئەنجامدا کە لە سەرجەم سەرپەرشتیکارانی پێش خۆی جیاواز بوو، بە جۆرێک کرانەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی و توانی مەودای نێوان خەڵک و کڵێسا نزیکبکاتەوە تا ئەوەی لەلای ھەمووان خۆشەویست بوو.

ھاوکات بەشداریپێکردنی کەسانی نێو گرتووخانەکان کە لە بنەمادا کاسۆلیکیش نەبوون و ھاندانی ڕەبەنەکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ھاوسەرگیری زیاتر پاپا فڕانسیسی ناسراو کرد.

 

لە رێککەوتی 11 شوباتی 2013 دوای دەست لەکارکێشانەوەی پاپا بێنێدیکتی شازدەھەم بەھۆی گەورەبوونی تەمەنییەوە، کۆمیتەی گشتی کۆمەڵگەی کیرادلی ڕۆژی 12ـی ئاداری 2013 یان دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی دەنگدان لەسەر دیاریکردنی پاپای نوێ و بە دەنگی دوو لەسەر سێی سەرۆک ئەسقەفەکان پاپا فرانسیس وەک پاپای نوێی ڤاتیکان دیاریکرا.

 

دەستبەکاربوونی پاپا فڕانسیس وەک پاپای نوێی ڤاتیکان پێشوازییەکی گەورەی ئایینی و سیاسی لەسەر ئاستی جیھاندا بەخۆیەوە بینی، چونکە لەلایەک یەکەم کەسایەتی ئایینی کیشوەری ئەمەریکای لاتین بوو کە بۆ ئەم پۆستە کاندید بکرێت، لەلایەکی دیکەوەش کەسایەتییە کراوەکەی پاپا فرانسیس و ھەوڵەکانی بۆ نزیککردنەوەی مەودای نێوان خەڵک و کڵێسا لەلایەکی دیکەوە ببوە جێگەی بایەخی جیھان.

بە گوێرەی ئامارێکی ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی مەڕاسیمی دەست بەکاربوونی پاپا فڕانسیس لەلایەن 2800 کەناڵی تەلەفزیۆنییەوە پەخشکرا و پتر لە 6000 ھەزار رۆژنامەنووس ڕووماڵی مەڕاسیمی دەستبەکاربوونیان کرد.

ھاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پتر لە 137 ھەزار پۆست لەسەر ئەم ڕووداوە مێژووییە کرا.

ئەمڕۆش پاپا، هەنگاوێکی گەورەی بۆ چوسپاندنی لە مێژووی کارەکانیدا نا، ئەویش بە ساردانیکردنی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ سیاسی و بەرپرسان و کۆبوونەوەی لەگەڵ هاودینەکانی و ئەنجامدانی سروت و ڕێوڕەسم و نوێژکردن بۆ هێناندی ئاشتی و ئارامی لە عێراقدا.