سەردێر

كوردستان خەریكە بەر بۆ كۆرۆنا شل دەكاتەوە

 

خەڵك-

لە هەرێمی كوردستان لە سەر ئاستی تەندروستی و حكومی و هاوڵاتیانیشەوە خەریكە بەر بۆ كۆرۆنا شل دەكرێت بە پاساوی دابەزینی ئامارەكانی توشبوون بەکۆرۆنا، لە چەندین ئاستەوە تەنانەت لە ئاستی بەشێك لە بەرپرسانی تەندروستیشەوە داوای ئاساییكردنەوەی ژیان دەكرێت بە ناوی دەستپێكردنەوەی خوێندن، كە بۆچی سەرجەم بوارەكانی دیكەی ژیان ئاسایی كراونەتەوە، بەڵام خوێندن دەستپێناكاتەوە.

خواستی ئاساییكردنەوەی ژیان لە حاڵێكدایە كە بەهۆی ناچاری لە دابەشنەكردنی مووچە، نەبوونی كارو كەسابەت، نەبوونی سەرچاوەی بژێوی، هاوكارینەكردنی حكومەت، بووە بەهۆی ئەوەی زۆرینەی خەڵك بێ گوێدانە مەترسیداری كۆرۆنا و تووشبوون و مردنی خۆیان و كەسوكاریان بچنە سەر كارو كەسابەتیان.

لە سەرەتای ساڵی نوێوە ئامارەكانی كۆرۆنا روویان لە دابەزین كردووە، بەڵام تا ئێستا ناوەندە تەندروستییەكان هۆكاری زانستی ئەم دابەزینی ئامارانەیان لا نییە، رونكردنەوەیان نەداوە، لە كاتێكدا خۆپارێزی و پابەندبوون بە رێنماییەكان لە شوێنە قەرەباڵغەكان تەنانەت لەنێو نەخۆشخانەكانیشدا بەرەو سفر دەچن، رەنگە تاكەهۆكار دروستكردنی بەرگری گشتی بێت بەهۆی زۆری ژمارەی توشبوانەوە لە چەند مانگی رابردوودا، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە ناگەیەنێت كە حكومەت و خەڵك پشتێنی لی بكەنەوە لە جێبەجێكردنی رێنمیاییەكان، چونكە بەپێی توێژینەوە زانستییەکان بەرگری توشبووان تەنها شەش مانگ دەخایەنێت.
نعومی ئالین گەورە زانا و بەشداربووی توێژینەوەكە، دەڵێـت: ئەنجامەكان دەركەوتون لەسەر توشبووەكان لە سەرانسەری بریتانیا كە سەلمێنراوە توشبون، زۆرینەیان بەرگریان هەبووە بۆ ماوەی 6 مانگ بەلای كەمەوە.

ئەمە جگە لە مەترسی گەیشتنی نەوەكانی دیكەی كۆرۆنا، كە ئێستا گەورەترین مەترسی لەجیهاندا دروستكردووە بەتایبەت لە ئەوروپا و ئەمریكای باشوور، كە لە ئەمریكای باشوور بەجۆرێك لە یەك كاتدا دوو كەس تووشی دوو نەوەی كۆرۆنا بوون.

بۆیە بە رای شارەزایانی تەندروستی خۆ شلكردنی خەڵك و حكومەت بۆ كۆرۆنا ئەنجامی مەترسیدارتری لێ دەكەوێتەوە لە رابردوو بەهۆی ئەوەی:

یەكەم: ڤایرۆسەكە بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە و لە هەر ساتێكدا بۆی هەیە ئامارەكان بەرز ببنەوە.

دووهەم: ئامارەكان جێگەی متمانەی تەواوەتی نین، چونكە تووشبووێكی زۆر و مردنی زۆر بە كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكان تۆمارناكرێت، چونكە ناچنە نەخۆشخانە لە هەرێمی كوردستان و جیهانیشدا.

سێهەم: تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان ڤاكسین نەگەیشتووە و چاوەڕێش ناكرێت بەمزووانە بگات و بشگات، رەنگە بەشی زۆرینەی خەڵك نەكات، كە ئێستا لە زۆرینەی وڵاتانی دنیا ڤاكسین دەستیپێكردووە بە وڵاتانی ناوچەكەشەوە جگە لە عێراق و هەرێمی كوردستان نەبێت.

چوارهەم: كردنەوەی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بەهۆی ئەوەی قەیرانی دارایی هەیە، خێزانەكان توانای دابینكردنی دەمامك و كەرەستەكانی خۆپارێزییان بۆ منداڵەكانیان نییە، تەنانەت مامۆستایانیش بە هۆی نەبوونی مووچەوە نیانە و حكومەتیش وەك پێویست توانای دابینكردنی كەرەستەی خۆپارێزی نییە بۆ ناوەندەكانی خوێندن كە ناوەندەكانی خوێندن لە ئەوپەڕی خراپیدان.

بەسوودوەرگرتن لەئامارە فەرمییەكانی وەزارەتی تەندورستی هەرێم (خەڵك) بۆیدەركەوت، هەزار و ٣١٩ كەس لەماوەی ١٨ڕۆژی ڕابردوودا تووشی كۆرۆنابوون، بەڵام لە١٨ڕۆژی پێش ئەودا هەزارو 971 كەس تووشی كۆرۆنا بوون.

لەوبارەیەوە عەبدوڵڵا محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێستا ژیان لەكافتریا و باڕ و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان ئاسایی بووەتەوە، بۆیە نابێت وەك تەندروستی ڕێگربن لەدەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندن لەناو ناوەندەكانی خوێندن، لەگەڵئەوەدان كە دەوام لەناو ناوەندەكانی خوێندن دەستپێبكاتەوە، بەڵام دەبێت ڕێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێبكرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئاسایی بوونەوەی دۆخی ژیان لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا، تەندروست نییە، بەڵام سوپاس بۆ خوا ڕێژەی تووشبوون بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لەدابەزینە.

لای خۆشیەوە تێدروس ئەدهانوم گیبریسوس بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ گۆڤاری فۆڕێن پۆلیسی رایگەیاند هەستێكی نەتەوەیی هەیە لە دابەشكردنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنادا، ئەمە زیان بە هەمووان دەگەیەنێت.

راشیگەیاند لاوازی هاوكاری لەنێوان دەوڵەتاندا دەبێتە ئاستەنگی سەرەكی لە پێش بەدەستهێنانی بڵاوبوونەوەی پێویستی ڤاكسین لەسەر ئاستی جیهانی بۆ كۆتایهێنان بە پەتای كۆرۆنا.

رونیشیكردەوە سەرباری زیادبوونی ژمارەی بژاردەكانی ڤاكسین، بەڵام توانای بەرهەمهێنان لە ئێستا زۆر كەمە لە چاو خواستی جیهانیدا لەسەری.

ئاماژەی بەوەشكرد رێنەدان بە بەكارهێنانی زۆرینەی دانیشتووانی جیهان لە بەكارهێنانی ڤاكسین دەبێتەهۆی نەك تەنها بەردەوامی نەخۆشی و مردن، بەڵكو دەشبێتەهۆی دەركەوتنی جۆر و نەوەی نوێی كۆررۆنا لەگەڵ بەردەوامی بڵاوبوونەوەی كۆڤید 19.

ئەمە لە حاڵێكدایە كە رێوشوێنەكانی كۆرۆنا لە توركیا، ئیمارات و سعودیە و كوێت و ئیسرائیل، ئەوروپا، ئەمریكا، ئەمریكای باشوور تا دێت زیاتر چڕدەكرێنەوە.