سەردێر

كۆرۆنای گۆڕاو سەریهەڵدا و پڕۆسەی خوێندن یەكلایی دەكرێتەوە

خەڵك-

جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆرۆنای گۆڕاو) لە عیراق و هەرێم تۆماركرا و لیژنەی پەروەردەی پەڕلەمانی كوردستانیش ئاشكرای دەكات، كە تا ئێستا دۆخی هەرێم ئاساییە و پڕۆسەی خوێندن بەردەوام دەبێت و لە دوو ڕۆژی داهاتووشدا بڕیاری نوێ‌ دەردەكرێت.

موسلم عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سەبارەت بە دەنگۆی داخستنی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان، تا ئێستا هیش شتێكی نوێ‌ نییە و پڕۆسەی خوێندن بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام دەبێت.

ڕاشیگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن، چونكە دۆخی كۆرۆنا لە هەرێم لەژێر كۆنتڕۆڵدایە و حاڵەتەكان كەمن و لە ئێستادا هیچ مەترسییەكی ئەوتۆ نییە بۆ ڕاگرتنی خوێندن.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە دەكات و بڕیاری نوێ‌ لەوبارەیەوە دەردەكرێت.

لای خۆشیەوە، عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە، “دڵنیاتان دەکەمەوە تا ئێستا هیچ پێشنیازێکی لەمجۆرە نییە نە لە وەزارەتی تەندروستی و لە لێژنەی پەروەردە و نە لەوەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا، قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان، کەداوای ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن بکات”.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەوەی لەسەر هەموو لایەک پێویستە خۆپارێزی و پابەندییە بە ڕێکارە تەندروستییەکان، ئێمە وەك لیژنە بەوپەڕی پەرۆشییەوە مەبەستمانە خوێندكاران خوێندنیان نەفەوتێت و زۆرترین سوود وەرگرن”.

وتوشیەتی، “ئەگەر حاڵەتیش بگاتە ڕێژەیەکی مەترسیدار ئەو کات قسەیەکی دیکەیە و لێژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بە ڕەچاوکردنی دۆخەکە بڕیار دەدات”.

ماوەی چەند ڕۆژێكە ژمارەی تووشبوون بە جۆری نوێی كۆرۆنا لە عیراق ڕاگەیەنراوە و بەهۆیەوە ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لە ڕۆژانەی 500 كەسەوە بۆ زیاتر لە 4 هەزار كەس بەرزبۆتەوە و ژمارەی مردنیش هەڵكشاوە، هاوكات لە هەریچمی كوردستان 5 حاڵەتی تووشبوون بەو جۆرە نوێیەی كۆرۆنا تۆماركراوە.

لای خۆشیەوە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، ژمارە و ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە، حاڵەتەكانی گومانلێكراو بە تووشبوون بە زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا دڵنیاكرایەوە كە بوونی هەیە و ڕۆژانە ئەم جۆرە ڤایرۆسە نوێیە دەستنیشان دەكرێت و گواستنەوەی خێراترە.

وتیشی”تكایە ئاگاداری خۆتان و منداڵەكانتان بن، هەموومان پێكەوە دەتوانین دۆخەكە تێپەڕێنین، پابەندبوونی هاووڵاتیان ڕێكاری سەرەكی كەمكردنەوەی ترسناكییە.”