سەردێر

سزایەكی مێژوویی بۆ ساركۆزی

پۆستەكەی وەك سەرۆك بەكارهێناوە بۆ پاداشتی كەسی

خەڵك-

مێژوو 1ی ئاداری 2021 لە بیری بژاردەی سیاسی فەڕەنسادا دەهێڵێتەوە دوای دووهەم سزای سەرۆكی پێشووی فەڕەنسا نیكۆلا ساركۆزی بە زیندانیكردنی بۆ ماوەی 3 ساڵ لە دۆسێی گوێگرتن لە پەیوەندییەكان.

ساركۆزی تاوانباركرا بە گەندەڵی و قۆزستنەوەی نفوزی خۆی لە دادگای تاوانەكانی پاریس و رۆیشت بە بێ هیچ قسەكردنێك، بەڵام پارێزەرەكەی رایگەیاند لە داهاتوودا پێداچوونەوە بە سزاكەیدا دەكرێـت كە زۆر توندە و جێبەجێكردنی سزاكەش رادەگیردرێت، چونكە دادگا داوای جێبەجێكردنی نەكردووە.

چیرۆكی ساركۆزی دەگەڕێتەوە بۆ 2014 كە ساركۆزی تەمەن 66 ساڵان هەوڵی داوە زانیاری نهێنی لە دادوەر گیلبرت ئەزبرت وەربگرێت لەسەر لێكۆڵینەوەكان كە ئەویان كردووەتە ئامانج، لە بەرامبەردا بەڵێنی پێدانی پۆستی داوە بە ئەو دادوەرە.

تۆمەتەكەی لەسەر پەیوەندییەكی نێوان سەرۆكی پێشوو لەگەڵ پارێزەرەكەی لە رێگەی هێڵێكی نافەڕمییەوە بووە كە پێشتر كڕدراوە.

لەسەر ئەم بنەمایە دادگای تاوانەكان سزای ساركۆزی دا بە تۆمەتی ئەنجامدانی رێككەوتنی گەندەڵی.

بەپێی رۆژنامەی لۆمۆند، دادگای تاوانەكان ئاماژەی بە ئەوە كردووە، بوونی رێككەوتنی گەندەڵی سەلمێندراوە لەلایەن كۆمەڵەیەكەوە لە ئەنجامی پەیوەندی هاوڕێیەتی متمانەپێكراو لەنێوانیاندا.

پۆستەكەی وەك سەرۆك بەكارهێناوە بۆ پاداشتی كەسی بۆ دادوەر

 

سەرۆكی ژووری چاكسازی 32 لە پاریس دەڵێت ساركۆزی گرەنتی سەربەخۆیی دادوەری كردووە، پۆستەكەی وەك سەرۆك بەكارهێناوە بۆ پاداشتی كەسی بۆ دادوەر.

سەرۆكی پێشووی فەڕەنسا حاڵی لە پارێزەرەكەی تییری هیرتسوگ باشتر نییە، كە بەتۆمەتی خواردنی رەشوە و پێشێلكردنی نهێنییەكانی پیشەیی سزای 3 ساڵی زیندانی بۆ دەرچووە لەگەڵ رێگری لە كاری پارێزەرایەتی بۆ ماوەی 5 ساڵ.

شرۆڤەكاری سیاسی ستیڤان زومستینگ بۆ سكای نیوز دەڵێت: سزاكە چاوەڕوان نەكراو بوو، كەس پێشبینی نەدەكرد، بەڵام سزاكەی پلەی كۆتایی وەرنەگرتووە.

لە بارەی گەڕانەوەی ساركۆزی سەركردەی راستڕەوی سیاسی بۆ گۆڕەپانی سیاسی ئەو شرۆڤەكارە دەڵێت: گوێمان لێ بووە بە گەڕانەوەی ساركۆزی بۆ گۆڕەپانی سیاسی سەرلەنوێ و خۆی دەپاڵێوێت بۆ سەرۆكایەتی، بەڵام ئەمە زۆر قورسە، بەهۆی چەند دۆسێیەكی قورسەوە، بەتایبەت دوای دەرچوونی بڕیاری سزادانەكەی.

ئەمە یەكەم سزایە لەمێژووی فەڕەنسای نوێدا،  كە گەڕانەوەی هاوسەنگییە لەنێوان كەسایەتی سیاسی و دادگا 

رونیشیكردەوە ئەمە یەكەم سزایە لەمێژووی فەڕەنسای نوێدا، یەكەم سەرۆكە سزای زیندانی بۆ دەربچێت، كە گەڕانەوەی هاوسەنگییە لەنێوان كەسایەتی سیاسی و دادگادا، بەتایبەت لە ساڵانی رابردوو هەست بە نائامادەیی دادگا كراوە لە بەرامبەر سیاسییەكاندا، ئەم سزایە فەڕەنسا دەخاتە سەردەمێكی نوێ.

ساركۆزی جارێكی دیكە لە 17ی ئادار روبەڕووی دۆسێیەكی دیكە دەبێتەوە ئەویش بریتییە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی 2012.

هاوشێوەی سارۆكۆزی، جاك شیراك سەرۆكی پێشووتری فەڕەنسا رووبەڕووی دادگا كرایەوە، ئەویش سزای 2 ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو پێش 10 ساڵ لەگەڵ راگرتنی جێبەجێكردنەكەی بەهۆی تاوانباركردنی بە دروستكردنی پۆستی نەبوو ئەو كاتەی سەرۆك شارەوانی پاریس بووە.