سەردێر

بەغدا دژی هێرشەكانی گارە دەجوڵێت

خەڵك-

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق عەلیوی محەمەداوی ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند دابەشبوونی سیاسی و لایەنگری بۆ دەرەوە هۆكاری بنەڕەتی هێرشی توركیایە بۆ سەر عێراق و رشتنی خوێنی بێتاوانان، پێویستە حكومەت فشار بكات لەسەر توركیا بۆ كۆتایی هێنان بە هێرشەكان.

محەمەداوی بۆ سۆمەریەنیوز دەڵێت: هێرشی توركیا یەكەمجار نییە، دوا جاریش نابێت، بەرەی عێراق دابەشبووە، بۆیە بۆ راوەستانی ئەم هێرشانە بۆ سەر سەروەریمان پێویستە پرۆسەی سیاسی چاك بكەین و ریزەكان و هەڵوێستی سیاسی یەكبخەین بەرامبەر دەستدرێژییەكان بۆ سەر وڵات.

ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی عێراق پێویستە بجوڵێت و فشار بكات لە لایەنی ئابووری و سیاسی و دبلۆماسی و نێودەوڵەتییەوە بۆ كۆتاییهێنان بە ئەم پێشێلكارییانە و راگرتنی توركیا، بەردەوامبوونی ئەم بێدەنگییە دەبێتە هۆی پەیامێك بۆ نەیارەكانی عێراق.

داواشیكرد توركیا رێز لە سەروەری عێراق بگرێت.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی سەرچاوەكان، ئەمڕۆ هێزێكی گەورەی حەشدی شەعبی رووی لە سنووری شنگال كردووە، كە بریتین لە 3 لیوا، ئەو هێزە ئامادەكاریی دەكەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی توركیا بۆ سەر سنووری شنگال.

هاوكات عەبدولڕەحمان جەزائیری یەك لە فەرماندارەكانی حەشدی شەعبی لە لێدوانێكدا رەخنەی لە بێدەنگی پەرلەمان و حكومەت لە بەرامبەر هێرشەكانی توركیا گرت و داوای كۆبونەوەی بەپەلەی پەرلەمان، هاوكات داوای لە سوپا و پێشمەرگە كرد بێدەنگی بشكێنن.

ئاماژەی بەوەشكرد ئەمشەو تاوتوێی ئەوە دەكرێت هێزی زیاتر رەوانەی شنگال بكرێت، فڕۆكەكانی توركیاش ئاسمانی ناوچەكانی حەشدی شەعبییان بەزاندووە.

بەپێی زانیارییەكان ئەو هێزە فەرمانی بەرگرییان پێیە لە شنگال، هاوكات لەگەڵ هێز و گرووپە چەكدارە ئێزدییەكانی سەر بە پەكەكە لە شنگال لە ئامادەكاریدان.

مەترسییەكانی هێرشكردنەسەر شنگال دوای ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆی 2وە بۆ سەر چیای گارە لە رۆژی 10ی شوبات و تا ئێستاش شەڕ بەردەوامە.

هێزەكانی هەپەگە باڵی سەربازی پەكەكە ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایان كرد كە 30 سەربازی توركیا كوژراون و هێرشەكانی توركیا سەركەوتوو نەبوون.

لایەكی دیكەوە سوپای توركیا بۆردومانكردنی 50 بارەگای پەكەكە و كوژرانی زیاتر لە 30 گەریلای پەكەكەیان راگەیاندووە.

بەر لە چەند هەفتەیەك رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند شەوێك كتوپڕ خۆیان دەكەن بە نێو شنگالدا.

ئەم لێدوانە دوای سەردانەكەی خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا بوو بۆ هەولێرو بەغدا، لەوێ رایگەیاند لایەنی عێراقی و هەرێمی كوردستان هاوكاری دەكەن لە شەڕی تیرۆردا.