سەردێر

ماڵەكەی شێخ مەحموود نۆژەن ناكرێتەوە

لەسلێمانی 106 خانوی كەلەپوری هەیە و لەو ژمارەیە 50 خانووی روخێندراون و كراون بە گەراجی ئۆتۆمبێل یان باڵەخانەی بازرگانی.

سلێمانی ـ نزار جەزا

نزیكی پێنج ساڵە كاركردن لەنۆژەنكردنەوەی ماڵەكەی شێخ مەحمود ڕاگیراوە و لەئێستاشدا پێویستی بە نزیكی 35 ملیۆن دیناری دیكەیە، بۆئەوەی بەتەواوی نۆژەنبكرێتەوە.

كەلەپور و شوێنەوار یەكێكە لەبنەماكانی مانەوەی مێژو و ناسنامەی هەر میللەتێك، بەڵام گەڕەك و خانووە كۆنەكانی سلێمانی بەرەو لەناوچون دەچن، بەجۆرێك لەكۆی 106 خانوو تەنها 5 خانوو نۆژەكراونەتەوە و 50% ی خانووەكانیش لەناوچوون، بۆیە خەمخۆرانی ئەم شارە داوای پاراستنی خانووە كۆنەكان دەكەن، بۆئەوەی سیمای شارەكە تاڕادەیەك وەك خۆی بمێنێتەوە.

No description available.

شێخ مەحموود شێخ سەعید شێخ محەممەد ڕابەری چەندان ڕاپەرینی كوردی بوو دژی هێزی بەریتانی لە كوردستان. ئەو شێخی ڕێبازی قادرییە بوو لە خێزانی بەرزنجی لە شاری سلێمانی و لە زۆربەی راپەڕینەكاندا، بە پاشای كوردستان ناوبراوە.

ماڵەكەی شێخ یەكێكە لەماڵە دیار و كەلەپورییەكانی سلێمانی كە پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیە، بۆئەوەی بكرێتە شوێنێكی گەشتیاری و كەلەپوری و وەك مۆزەخانەیەك بەكاربهێنرێت.

No description available.

ڕێباز مەحمود ئەندازیاری تەلارسازو سەرپەرشتیاری پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی ماڵەكەی شێخ مەحمودی نەمر لەشاری سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێش قەیرانی دارایی دەستكرا بەنۆژەنكردنەوەی ماڵەكەی شێخ مەحمود، بەمەبەستی ئەوەی ئەو ماڵە لە لەناوچوون بپارێزن و وەك شوێنێكی مێژوویی بمێنێتەوە و بكرێتە شوێنێكی تایبەت بەشوێنەوار، بەڵام لەگەڵ دەستپێكردنی قەیرانی دارایی نەتوانرا كاری تێدابكرێت.

No description available.

زیاتر ڕوونیكردەوە، نزیكی ساڵ و نیوێك كار لەو ماڵەدا كرا، دواتر لەكۆتایی ساڵی 2015دا كاركردن لەپڕۆژەكەدا ڕاگیرا بەهۆی قەیرانی داراییەوە، دواتریش دەرخستەیان بۆ خێرخوازان، جێگری كونسوڵی ئەڵمانیا، پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی شارەوانی و گەشوگوزار و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار كردووە، بەڵام هێشتا هیچ پارەیەكیان بۆ پڕۆژەكە تەرخاننەكردووە.

No description available.

ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا ئەم پڕۆژەیە لەسەدا 75ی تەواوبوە، ئەمەش كە تەواوبووە بەهۆی تێپەڕبوونی نزیكی پێنج ساڵ بەسەریدا دووبارە پێویستی بەنۆژەنكردنەوەیەكی دیكەیە.

نزیكی 35 ملیۆن دیناری دیكە پێویستە بۆئەوەی ئەم پڕۆژەیە بەتەواوی نۆژەنبكرێتەوە، بەڵام بەوتەی ئەو ئەندازیارە تاكو ئێستا هیچ ئومێدێك نییە، بۆئەوەی ئەمساڵ ئەو پارەیەی بۆ خەرجبكرێت.

No description available.

ئەوەشی باسكرد، لەئێستا كاری كارەبایی سەر گەچ و زەوییەكەی و سەقفەكەی دەبێت كاری تێدابكرێت، هەروەها باخ و باخاتەكەی كاری تێدانەكراوە، هاوكات بەشی پێشەوەی بۆ پێشوازی پێویستە كاری تێدابكرێت، بەدەر لەئەمانە بەشێك لەئەوانەی كراون پێویستە دووبارە نۆژەنیبكەنەوە.

No description available.

بەپێی ئامارێك، كە لەڕێكخراوی بوژانەوەی كەلەپوری كورد وەرگیراوە، لەسلێمانی 106 خانوی كەلەپوری هەیە، كە هەندێكیان مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبونی سلێمانی لەساڵی 1784، ئەمانەش لەدوای ساڵی 2003ەوە یونسكۆ كردونی بەموڵكی مرۆڤایەتی، واتە نابێت بڕوخێندرێن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لەو ژمارەیە 50 خانووی روخێندراون و كراون بە گەراجی ئۆتۆمبێل یان باڵەخانەی بازرگانی.

هەر بەپێی ئامارەكە، تەنها 56 خانووی كەلەپوری ماوەتەوە، لەم ژمارەیەش تەنها 17 خانووی لەلایەن كابینەی پێنجی حكومەتی هەرێمەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی كڕدراونەتەوە و پێنج خانووی لێ نۆژەنكراوەتەوە، واتە لەو 56 خانووە كە ماوەتەوە 51 خانووی لەژێر هەڕەشەی لەناوچوندان.

ڕێباز مەحمود ئەوەشی ئاشكراكرد، لەئێستادا كاركردن لەهەموو پڕۆژەكانیاندا وەستاوە، تەنها هەوڵی تاكەكەسی و خێرخوازی هەیە، بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بەڵام بڕیارە دەزگای مرۆیی مام بینای كەلەپوری ئوتێل سەعادەت و چایخانەی شەعب نۆژەنبكاتەوە، هەروەها كاتێك گەراجێكی ئۆتۆمبێل دروستدەكرێت، ڕازییاندەكەن كە بینا كەلەپورییەكەی پەنا خۆیەوە نۆژەنبكاتەوە.

مێژوو و ناسنامەی هەر میللەتێك پەیوەستە بەمانەوەی شوێنە كەلەپووری و شوێنەوارییەكان، كە پێویستە حكومەتی هەرێم كاری جدی لەسەر هێشتنەوەی ئەو شوێنانە بكات.

No description available.

No description available.

No description available.

No description available.