سەردێر

واشنتن لەبڕیاری كشانەوە پەشیمانە

خەڵك-

رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ لە زاری سەرچاوەكانیەوە لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن بڵاویكردەوە دەسەڵاتدارانی ئەمریكا لە واشنتن چاودەخشێننەوە بە بڕیاری ئیدارەی بۆ پێشوو بۆ كەمكردنەوەی هێزەكان لە ئەفغانستان و عێراق.

سەرچاوەكان لە پێنتاگۆن دەڵێن، بڕیاری سەرۆكی پێشووی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ بۆ كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان و عێراق پێویستدەكات لەسەر جۆ بایدن سەرۆكی نوێ هەڵسەنگاندنی نوێ بكاتەوە بۆ رۆڵی ستراتیژی ئەمریكا لە ئەو دوو ململانێیەدا.

لەو چوارچێوەیەدا لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری پلانی پێداچوونەوەی هەیە بە بڕیاری كشانەوەدا.

لای خۆیەوە جۆن كێربی بەڕێوەبەری نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری دەڵێت: تا ئێستا بڕیاری چاوپێداخشاندنەوە بە بڕیاری كەمكردنەوەی هێزە ئەمریكاییەكان دەرنەچووە لە ئەفغانستان و عێراق، بەڵام بەڕێوەبەرایەتییەكەی بایدن لە باشترین تێدەگات بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە ئەو دوو وڵاتەدا.

راشیگەیاند بەرەو ئەوە دەڕوات كە هەوڵدەدرێت بۆ پارێزگاری لە ئەمریكاییەكان لە هەڕەشەی تیرۆر بەبێ تێچووی زیاتر و لەئەم بارەیەوە هیچ گۆڕانەوە.

لای خۆیەوە وتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت: بڕیاری تایبەت بە كشانەوەی هێزە ئەمریكاییەكان دەدرێت بە پەیوەندیكردن بە دەسەڵاتدارانی عێراق و ئەفغانستانەوە.

لە 15ی ئەم مانگە پێنتاگۆن رایگەیاند سەرۆكی پێشوو ترەمپ دەڕوات بەرەو كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و ئەفغانستان بۆ 2500 سەرباز بۆ هەر یەكێك لە ئەو وڵاتانە.

كریستۆڤەر هێڵ هەڵسوڕێنەری پێشووی كاروباری وەزارەتی بەرگری رایگەیاند هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەمێننەوە بۆ گرەنتیكردنی شكستی داعش، پەنتاگۆن بەردەوام دەبێت لەسەر پلانەكەی دەربارەی كەمكردنەوەی هێزەكانی لە ژمارەیەك یەكەی سەربازی لە ئەفغانستان بۆ سفر بە گەیشتن بە مانگی ئایاری 2021.

لە 29ی شوباتی 2020 ئەمریكا و بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان رێككەوتن لە دۆحەی پایتەختی قەتەر.

بەپێی رێككەوتنەكە، پێویست دەكات ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی سەرجەم هێزەكانیان لە ئەفغانستان بكشێننەوە لە ماوەی 14 مانگدا و بە هیچ شێوەیەكیش خاكی ئەفغانستان بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایشی ئەمریكا بەكارنەهێندرێت.

لەلایەكی دیكەوە رووانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایكرد هێزەكانی ئەمریكا هێزی زیاتریان لە تانك و زرێپۆش رەوانەی بنكەی سەربازی دێرك لە ریفی حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان كردووە، مەفرەزەكانیشیان بە سنووری ناوچەكەدا دەسوڕێنەوە.

روانگەی سوریایی راشیگەیاندووە هاوكات جموجۆڵی هێزە ئەمریكاییەكان هەیە لە ماوەی 48 سەعات دا لەگەڵ دەنگۆی بنیاتنانی بنكەیەكی نوێی سەربازی ئەمریكایی لە ریفی دێرك لە سنوری نێوان سوریا و عێراق و توركیا.

ئەم جموجۆڵانەی هێزە ئەمریكاییەكان هاوكاتە لەگەڵ پلانی توركیا بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سنوری دێرك و شنگال.

زیادكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوا لە یەكەم رۆژی هاتنەسەركاری جۆ بایدن سەرۆكی نوێ دەستیپێكردووە پێچەوانەی بڕیارەكانی ئیدارەی پێشووی ئەمریكا كە بڕیاریدا بوو بە كشاندنەوە و كەمكردنەوەی هێزە ئەمریكاییەكان لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان.

بڕیاری كشاندنەوەی هێزە ئەمریكاییەكان و هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ توركیا بۆ هێرشكردنەسەر رۆژئاوای كوردستان لە پایزی 2019 لەلایەن ترەمپەوە، كاردانەوەی توندی نێوخۆیی ئەمریكایی لێكەوتەوە بەتایبەت بەشێك لە كۆنگرێسمانەكان و لایەنگران و بەرپرسانی حزبی دیموكرات.