سەردێر

دواقۆناغی شەڕی ئەردۆغان

 

خەڵك-

دەستوور شەڕێكی نوێی سیاسی لە توركیا هەڵدەگیرسێنێت، كاتێك ئەردۆغان دەست بۆ بژاردەیەكی قورستر دەبات، ئەم هەنگاوە بە رای كارناسانی كاروباری توركیا بۆ بەهێزكردنی زیاتری دەسەڵاتی خۆی، گرەنتی مانەوەی زیاتر لە پۆستەكەی و لاوازكردنی زیاتری رۆڵی سوپایە لە حكومڕانی توركیادا، كە ئەردۆغان هەر لەسەرەتاوە وردە وردە هەنگاوی بۆ دەنێت.

ئەردۆغان تا دێت دۆستەكانی دوێنێی دەبنە نەیاری ئەمڕۆی

هەنگاوەكانی ئەردۆغان كە لە سەرەتاوە بوونە جێگای دڵخۆشی زۆرینەی خەڵك و پارتە سیاسییەكان و زیادبوونی پاڵپشتی و جەماوەری بۆی، بەڵام ئێستا پێچەوانەكەی راستە، چونكە دواجار ئەردۆغان ئەو دەستكەوتانەی كە بە پشتیوانی خەڵك و سەركردەكانیی حزبەكەی و تەنانەت دۆستەكانی دوێنێ و نەیارەكانیی ئێستاشی وەك ئەحمەد داود ئۆغلۆ و عەلی باباجان و عەبدوڵڵا گوڵ و بەرەی فەتحوڵڵا گولەنیش چنینیەوە، بۆ بەهێزكردنی پێگەی شەخسی و بنەماڵەكەی بەكاردەهێنێت، بۆیە تا دێت دژبەرەكانی زیاتر دەبن.

سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند حزبەكەی دادوگەشەپێدان لەگەڵ هاوپەیمانە نەتەوەییەكانی دەست دەكەن بە كاركردن بۆ نوسینەوەی دەستوورێكی نوێ، دوای چوار ساڵ لە هەمواری دەستووری پێشوو بۆ پێدانی دەسەڵات بە سەرۆك كۆمار.
لە 2017 سیستمی پەرلەمانی گۆڕدرا بۆ سیستمی سەرۆكایەتی لە توركیا بەپێی هەمواری دەستووری كە گەل پەسەندیكرد، بەڵام لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن رەخنەی زۆریان لێ گرت.

ئەردۆغان بەپێی سیستمی نوێ لە 2018 هەڵبژێردرا بە سەرۆكی توركیا كە بە گوتەی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن، “سیستمی یەك پیاوە”.

ئەردۆغان لە كۆبوونەوەیەكی كابینەكەی حكومەت لە ئەنقەرە رایگەیاند، كاتی هاتووە كە جارێكی دیكە دەستوورێكی نوێ دابنێن، لە حاڵی گەیشتن بە لێكگەیشتن لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان دەست بە نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ دەكەن.

مەهەپە بۆ دەستووری نوێ پشتیوانی ئەردۆغان دەكات

چەند هەفتەی رابردوو دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی حزبی بزوتنەوەی نەتەوەیی پێشنیازی هەمواركردنی دەستووری كردبوو كە لە رێگایەوە پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە قەدەغە بكرێت كە خاوەنی 6 ملیۆن دەنگە و حزبێكی چەپی كوردییە.

لە دوای لێدوانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی دووبارە پشتیوانی بۆ گۆڕینی دەستوور و قسەكانی ئەردۆغان دووپاتكردەوە.

باخچەلی دەڵێت: ئێمە هاوڕاین لەگەڵ ئەردۆغان بۆ ئامادەكردنی دەستووری نوێ بۆ توركیا.

وتیشی: روونە كە توركیا پێویستی بە دەستووری نوێ هەیە، بۆیە روانین و بیری بزووتنەوەی نەتەوەیی لەم ئاراستەدایە.

ئەردۆغان خوازیاری چاكسازی گشتییە لە كۆمەڵگای توركیا بۆ ئایندە

لای خۆیەوە وەزیری دادی توركیا عەبدول حەمید گول لە تویتەر نووسی، دەستووری نوێ و مەدەنی و دیموكراسی ئامادە دەكرێت، ئەوە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی چاكسازی یاساییە بۆ ئایندەی خۆمان و منداڵەكانمان.

راشیگەیاند دەوڵەت دەستیكردووە بە چاكسازی لە ژێرخانی دەوڵەت و كۆمەڵگا، ئەردۆغانیش بەڵێنی داوە كە ساڵی 2021 دەبێتە ساڵی چاكسازی.

ئاماژەی بەوەشكرد هۆكاری گۆڕینی دەستوور بەهۆی ئەوەیە كە سەرچاوەی كێشەكانی توركیا كودێتاچییەكانی ساڵی 1960 بوون كە لەو كاتەوە دروستیان كردوون.


حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن بۆ روبەڕووبونەوەی ئەردۆغان دەستیان بە جوڵەكرد

لای خۆیەوە عەلی باباجان یەكێك لە سەركردە باڵاكانی پێشووی حزبەكەی ئەردۆغان و یەكێك لە سەركردەكانی ئێستای ئۆپۆزسیۆن لە حزبی پێشكەوتن و دێموكراسی دەڵێت، گفتوگۆ هەیە لەنێوان حزبە سیاسییەكان بە پەرەدان بە سیستمی پەرلەمانی و روبەڕووبونەوە لەگەڵ هەوڵەكانی ئەردۆغان بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێ.

باباجان بۆ كەناڵی ڤۆكس دەڵێت: بەردەوامن لەگەڵ سەركردەی دیكەی ئۆپۆزسیۆن كەمال كلیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی حزبی جەهەپەی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆكی حزبی خێر میرال ئۆكشنار و سەرۆكی حزبی ئایندە ئەحمەد داود ئۆغلۆ و ژمارەیەك لە رێكخراوە ناحكومی و پیشەییەكان پلانێك دادەنێن بۆ بەرەوڕوبوونەوەی دەستووری نوێی ئەردۆغان.

رەجەب تەیب ئەردۆغان و حزبەكەی كە باكگراوەندێكی ئاینی ئیسلامییان هەیە وردە وردە كار دەكەن بۆ گۆڕینی بنەكانی عەلمانی توركیا و ئێستا دەیانەوێت هەنگاوی گەورەتر بهاوێژن، كە پێشتر بەهۆی بەهێزی و زۆری دەسەڵاتی سوپاوە دەستبردن بۆ سیستمی عەلمانی توركیا بڤەبوو.

ماوەكانی ئایندە دیاری دەكات كە ئایا لەم قۆناغەی دوایی شەڕی ئەردۆغان لەگەڵ ركابەرەكانیدا كە شەڕی گۆڕینی دەستوورە و قورسە بەراورد بە ئەوانی دیكە، سەركەوتوو دەبێت یان نا.