سەردێر

شنگال و دێرك لە چاوەڕوانی هێرشدا

 

ئەنقەرە پلانی هێرشی نوێی بۆ سەر باشور و رۆژئاوای كوردستان هەیە و روسیاش هەوڵ دەدات رێككەوتنی ئەنقەرە و دیمەشق لە دەسەڵاتی رۆژئاوای كوردستان بێنێتەگۆڕێ، هاوكات ئەمریكاش هێز رەوانەی رۆژئاوا دەكات و لێبڕینیش لە مووچەی پێشمەگەی لیوا هاوبەشەكان بە یارمەتی دارایی ئەمریكا لە باشور هەڵگیرا.

شنگال و دێرك

هاوسەرۆكی دەستەی بەرگری لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باكور و خۆرهەڵاتی سوریا زێدان عاسی بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوارنیوز ئاشكرایكرد توركیا رانەوەستاوە لە هێرشەكانی بۆ سەر سوریا لە سەرەتای شۆڕشی سوریاوە، هێرشەكانی زیادیانكردووە لەگەڵ پێكهێنانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر.

زێدان دەڵێت: بە دوور نازانرێت هێرشی نوێبكرێت بۆ سەر ناوچەكە، هەر هێرشێكی نوێ واتا جەنگی بێ كۆتایی، ئەنجامی كارەساتباری لەسەر سوریا و ناوچەكە بە گشتی دەبێـت.

ئاشكراشیكرد توركیا بیر لە هێرشدەكاتەوە بۆ شاری دێرك لە رۆژئاوا بەرە و شنگال لە باشور، ئەمە زۆر مەترسیدارە.

جەنگی كراوە

هاوسەرۆكی دەستەی بەرگری لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باكور و خۆرهەڵاتی سوریا زێدان عاسی

زێدان عاسی رونیشیكردەوە لە حاڵی هێرشی توركیا یان هەر كردەیەكی دیكەدا جەنگ كورت نابێتەوە  تەنها لە دێرك، بەڵكو جەنگێكی كراوە دەبێت لەسەرانسەری سنوور لە دێركەوە بۆ عەفرین.

لە بارەی پرسیاری ئایا ئەو هێرشە بە رەزامەندی هێزە عێراقییەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێت، زێدان دەڵێت: هێرش ناكرێت بە بێ هەڵكردنی گڵۆپی سەوز لە عێراق بۆ چوونە نێو ناوچەكە.

داواشی لە هێزەكانی روسیا و سوریا كرد بەرپرسیارێتی هەڵبگرن رێبگرن لە هەر هێرشێكی نوێی توركیا بۆ سەر ناوچەكە، بۆیە دیمەشق كە بانگەشەی پاراستنی سنوری جوگرافی دەكات، لەسەری پێویستە رووبەڕووی هێرشەكان ببێتەوە، بەڵام لە حاڵی رێككەوتنی مۆسكۆ و دیمەشق لەگەڵ ئەنقەرە بۆ شكستپێهێنانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەنجامەكەی زۆر خراپ دەبێت بۆ سەر سوریا بە گشتی، خزمەت ناكات بە یەكپارچەیی سوریا.

ئاماژەی بەوەشكرد هێرشەكانی ئەم دواییەی توركیا بۆ سەر عەین عیسا شكستیان خوارد دوای هەوڵە زۆرەكانی.

ناوبراو هەڕەشەشی كرد وەك دەستەی بەرگری و هێزی سوریای دیموكرات بە توندی وەڵامی هەر هێرشێكی توركیا دەدەنەوە.

جموجۆڵەكانی ئەنقەرە

هەفتەی رابردوو خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا و یەشار گولەر سوپاسالاری سوپای توركیا سەردانی هەولێر و بەغدایان كرد بەپێی راگەیەنراوە فەڕمییەكان باس لە هەماهەنگی كراوە بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر.

بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانیش لە دیدارەكانی هەولێر و بەغدا باس كراوە لە ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆ سەر پەكەكە بە تایبەت لە شنگال و ئاستی هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا.

رۆژی هەینی لە دوای نوێژ لە ئیستەنبوڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند لە شەوێكدا كتوپڕ خۆیان دەكەن بە نێو شنگالدا.

دوای ئەو لێدوانە فڕۆكە جەنگی و بێ فڕۆكەوانەكانی توركیا ناوچەی باڵەكایەتی لە پارێزگای هەولێر، چەمانكێ لە پارێزگای دهۆك لە باشوری كوردستان و سنوری كۆبانێیان لە رۆژئاوای كوردستان بۆردومانكرد.

گرتنی سنوری عەفرین- شنگال تا سنوری پەیمانی میللی

ئەمینداری گشتی پارتی دیموكراتی كوردی سوریا شێخ باقی بۆ ئاژانسی هاوارنیوز دەڵێت: توركیا تا كۆتایی هەوڵدەدات بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەی بە گرتنی ناوچەكانی نێوان عەفرین تا شنگال.

دەشڵێت: توركیا داوای هاوكاری لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، كە ئەویش نەیكات ئەنقەرە خۆی دەیكات، ئەنقەرە چ دەكات؟، هەوڵ دەدات سنوری نێودەوڵەتی لە عەفرینەوە بۆ شنگال بگرێت، ئامانج لەمە گەمارۆدانی باكور و خۆرهەڵاتی سوریایە.

پلانەكەی مۆسكۆ

ئەمینداری گشتی پارتی دیموكراتی كوردی سوریا شێخ باقی

شێخ باقی رونیشیكردەوە ئەنقەرە هەوڵدەدات بۆ ناچاركردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ چوونە ژێرباری پلانەكانی مۆسكۆ و دیمەشق و ئەنقەرە، واتە فەرزكردنی ئەنجامی گفتوگۆكانی ئەستانا بەسەر بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، ئەم ئامانجە قۆناغێكی قوڵ و درێژخایەنە، لەگەڵ خۆقایمكردن لە شنگال و دواتر گەیشتن بە سنووری پەیماننامەی میللی لە ئایندەدا.

ئاماژەی بەوەشكرد روسیا هەوڵ دەدات ئاشتبوونەوە لەنێوان سوریا و توركیادا بكات، ئەنقەرە هەوڵدەدات بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر كۆتایی پێبێنێت، دیمەشق هەوڵدەدات بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە، ئەم هەوڵانە بە چاودێری روسیان.

جموجۆڵەكانی ئەمریكا لە باشور و رۆژئاوا

ئەم پێشهاتانە هاوكاتە لەگەڵ هاتنەسەر كاری جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و لە رۆژانی سەرەتایشەوە هێزی ئەمریكایی زۆر رەوانەی رۆژئاوای كوردستان دەكرێت.

هاوكات بە رێگەی هاوكاری ماڵی ئەمریكاوە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە دابەشكردنی مووچەی پێشمەرگەی لێوا هاوبەشەكان كە ئەمریكا سەرپەرشتی مەشق و راهێنان و پڕچەككردنیان دەكات، بەبێ لێبڕین.

خەڵك- بەشی هەواڵ