سەردێر

ساڵوەگەڕی راپەڕینە

خەڵك-

ئەمڕۆ 5ی ئاداری 2021 ساڵوەگەڕی 30هەمینی راپەڕینی گەلی كوردستانی باشوورە لە دژی رژێمی پێشووی عێراق.

دوای شەڕی ئێران و عێراق و شكستی شۆڕشی كورد و كیمیابارانی هەڵەبجە و پرۆسەكانی ئەنفال لە ساڵی 1988 و رووخانی زیاد لە 4 هەزار دێ و شارۆچكە و شارەدێ و گرتنەوەی زۆرینەی خاكی باشوری كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، ماوەیەك بێدەنگی باڵی بەسەر خەڵكدا كێشا.

داگیركردنی كوێت لەلایەن سوپای عێراقەوە لە ساڵی 1990 و دواتر هێرشی هاوپەیمانان بۆ گرتنەوەی كوێت، بووە سەرەتایەك بۆ سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی جوڵانەوەی كوردی لە باشوری كوردستان.

لە 5ی ئاداری 1991 لە شاری رانیەوە راپەڕینی گەلی كوردستان دەستیپێكرد و سنوورەكە لە هێزەكانی رژێم پاككرایەوە.

رۆژی 6ی ئادار ناوچەی بازیان و رۆژی 7ی ئاداری شاری سلێمانی لە هێزەكانی رژێم پاككرایەوە.

راپەڕین درێژەی هەبوو رۆژی 11ی ئادار شاری هەولێر و رۆژی 14ی ئادار شاری دهۆك پاككرانەوە لە هێزەكانی رژێم.

ئێوارەی 20ی ئاداری 1991 لە دەستپێكی نەورۆزدا پاككردنەوەی كەركوك بۆ یەكەمجار لە مێژووی كورددا راگەیەنرا.

دوای كرانەوەی دەستی هێزەكانی رژێمی عێراق و خۆگرتنەوەی دوای شكستە قورسەكەی لە كوێت، هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر راپەڕینی شیعەكان لە باشور و نێوەڕاست و كورد لە باكور دەستپێكرد.

لە 1ی نیسانی 1991 هێزەكانی سوپای عێراق سەرانسەری باشوری كوردستانیان گرتەوە و كۆڕەوی ملیۆنی بۆ ئێران و توركیا دەستیپێكرد.

دواتر لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەپێشەنگایەتی فەرەنسا بڕیاری 688 بۆ هەرێمی كوردستان و دیاریكردنی ناوچەی دژەفڕین دەرچوو، دواتر سوپای عێراق لە ژێر فشاردا هێزەكانی كشاندەوە.

لە 19ی ئایاری 1992 یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا و لە هەماندا ساڵ یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا بە هاوبەشی لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

لە ئایاری 1994 شەڕی نێوخۆی یەكێتی و پارتی دەستیپێكرد تا 1998ی خایاند، لە ئەو ماوەیەدا سوپای عێراق و سوپای پاسداران و توركیا بەشداریان لە شەڕی نێوخۆدا كردووە، سوپای عێراق هاتە هەولێر توانی شارەكە لە بندەستی یەكێتی دەربهێنێت، سوپای پاسداران هاتە شاری كۆیە بۆ سەر بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەشداری شەڕیان كرد لە دژی هێرشی پێچەوانەی یەكێتی لە مانگی 10ی 1996.

لە ساڵی 1998 رێككەوتنی یەكێتی و پارتی راگەیەنرا شەڕ كۆتایی هات، بەڵام دوو ئیدارەیی كە ماوەی 4 ساڵ بوو، بەردەوام بوو.

دوای رووخانی رژێمی عێراق لە 2003دا، لە 2005 كابینەی یەكگرتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهات.

دوای 16 ساڵ لە كابینەی یەكگرتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێككەوتنی ستراتیژی پارتی و یەكێتی، ئێستا لە هەموو كات زیاتر مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان هەیە بە گوتەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان.

ئێستا هەرێمی كوردستان لە ژێر هەڕەشەی گوشارەكانی ئێران و توركیا و بەغدایە، ئێران و هاوپەیمانەكانی ماوە ماوە پایتەخت بۆردومان دەكەن، توركیا ماوە ماوە ئۆپەراسیۆن دەكات و لە چەندین ناوچە بنكەی سەربازی هەیە، هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی زۆرتر دەكات بە پاساوی بوونی پەكەكە.

بەغدا فشارەكانی لەسەر هەرێم چڕكردووەتەوە لەڕووی دارایی و ئابوورییەوە، نیوەی خاكی باشوری كوردستان لە پارێزگای كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكانی دیكە گیراونەتەوە لەلایەن حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكانەوە.

هاوكات ناكۆكییە نێوخۆییەكانی نێوان حزبەكان و گەندەڵی و قەیرانی دارایی و نەمانی متمانەی هاووڵاتیان بە حكومەت و حزبەكان، هێندەی دیكە رەوشی هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی بێ پێشینە گەیاندووە.

بەشێك لە چاودێران رەوشی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی نەوەدەكانی دوای راپەڕین تەنانەت لە كاتی شەڕی نێوخۆشدا لە ئێستا بە باشتر دەزانن.