سەردێر

لە ڕقی ترەمپ، دەیان بەرپرسی كۆمارییەكان وازدەهێنن

مینیسۆتا- ئەمریكا، لوقمان غەفوور

دەیان بەرپرسی كۆماریی كە لە ئۆفیسی پێشووی 43هەمین سەرۆكی ئەمریكا جۆرج دەبلیو بوش كاریانكردووە وازیان لە پارتی كۆماریی هێنا بەهۆی نیگەرانبوونیان لە پارتەكە، هەر لەشكستهێنانی ژمارەیەكی زۆر لەو سیناتۆرە نوێیانە لە هەڵبژاردنەكانی مانگی نۆڤەمبەری 2020 تا ئەو بانگەشە بێ بنەمایەی كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا دەربارەی ساختەكردنی هەڵبژاردن بڵاویكردەوە.

ئەو ژمارە بەرپرسە كە هەندێكیان لە پلەی بەرزی ئیداریدا بوون لەسەردەمی ئیدارەی بۆش-ی كوڕ، لە ڕێگەی ڕۆژنامەی هێڵ-ەوە دەڵێن: “ئومێدمان وابوو كە كەوتنی ترەمپ ببێتە پاڵنەرێكی باش تا سەركردایەتی پارتەكە سەرۆكی پێشوو تێپەڕێنێت و ئیدانەی ئەو لێدوانانەی ترەمپ بكەن دەربارەی ساختەكردن لە هەڵبژاردنەكانی 3ی نۆڤەمبەری 2020”.

لەگەڵ ئەوەی كە بەشێكی زۆری نوێنەرانی كۆمارەكان وابەستەن بە ترەمپ، بەڵام ئەم ژمارەی بەرپرسەی كۆمارییەكان دەڵێن: “ناگەڕینەوە بۆ ئەوەی كە لە پارتی كۆمارییدا چەند خزمەتمان كردووە، هەندێكمان خزمەتی پارتایەتیمان وازلێهێناوە، هەندێكی ترمان وەك كەسێكی سەربەخۆ ماوینەتەوە، بێئەوەی بەشداری ڕێوڕەسمەكانی ئەو پارتە بكەین”.

سەرچاوەیەك لە پارتی كۆمارییەكانەوە بە ڕۆیتەرز-ی ڕاگەیاندووە كە لەمانگی ڕابردوودا 60 بەرپرسی كۆماریی وازیان لەو پارتە هێناوە. دواهەمینیشیان ئاماژەی داوە بەو تیۆری پلانگێرییەی كە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران خاتوو (مارجۆری تایلۆر گرین) دەستی داوەتێ و بووەتە هۆی ئەوەی وازبهێنن.
لەهەمانكاتدا ڕوزاریو مارین، بەرپرسی پێشوو لەوەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا بە (نیوز سێرڤس)ی وتووە: “ئەگەر پارتەكە بەردەوام بێت لەگەڵ ترەمپ، ئەوا ئەوا زۆربەمان ناگەڕینەوە ناو ئەو پارتە”.

جیمی گرۆلی كە سیاسەتمەدارێكی بەتوانا و ژیری ئەمریكی و لەبنەڕەتدا ئیسپانییە، ئێستا مامۆستای كۆلێژی یاسایە لە زانكۆی نۆتردام. گرۆلی لەسەردەمی جۆرج دەبلیو بۆش-دا وەك بریكاری وەزارەتی خەزێنە بۆ هەواڵگری دارایی كاریكردووە. ئەو لە ڕێگەی پێگەی پۆلیتیكۆ-ەوە ڕەخنەی توندی لەكۆمارییەكان گرت و وتی: “كۆمارییەكانم پێشتر بەم شێوە نەناسیوە”. “بوون بە كۆیلەی ترەمپ” ئەو وەهای وت.

هەروەها كریستۆڤەر برۆسیل كە لە نووسینگەی پەیوەندییەكان لەسەردەمی جۆرج بوش كاریكردووە بۆ ماوەی شەش ساڵ بە ڕۆیتەرز-ی وتووە كە بڕیاریانداوە پارتەكە بەجێبهێڵن یان پەیوەندییەكانیان بپچڕن، ئەو دەڵێت: “ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەكە زیاددەكات”.

تەشەنەسەندنی ناكۆكییەكان لەسەر ترەمپ، باڵی كێشاوە بەسەر پارتی كۆمارییدا. پارتەكەی دابەشكردووە بۆ كۆماری میانڕەو و توندڕەو كە بە پرۆ-ترەمپ ناسراون. بەكێك لەو توندڕەوانە مارجۆری تایلۆر گرین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە. بەپێی ڕاپۆرتێكی سی ئێن ئێن، میتچ ماككۆنیل سەركردەی باڵای كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران، دوێنێ 1ی شوبات (فێبرایەر) هۆشداری زارەكی دا بە مارجۆری تایلۆر گرین كە بەتوندی ڕەخنەی گرت لە “درۆی بەشێك لە كۆمارییەكانی جۆرجیا و تیۆری پلانگێڕی” كە بە “شێرپەنجەی پارتەكە” وەسفی كردن.

بۆیە ماككۆنێل وتی: “درۆیەكی شێتانە، تیۆری پلانگێڕی شێرپەنجەی پارتی كۆماریی و وڵاتەكەمانن”.
ماككۆنێل ڕاستەوخۆ ناوی گرین -ی نەهێنا بەڵام لە ڕاگەیەنراوێكدا هۆشداریدا بەو ئەندامە كۆمارییانەی ئەنجومەنی نوێنەران كە بەم دواییە وەها توندڕەوانە قسەدەكەن.
بەڵام هەردوا بەدوای ئەم قسانەی ماككۆنێل، گرین لە تویتێكدا وەڵامی دایەوە و نووسی: “بە دڵنیایی شێرپەنجەی ڕاستەقینەی پارتی كۆماری ئەو كۆمارییە لاوازانەن كە تەنیا ئەزانن چۆن بەسەلامەتی دەدۆڕێن. ئەمان هۆكارن بۆ لەدەستدانی وڵاتەكەمان”.

كۆنتڕۆڵكردنی پارتەكە لەلایەن ترەمپ -ەوە بووەتە سەرچاوەی نائارامی زۆری كۆمارییە نیشتمانییەكان كە دەیانەوێت دەرچن لەو قەیرانەی كە ترەمپ لە 6ی كانوونی دووەم (یەنایەری) 2021 بۆی دروستكردن لە بەرامبەر هێرشكردنە سەر كاپیتۆڵ لەلایەن (پرۆ-ترەمپ)یەكانەوە.

كیڤن مككارسی (كۆماری لە كالیفۆرنیا) ڕەخنەی توندی لە دیموكراتییەكان و هەندێ باڵی میانڕەوی پارتەكەی گرت كە هەڵوێستیان دژی (مارجۆری تایلۆر گرین) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران گرتووەتەبەر لەبەرئەوەی بەرگری لە ترەمپ دەكات و وەك سزایەك لە لیژنەكانی نوێنەران دووریانخستووەتەوە.

گرین لە هەموو لیژنەكانی نوێنەراندا سڕكراوە بەهۆی لێدوانە توندەكانی كە لە قازانجی ترەمپ-ن، بەڵام لە تویتێكدا دەڵێت: “حەزدەكەم ئاگاداربن، ئەمە سزایەكی دەگمەن ئەبێت كاتێك كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەبنەوە بە زۆرینە لە دوای هەڵبژاردنی 2022”.