سەردێر

قۆرخكاری چەند كۆمپانیایەك نرخی سەماد لەسەر جوتیاران گران دەكات

خەڵك-
بەهۆی قۆرخكاری لە هێنان و گرانكردنی نرخى سەماد (پەینی كیمیایی) لەلایەن چەند كۆمپانیا و بازرگانێكەوە، جوتیاران دەنگی ناڕەزایەتییان لێ‌ بەرزبۆتەوە و جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی-ش ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر خەتین بۆ ڕێگری لە گرانكردنی نرخ و سزادانی هەر كەسێك قۆرخكاری بكات و ئاسانكاری بۆ هەر كۆمپانیایەكیش دەكەین، كە بیەوێت پەینی كیمیایی و یۆریا بهێنێت.

ساڵانە جوتیارانی سلێمانی و گەرمیان پێویستیان بە نزیكەی ٢٠٠ ھەزار تەن سەماد (پەینی كیمیایی) ھەیە بۆ دانەوێڵە و پێداویستیەكانیان و پێشتر چەندین كۆمپانیا داخڵی دەكرد و بەھۆی كێبركێوە بە نرخێكی شایستە دەفرۆشرا.

قۆرخكاری لە هێنانی پەینی كیمیایی بۆ جوتیاران هەیە
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، لە مانگی ١١ی ٢٠٢٠ ەوە جێگری سەرۆكی حكومەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانم لەم قۆرخکاریە ئاگادارکردەوە، کە ملیۆنان دۆلار زیانی لە جوتیارانی گەرمیان و سلێمانی داوە، بڕیاربوو کۆتایی پێبھێندرێت، بەڵام ھەر بەردەوامە.

ڕاشیگەیاندووە، “پێشتر و لە سەردەمی دانەوێڵەدا سەمادی جۆری داب لە توركیاوە دەھات ئەمە لەگەڵ تۆودا بەكاردەھات و سێ كۆمپانیا بۆ تێپەڕاندنی بە بازگەكان ھەر تەنێك ٤٠ دۆلاریان وەردەگرت و ئێستاش لە ئێرانەوە سەمادی جۆری یۆریا دێت بۆ گەشەكردنی گەنمە جگە لەو سێ كۆمپانیایە ڕێگا بە ھیچ كەسی دیكە نادرێت داخڵی بكات”.

هەر فەردەیەك سەماد زیاتر لە 10 هەزار دینار گران بووە
سۆران زرار باپیر، كە جوتیارێكە و خاوەنی ڕەز و باخێكی زۆرە ڕایگەیاند، هەموو ساڵێ لە وەرزی چاندنی گەنم و دانەوێڵە و سەوزەوات و پەیین كردنی باخ و ڕەزەكان، بەتایبەت ئێستا كە كاتی زیاد كردنی كۆتی سپیە (یۆریا) بۆ گەنم و دانەوێڵەكان، نرخەكەی بەرز دەكرێتەوە و قۆرخ دەكرێت لەلایەن كۆمپانیاكان و بازرگانەكانی هێنانی پەیین.

وتیشی، “هەندێ جار هەتا 10 هەزار دینار زیاتر لەنرخی خۆی دەفرۆشرێت و وەك ئاشكراشە ئەم پەیینە لە وڵاتی ئێرانەوە دەهێنرێ و نرخەكەی زانراوە لەشوێنی خۆی، بەڵام قۆرخ كراوە”.

ئەو جوتیارە داوا لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەكات، “بڕی ئەو پەینەی بەنرخی پاڵپشتی كراو لەلایەن وەزارەتەوە لە فەرمانگە كشتوكاڵییەكان دابەش دەكرێ بەسەر جووتیاراندا زیاد بكرێت، چونكە ئەوەی دابەش دەكرێ تەنها 5%ی پێداویستی جووتیار پڕ دەكاتەوە”.

قەیرانی دارایی پاڵپشتی كشتوكاڵی بۆ جوتیاران ڕاگرتووە
ڕزگار حەمەخدر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەوە لە ئێستادا ناتوانن پەینی كیمیایی و یۆریا بكڕن و بەنرخی هەرزانتر دابەشی بكەن بەسەر جوتیاراندا، بەڵام هەموو ئاسانكارییەكمان كردووە بۆ ئەو كۆمپانیایانەی هەڵدەستن بە هێنانی ئەو بابەتە كشتوكاڵیانە تاوەكو زۆرترین بڕ بهێنن و بەنرخی هەرزان بیفرۆشن بە جوتیاران.

ڕاشیگەیاند، لەسەر بابەتی قۆرخكاری و گرانكردنی نرخ وەزیری كشتوكاڵ ئاگادار كراوەتەوە و لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەكو ئاسایش و گومرك و دەروازە سنوورییەكان و لیژنەكانی چاودێری لەپەیوەندیدان تاوەكو ڕێكاری پێویست بگیرێتە بەر بەرامبەر هەر كارێكی قۆرخكاری و گرانفرۆشی.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەشێكی هۆكاری گران كردنی نرخی كاڵا و شمەكەكان بەگشتی دەگەڕێتەوە بۆ دابەزاندنی بەهای دینار لەلایەن عیراقەوە، بەڵام بەهەموو شێوەیەك هەوڵەكانمان چڕكردۆتەوە تاوەكو كۆمپانیای زیاتر هانبدەین بۆ هێنانی كەلوپەل و پێداویستی كشتوكاڵی كارئاسانییان بۆ دەكەین تاوەكو نرخەكان هەرزان ببن.