سەردێر

نەوەی نوێی داعش لەرۆژئاواوە بەڕێوەیە

نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری دەدات

خەڵك-

توندوتیژییەكان لە یەكێك لە گەورەترین خێوەتگەی ئاوارەكان لە رۆژئاوای كوردستان مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعشی لە ناوچەكە زیاتركردووە.

بەرپرسان و توێژەران لە خێوەتگەی هۆڵ كە نزیكەی 62 هەزار ژن و منداڵی چەكدارانی داعشی تێدایە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە 18 تاوانی تێدا ئەنجام دراوە بەتایبەت لە دوو هەفتەی سەرەتای مانگی یەكدا.

بەپێی راپۆرتی نێوەندی زانیاری رۆژئاوای كوردستان، نیوەی تاوانەكانی كوشتن بەلای كەمەوە پرۆسەی لەسێدارەدان و سەربڕین بوون، بەشێك لە هێرشەكان داعش تێوەگلاون.

چارلز فلین توێژەر لە نێوەندی زانیاری رۆژئاوا دەڵێت: بێ گومان داعش كاریگەری گەورەی لەسەر خێوەتگەكە هەیە، لە یەكێك لە تاوانەكاندا ئەندامێكی داعش سەری كەسێكی بە تەمەنی عێراقی بڕیوە بەهۆی كاركردنی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات كە پاسەوانی خێوەتگەكە دەكەن.

راشیگەیاند، تاوانی دیكەی كوشتنیش لەلایەن داعشەوە لە ئەستۆ گیراون.

دەشڵێت: لەوێ دادگا و ئەنجومەنە نێوخۆییەكانی داعش بڕیار لە چارەنووسی ئەو قوربانییانە دەدەن.

لای خۆیەوە فەرماندەی نێوەندی ئەمریكا ژەنەراڵ كینیس ماكینزی لە گوتارێكدا لە پەیمانگای رۆژهەڵات نێوەڕاست هۆشداری دایە لە ئەو پێشهاتانە لەسەر نەوەكانی داهاتووی خێوەتگەكە.

ماكینزی دەڵێت: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ رێگایەكی نەدۆزیەوە بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتمان‌و گەڕانەوەی داعشەكان بۆ كۆمەڵگای نێوخۆ و پشتیوانی لە بەرنامەی شیاندنەوە، بۆیە نەوەی نوێی داعش دەبینین كە منداڵی توندڕۆكانن.

ئاماژەی بەوەشكرد شكستهێنان لەچارەسەركردنی ئەم كێشەیە، واتا داعش شكستی نەهێناوە.

لە نزیكەی 62 هەزار ئاوارە لە خێوەتگەی هۆڵ زۆرترینیان منداڵن لە خوار تەمەنی 12 ساڵان.

وتەبێژی نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی دانییل مویلان بۆ ماڵپەڕی دەنگی ئەمریكا دەڵێت: زیادبوونی رووداوەكانی توندوتیژی لە خێوەتگەی هۆڵ دڵنیایی دەدات كە ئەوێ شوێنی گەورەبوونی منداڵ نییە، پێویستی بە چارەسەرێكی هەمیشەیی دانیشتوانەكانی هەیە جا سوریایی یان عێراقی یان وڵاتێكی دیكە بن.

بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان لە ئەندامانی نەتەوە یەكگرتووەكان، مەترسی زیاتر بووە دەربارەی خێوەتگەی هۆڵ، بەهۆی راپۆرتێك لە هەفتەی رابردوو كە دەستگیركراوەكان، خێوەتگەكە وەك بەشێكی ماوە لە میرنشینەكەی داعش دەبینن.

لەوبارەیەوە ژمارەیەك پسپۆڕی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان نامەیەكیان بۆ 57 دەوڵەت ناردووە لەوانە ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، داوایان لێكردوون هاووڵاتییە دەستگیركراوەكانیان لە خێوەتگەی هۆڵ ببەنەوە بەشێوەیەكی خێرا.

ئەو پسپۆڕانە نوسیویانە: هەزاران دەستگیركراو لە خێوەتگەكان روبەڕوی توندوتیژی و مامەڵەی خراپ بوونەوە.

هاوكات فلادیمیر فورونكۆف سەرۆكی نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت: خێوەتگەی هۆڵ منداڵانی نزیكەی 60 دەوڵەت لەخۆی دەگرێت وەك روسیا، كازاخستان، هەندێكیان گەڕێندراونەتەوە، فەرەنسا ژمارەیەكی كەمی بردووەتەوە، ئەڵمانیا و كەنەدا یەكی منداڵێكیان بردووەتەوە.

لە دوای گرتنەوەی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا لەلایەن سوپای ئەمریكا و سوریای دیموكراتەوە، سەرجەم چەكدار و كەسوكاری چەكدارە داعشەكان لە خێوەتگەی هۆڵ لە رۆژئاوای كوردستان كۆكرانەوە.

چەند جارێك داوا لە وڵاتان كراوە هاووڵاتییەكانی خۆیان ببەنەوە، بەڵام تاكو ئێستا نەبراونەتەوە جگە لە ژمارەیەك كەم نەبێت.