سەردێر

ڤاكسین و كەرەستەی خۆپارێزی بۆ قوتابخانەكان دابین ناكرێـت

ناوەندەكانی خوێندن مەترسیدارترین شوێنی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنان

خەڵك

لەگەڵ كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن رۆژانە ئامارەكانی كۆرۆنا روو لە بەرزبوونەوە دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەی رێنمیاییەكانی خۆپارێزی لە ئەو ناوەندانە جێبەجێناكرێن و پێویستییەكانی خۆپارێزیش دابین نەكراوە، كەچی لە پێدانی ڤاكسینیش مامۆستایان و خوێندكاران بەدەر دەكرێن و ڤاكسین دەدرێتە هێزە ئەمنییەكان و كارمەندانی تەندروستی.

ئەمڕۆ ڤاكسین گەیشتە عێراق و بەشی هەرێمی كوردستانیش دەنێردرێت.
بە وتەی بەرپرسانی تەندروستی سەرەتا ڤاكسین دەدرێتە كارمەندانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەكان و نەخۆشانی قورس و بە تەمەنەكان، بەڵام باس لە مامۆستایان و خوێندكاران نەكراوە، كە لە دوای بواری تەندروستی مەترسیدارترین شوێنی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنان.

دوێنێ‌ هەڤاڵ ئەبووبەكر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، ڤاكسین دەگاتە هەرێمی كوردستان كە بڕی 110 هەزار ژەمە و جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش دەڵێت پێشبینی دەكەین پشكی پارێزگای سلێمانی لە سەروو هەزار دانەبێت.

هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو ڤاكسینەی دوێنێ‌ هاتووە بۆ هەرێمی كوردستان لە وڵاتی چینەوە دێت و هێشتا بڕەكەی بۆ پارێزگاكان دانەنراوە، بەڵام پێشبینی دەكەین لە سەروو هەزار دانەوە بێت بۆ پارێزگای سلێمانی، بەڵام كە دەڵێین هەزار واتە 500 كەس ڤاكسینەكە وەردەگرێت و دیار نییە كەی دەگاتە پارێزگاكە.

سەبارەت بە شێوازی دابەشكردنی ڤاكسینەكە هێرش سەید سەلیم وتی: یەكەم كەس بۆ ئەو كارمەندە تەندروستیانە دەبێت كە لە كۆرۆنا كار دەكەن دواتر بەپێی تەمەن دابەش دەكرێت و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، دواتر كەسانی تۆڕی كۆمەڵایەتی و كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان و بەندیخانەكان و ئەو كەسانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە.

ناوەندەكانی خوێندن بە شوێنێكی مەترسیدار دادەنرێن بۆ گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا بەهۆی قەرەباڵغی و جێبەجێنەكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی و نەبوونی كەرەستەی پێویستەوە.

هاوكات لە قوتابخانە بنەڕەتییەكان مەترسییەكان زیاترە، بەهۆی ئەوەی قوتابییەكان تەمەنیان كەمە و توانای خۆپارێزییان نییە، بەتایبەت لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنای گۆڕا و كە منداڵان زیاتر دەیگرن.

سەرەتای وەرزی خوێندنی ئەمساڵ لە كاتی كرانەوەی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن ئامارەكانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی مەترسیدار هەڵكشان، بۆیە بەناچاری خوێندن تا مانگی شوبات راگیرا.

عادل حەسەن مامۆستای ناڕازی بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، كێشەی مامۆستایان تەنها مووچەیە و كۆ ناكرێتەوە لەوەرگرتنی ڤاكسین و چەند كێشەیەكی سادە، مووچەكە دابینبكەن، ڤاكسین بۆ خۆیان.

وتیشی، حكومەت پێداویستییەكانی خۆپارێزی دابین نەكردووە و ئەوەی هەیە، بەشی چەند خوێندنگەیەكی كەم دەكات و جگە لەوە پێداویستییەكانی خوێندنیشی دابین نەكردووە بۆ ئەمساڵی خوێندن هیچ كتێبێكی چاپ نەكردووە.

كێشەی گەورەی هەرێمی كوردستان دابین نەكردنی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایانەو ئەگەر ئەوە چارەسەر بكرێت سەرجە كێشەكانی دیكەش چارە دەكرێن.