سەردێر

سنەوبەرەكانی مامەیارە لەناودەچن

سلێمانی – نزار جەزا

بەهۆی كەمتەرخەمی هەندێك هاوڵاتییەوە دارسنەوبەرەكانی مامەیارە بەرەو وشكبوون و لەناوچوون دەچن، هاوڵاتییە خەمخۆرەكانی ئەو گەڕەكە و شارەكەش بەم لەناوچوونە نیگەرانن و داواكارن بەكامێرای چاودێری كۆنتڕۆڵبكرێت، بۆئەوەی كەسانی كەمتەرخەم سزابدرێن.

گردی مامەیارە یەكێكە لەگردە دیارەكانی سلێمانی، كە ژمارەیەك دراسنەوبەری تێدایە و ساڵانە یادی نەورۆزی تێدا دەكرێتەوە و بەشێك لەهاوڵاتییانیش ڕۆژانە سەردانی دەكەن، لەبن سێبەری دارەكاندا پشوویەك دەدەن.

ئەم گردە بەناوی (یار ئەحمەد) كوڕی خدر بەگی هۆمەر ئاغای خەڵكی (هۆنەرێنە)یی ناونراوە، كە یەكێكە لەقارەمانەكانی دوازدە سوارەی مەریوان، پیاوێكی بەدین و لەخوا ترس بووە، چەخماخسازێكی دەستڕەنگین بوو، لەسەر وەسیەتی خۆی لەگردی (گوڵان) نێژراوە، كـە دواتر ناوەكەی گۆڕدراوە بۆ گردی مامەیارە.

لەو ساڵانەوە ئەم گردە دارسنەوبەری لێ نێژراوەو ساڵ لەدوای ساڵ گەشەی كردووە، بەڵام لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا، بەهۆی كەمتەرخەمی بەشێك لەهاوڵاتییان و كەسانی كەمتەرخەمەوە ئەم دارانە بەرەو لەناوچوون دەچن.

لە بەدواداچوونی لەناوچوونی دارسنەوبەرەكانی مامەیارەدا گەنجێكی ئەو گەڕەكە كە لەساڵانی زووەوە باوكی لەو گەڕەكەدا ژیاوە، وتی: باوكم بەڕەحمەتبێ منداڵ بووە، كە لەناو ئەم دارانەدا یاری كردووە، بەڵام بەداخەوە ساڵ لەدوای ساڵ ئەم دارانە بڕدرانەوە یان وشككران.

ئەوەشی باسكرد، نازانرێت ئایا گروپێك لەپشت سوتاندن و وشككردنی دارسنەوبەرەكانن، یان تەنها خەڵكی ئاسایی ئەم كارە دەكەن، بەڵام لەهەر بارێكدابێت، پێویستە ئەم دارانە لەلایەن شارەوانی و لایەنە حكومییەكانەوە خزمەتبكرێن، چونكە هەر دارێك بەبێ خزمەت لەناودەچێت.

چەند گەنجێكی دیكە خەریكی گوڵە بەڕۆژەخواردنبوون، وتیان: شەوانە هەندێك كەس بۆ خواردنەوەی مادە كحولییەكان لەناو دارەكاندا دادەنیشن، كاتێكیش سەرمایان دەبێت، دار لەوێ دەسوتێنن، كە ئەمەش دەبێتە هۆی سووتانی دارسنەوبەرەكان.

ئەو گەنجانە دەڵێن: هەوڵێك بۆ لەناوبردنی ئەو دارسنەوبەرانە هەیە، بۆیە پێویستە لانیكەم كامێرای چاودێری بۆ ئەو ناوچەیە دابنێن و هەركەسێك هەوڵی شێواندنی ئەو ژینگەیە بدات، دەستگیریبكەن و سزایبدەن، چونكە ناكرێت ئەم ژینگە‌و سروشتییە جوانە بشێوێندرێت.

دانیشتووانی ئەو گەڕەكە داواكارن گردی مامە یارە لەناو سروشتەكەی خۆیدا بكرێتە پاركێك و خزمەتگوزاری بۆ دابینبكرێت، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (خەڵك) ئەم گردە سەر بەبەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانییە، ئەگەر بكرێتە پاركێكی گشتی پێویستە بخرێتە سەر بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی، بۆئەوەی بیكەنە پاركێك، هەرچەندە لەم دۆخەشدا بەهۆی قەیرانی دارایی و كەمی خزمەتگوزارییەوە پاركێكی گەورەی وەك هەواری شار مەترسی وشكبوونی هەندێك لەسەوزایی و دارەكانی هەیە.

هێمن كەمەرخان بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە(خەڵك)ی وت: نزیكی ١٢ دار لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بڕدراونەتەوە، هەر لەوماوەیەشدا هەندێك كەس شەوانە بۆ خۆگەرمكردنەوە یان بەسەرخۆشی ئەو دارانە دەسوتێنن، ئەگەرنا هیچ مەبەستێك نییە كە ئەم ناوچەیە بكریتە پڕۆژەیەكی بازرگانی.

ئەوەشی باسكرد، مەفرەزەی گەڕۆك و پۆلیسی مەدەنییان لەو شوێنە هەیە، هاوڵاتییانی ناوچەكەش لەهەرحاڵەتێكدا هێزەكانی پۆلیس ئاگاداردەكەنەوە، بۆئەوەی سەرپێچیكاران دەستگیربكەن و سزابدرێن.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەپێی بەدواداچوونەكانیان، ئەو دارانەی سووتێنراون، زیان بەر رووپۆشی دارەكان كەوتووە، ڕەگی دارەكان زیانیان بەرنەكەوتووە، ئەگەرنا تائێستا بۆیان دەرنەكەوتووە كە نەوتیان لەژێردا ڕۆكرابێت.

 

بەپێی زانیارییەكان، لەماوەكانی ڕابردوودا كەسێك بەتۆمەتی بڕینەوەی یەكێك لەدارەكان دەستگیركراوە، دواتر دەستبەسەر كەلوپەلی داربڕینەوەكەیدا گیراوە و لەدادگا سزای یاسایی دراوە.
لەماوەی ڕابردوودا چەندجارێك دارسنەوبەرەكانی ڕێگای ڕاپەڕین و شاخی گۆیژە سووتێنران، ئەمەش ڕایگشتی و لایەنە بەرپرسەكانی لەسەر ئەم ڕووداوانە هێنایە سەرهێڵ و ژینگەپارێزان داوایان كرد، چیتر ڕێگەنەدرێت ژینگەی شارەكە بەمەبەستی كەسی بەكاربهێنرێت.