سەردێر

سەرما نرخی نەوتی سپی لە بازاڕەكانی هەرێم بەرزدەكاتەوە

سلێمانی ـ نزار جەزا
نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێك ئێستا نرخەكەی نزیكی سێ هێندەی ئەو نەوتەی حكومەتی عیراقە، كە دەیداتە حكومەتی هەرێم، بۆئەوەی بەسەر خێزانەكانی هەرێمی كوردستاندا دابەشی بكات.

عەلی ئەحمەد، لێپرسراوی سووتەمەنی خزمەت بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێشتر نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی بە 105 هەزار دینار بەهاووڵاتییان دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا نرخ بۆ 115 تا 120 هەزار دینار بەرزبۆتەوە.

نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی، كە حكومەتی هەرێم لەحكومەتی عیراقی وەردەگرێت و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشیدەكات بریتییە لە 44 هەزار دینار، ئەمەش تاڕادەیەك ڕێگری كردووە لەوەی نرخی بەرمیلێك نەوت لەبازاڕەكاندا بەرزتر ببێتەوە.

لێپرسیراوی سوتەمەنی خزمەت ئاماژەی بەئەوەشدا، بەهۆی دابەزینی بەهای دینار و هاتنی سەرماوسۆڵەوە نرخی نەوت بەرزبۆتەوە، بەڵام ئەگەر حكومەتی هەرێم خێراتر نەوت بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشبكات، ئەوا نرخ دادەبەزێتەوە.

ڕۆژانە حكومەتی عیراق نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێم دەنێرێت، كە بۆ هەر شارێك چەند تەنكەرێكی كەمە و هەر تەنكەرێك ٣٦ هەزار لیتری تێدایە و بەشی هەموو هاووڵاتیان ناكات.

بۆئەوەی هەر خێزانێكی هەرێمی كوردستان ساڵانە بەرمیلێك نەوتی سپی پێ بدرێت، پێویستە 150 ملیۆن لیتر نەوتیان بۆ تەرخان بكرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم ئەم مافەی هاووڵاتییان ناخاتە ئەستۆی خۆی و حكومەتی عیراقیش تەنها 50 ملیۆن لیتر نەوت دەنێرێت، واتە بەشی تەنها یەك لەسەر سێی خێزانەكانی هەرێم دەكات.

لەئێستادا نەوت بەشێوەیەكی زۆر خاو بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەكرێت و بەهۆی ئەم خاو دابەشكردنەوە، نرخی بەرمیلێك نەوت لەبازاڕدا نزیكی سێ هێندەی ئەو نەوتەیە، كە حكومەت بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی دەكات.

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی پشتی بەحكومەتی عیراق بەستووە، كە ڕۆژانە چەند تەنكەر نەوتێكی بۆ بنێرێت و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشیبكات.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبەرواری 4\9\2019 كۆبۆوە، كە تێیدا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد، كە پێش هاتنی وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دابەشبكرێت، كە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەكان دەستپێبكرێت.

نزیكی ساڵێك و چوار مانگ بەسەر ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیراندا تێپەڕیوە، واتە دوو زستان بەسەر ئەم بڕیارەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا هاووڵاتییان نەوتیان وەرنەگرتووە.

هەرێمی كوردستان ناوچەیەكە، كە لەڕووی جوگرافییەوە هەر چوار وەرزەی ساڵی تێدا دەردەكەوێت، بۆیە لەناوەڕاستی وەرزی پاییز تاكو دەگاتە بەهار هاووڵاتییان پێویستییان بەنەوت هەیە بۆ خۆگەرمكردنەوە لەناو سەرمای ئەم وەرزەدا.