كەی ئاڵتون بكڕین و كەی بیفرۆشینەوە قازانج دەكات؟

هۆكارەكانی بەرزی و نزمی نرخی زێڕ چین؟

سەردێر

خەڵك-
شارەزایەكی بواری زێڕ و زێڕنگەری پێشبینییەكانی خۆی دەربارەی بەرزی و نزمی نرخی ئاڵتون ئاشكرادەكات و ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكات لە چی كاتێكدا نرخی زێڕ دادەبەزێت تاوەكو بیكڕن و كەی بەرزدەبێتەوە تاوەكو بیفرۆشنەوە و قازانج بكەن.

ئۆنسەی زێڕ بۆچی دابەزی؟ بۆچی بەو جۆرە دووبارە بەرزبووەوە؟ ئایا نرخەكەی دادەبەزێتەوە؟ كەی باشە بۆ زێڕ كڕین؟ ئەی چی جۆرە زێڕێك بكڕین بۆ قازانج؟ كەی باشە بۆ زێڕ فرۆشتن؟ ئایە زێڕ جارێكی تر بەرزدەبێتەوە؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن، كە ڕۆژانە هاووڵاتیان دەیكەن و شارەزایەكی بواری زێڕ و خاوەنی دوكانی زێڕنگەری لە (خەڵك)ەوە وەڵام دەداتەوە.

هۆكارەكانی بەرزی و نزمی نرخی زێڕ چین؟
دانا وەرتی، لە زێڕنگەری ئازورا لە شاری هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئۆنسەی زێڕ ئەم ماوەیە قۆناغ بە قۆناغ بەرەو دابەزین چوو، بەڵام بەهۆی چەند ڕووداوێك لە قۆناغەكان هێزی بەرزبوونەوەی پێ ئەدا وەك ئەوەی دوێنێ‌ ڕوویدا، كە ئۆنسێك زێڕ لە 1785 دۆلارەوە بۆ 1814 دۆلار بەرزبووەوە.

ئەو زێڕنگەرە هۆكارەكانی دابەزینی ئاڵتون بۆ دوو خاڵ دەگەڕێنێتەوە، كە بریتین لە”یەكەم، كەمبوونەوەی كۆرۆنا لەچین دووەم گەورە وڵات لەبواری ئابووری و لێدوانی سەرۆكی تەندروستی جیهانی بەوەی كێرڤی كۆرۆنا لە نزمبوونە و دووەم، بەهێزبوونەوەی هێزی دۆلار DXY بۆ 91.602 خاڵ”.

هەر بە وتەی ئەو زێڕنگەرە، “دوێنێ‌ بەهای ئاڵتوون ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە بەڕێژەی 1.10% و گەیشتە 1814 دۆلار و هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆكار، كە بریتین لە یەكەم، زیادبوونی خواست لەسەر كڕینی زێڕ، چونكە هەموو دابەزینێك لەبۆرسە هەلێكە بۆ كڕین و دووەم، لاوازی هێزی دۆلار DXY كە لە 91.602 خاڵ دابەزی بۆ 90.968 خاڵ واتە 582 پۆینت دابەزیوە دەكاتە 0.64%”.

كەی زێڕ بكڕین؟
وەك دانا وەرتی دەڵێت: “بۆ كڕینی زێڕ ئەم هەفتەیە گونجاوترین كاتە و پێشبینی دەكرێت لەكاتی بەرزبوونەوەی هێزی دۆلار ئۆنسەی زێڕ زیاتر دابەزێت بەجۆرێك ئامانجی ١٧٧٢ پاشان ١٧٦٢ دۆلار بپێكێت”.

چی جۆرە زێڕێك بكڕین بۆ قازانج؟
دانا وەرتی، لە زێڕنگەری ئازورا پێی وایە، “زێڕی عەیار ٢١ باشترینە، پاشان لیرەی عەیار ٢١ بەشەرتی خلیجی، واتە ڕێژەی زێڕی ٨٧٥ بێت، چونكە لەوە خوارتر بێت بە عێراقی حیسابە و ڕێژەی زێڕیان دەبێتە عەیار ٢٠ و زیان دەكەی”.

ئەو زێڕنگەرە هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدات و دەڵێت: ” بەڵام ئاگاداری حەق دەست بن، چونكە حەق دەستی زۆر بۆ قازانج خێر ناهێڵێت”.

كەی باشە بۆ زێڕ فرۆشتن و قازانج؟
ئەو شارەزایەی بواری زێڕ ڕووونی كردۆتەوە، ئەم دابەزینانە بەگشتی كاتین، بۆیە دڵنیابن ئۆنسەی زێڕ بەرزدەبێتەوە بەتایبەت دوای قبوڵ كردنی هاندانی دارایی ئەمریكا بۆ بووژانەوەی ئابووری و نەهێشتنی بێكاری، كە بایدن بڕیاری لێداوە بە گوژمەی 1.9 تریلیۆن دۆلار و لەوانەیە تا كۆتایی مانگی 3 ئینجا پەسەند بكرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، دوای بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ، فرۆشتنەوەی دەبێتە قازانج بۆ هاووڵاتیان.